ترەمپ: ئێران ئامادەی جێبەجێکردنی داوکارییەکانمانە

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئێران ئامادەیی نیشان داوە بۆ ئەنجامدانی دانوستان و بە نیازە پێشنیازێک بخاتە روو کە سەرجەم داواکارییەکانی واشنتنی تێدا جێبەجێ بکرێت.

هەینی، 24ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"، چەند پێشهاتێکی نوێی سەبارەت بە دۆخی پەیوەندییەکان و پرۆسەی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران ئاشکرا کرد.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئارەزووی خۆی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆ دەربڕیوە، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر لە نێوان هەردوو وڵاتدا 

ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد، کە بەرپرسانی تاران ئێستا لە ئامادەکاریدان بۆ ئەوەی پێشنیازێک بخەنە بەردەم واشنتن، کە ئامانج لێی جێبەجێکردن و قبووڵکردنی ئەو داواکارییانەیە کە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە روو و جێگەی بایەخی کۆشکی سپین.

سەبارەت بە ئاستی گفتوگۆکان و ئەو کەسانەی بەشدارن لە پرۆسەکەدا، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو بەرپرسە ئەمریکییانەی کە ئێستا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن سەرقاڵی دانوستانن لەگەڵ ئێرانییەکان، راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکەن کە لەم قۆناغەدا جڵەوی دەسەڵات و بڕیاردانیان لە تارانی پایتەخت بەدەستەوەیە.