ئێران: زیانەکانی جەنگ گەیشتووەتە 270 ملیار دۆلار
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، فاتیمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران بە ئاژانسی تەسنیمی رایگەیاند، خەمڵاندنە سەرەتاییەکانیان بۆ قەبارەی ئەو زیانانەی بەهۆی جەنگەوە بەر وڵاتەکەیان کەوتووە دەگاتە 270 ملیار دۆلار.
موهاجەرانی ئاماژەی بەوە دا، ئەو ژمارەیە کۆتایی نییە و تیمی ئابووری سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی وردترن بۆ دیاریکردنی قەبارەی زیانەکان. روونیشی کردەوە، قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان و تیمی دانوستانکاری ئێران لە کۆبوونەوەکانی ئیسلام ئاباد بەدواداچوونی بۆ دەکات.
حکوومەتی تاران جەخت لەوە دەکاتەوە بە رێگەی یاسایی و نێودەوڵەتی کار بۆ وەرگرتنی قەرەبووی زیانە گیانی و ماددییکانی جەنگ دەکات.