ئەمڕۆ شەممە، 25ـی نیسانی 2026، مەحموود قەماتی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حزبوڵڵای لوبنانی، لەبارەی بەڕێوەچوونی دانوستانی نێوان هەردوو حکوومەتی لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە واشنتن؛ وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ماڵپەری کوردستان24ـی دایەوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حزبوڵڵای لوبنانی بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، بە هەموو شێوەیەک دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەکەنەوە. روونیشی کردەوە، ئەم هەنگاوە وەک داننانە بە دوژمن و پێچەوانەی یاسای بایکۆتکردنی ئەو وڵاتەیە لەلایەن پەرلەمانەوە.
قەماتی ئاماژەی بەوە دا، نەبی بەری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان بە هەمان شێوە دژی گفتوگۆی راستەوخۆیە و تەنیا پشتگیری لە پرۆسەی ناڕاستەوخۆ دەکات. ئەوەشی خستە روو، دانوستانەکانی ئێستا سەرکەوتوو نابن لەبەر ئەوەی حکوومەتی لوبنان بەبێ بوونی هیچ خاڵێکی بەهێز چووەتە ناو پرۆسەکەوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسی باسی لەوەش کرد، فشارە دیپلۆماسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریکا لە ماوەی 15 مانگی رابردوودا بە تەواوی شکستیان هێناوە و ناکرێت هەمان ئەزموون دووبارە بکرێتەوە. هەروەها دووپاتی کردەوە، چیتر بێدەنگ نابن و وەڵامی هەر سەرپێچییەکی ئیسرائیل دەدەنەوە لە هەر شوێنێکەوە بێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا قەماتی رایگەیاند، هەوڵەکانی حزبوڵڵا بەردەوام دەبێت تاوەکوو رزگارکردنی یەکجاریی خاکی لوبنان و ئەزموونی ساڵی 1982 سەلماندی داگیرکاری تەنیا بە هێز تێکدەشکێت نەک مێزی گفتوگۆ. سەبارەت بە پرسی چەکیش ئاماژەی بەوە دا، رێگە بە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی نادەن و ئەم بابەتە تەنیا لە نێوان هێزەکانی ناوخۆ و سوپای لوبنان چارەسەر دەکرێت بەبێ دەستوەردانی وڵاتانی تر.