ماکرۆن: قسەم لەگەڵ ترەمپ و پزیشکیان کرد و پێویستە گەرووی هورمز بێ مەرج بکرێتەوە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا (وێنە: AFP)
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا (وێنە: AFP)

سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرای کرد، پەیوەندیی بە سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکی ئەمریکاوە کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و پاراستنی ئاگربەست، هاوکات میوانداریکردنی کۆنفڕانسێکی هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا راگەیاند بۆ پێکهێنانی هێزێکی دەریایی بە مەبەستی پاراستنی گەرووی هورمز.

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، دوێنێ گفتوگۆی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە.

ماکرۆن داوای کردووە دانوستانە هەڵپەسێردراوەکانی ئیسلام ئاباد دەست پێ بکەنەوە و لێکتێنەگەیشتنەکان چارەسەر بکرێن، هەروەها خۆیان لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی نوێ بەدوور بگرن. ئاماژەی بەوە دا، زۆر گرنگە سەرجەم لایەنەکان بە تەواوی پابەندی ئاگربەستەکە بن و لوبنانیش بگرێتەوە.

سەرۆکی فەرەنسا روونیشی کردەوە، بە هەمان شێوە زۆر پێویستە گەرووی هورمز بەبێ هیچ مەرج و کۆتوبەند و باجێک بە زووترین کات بکرێتەوە. ئەوەشی خستە روو، لە ژێر ئەو مەرجانەدا دەبێت دانوستانەکان بە خێرایی و بە پاڵپشتیی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەست پێ بکەنەوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ماکرۆن ئاشکرای کرد، رۆژی هەینیی داهاتوو، 17ـی نیسانی 2026، فەرەنسا و بەریتانیا لە پاریس لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە میوانداریی کۆبوونەوەیەک دەکەن. تێیدا ئەو وڵاتانە کۆ دەبنەوە بەشداریی جەنگەکەیان نەکردووە، بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە پێکهێنانی ئەرکێکی فرەلایەنەی بەرگری بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز کاتێک دۆخی ئەمنی رێگەی پێ دەدات.