تڕەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنی ئێرانی خۆیان پەیوەندییان پێوە کردوون و پەرۆشن بۆ رێککەوتن. گفتوگۆکان لەلایەن جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆفەوە بە شێوەیەکی "بێ کەموکوڕی" بەڕێوەچوون. تڕەمپ جەختی کردەوە کە ئەگەر مۆڵەتە 5 ڕۆژییەکە بەبێ رێککەوتن کۆتایی بێت، بۆردومانەکان تا لەناوبردنی تەواوەتی بەردەوام دەبن.
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە مەرجی ژمارە یەک، دوو و سێی ئەوان ئەوەیە کە ئێران "هەرگیز" نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەو ئاشکرای کرد کە ئەگەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا نەبوایە، تاران لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا دەبووە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی.
تڕەمپ باسی لەوە کرد کە گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران بە شێوەیەکی "ئۆتۆماتیکی" روویداوە چونکە زۆربەی بەرپرسانی پێشوو نەماون. سەبارەت بە موجتەبا خامنەیی، وتی: "نازانم لە ژیاندا ماوە یان نا، بەڵام من وەک رێبەر ناناسم." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا بەدوای مۆدێلێکی نوێی سەرکردایەتیدا دەگەڕێت هاوشێوەی ئەوەی لە ڤێنیزوێلا روویدا.
لە ڕووی ئابوورییەوە، تڕەمپ مژدەی دابەزینی کتوپڕی نرخی نەوتی دا و رایگەیاند کە گەرووی هورمز بەمزووانە دەکرێتەوە. ئەو پێشنیاری "کۆنترۆڵکردنی هاوبەشی" گەرووەکەی کرد لە نێوان خۆی و ئەو کەسەی دەبێتە "ئایەتوڵڵای داهاتوو".