عەرەبستانی سعوودییە دەستبەرداری یەكێك لە پیرۆزییەكانی بوو

عەرەبستانی سعوودییە دەستبەرداری یەكێك لە پیرۆزییەكانی بوو
عەرەبستانی سعوودییە دەستبەرداری یەكێك لە پیرۆزییەكانی بوو

بۆ یەكەمین جارە  شانشینی عەرەبستانی سعوودییە دەستبەرداری نەوت دەبێت وەك یەكێك لە سەرچاوە پیرۆزەكانی داھات. ئەمەش لە چوارچێوەی دیدێكی ستراتێجییە، كە شانشینەكە ناوی لێناوە "دیدی شانشینی سعوودییە تا 2030"، ئەم دیدگەیە جێ پەنجەی كەسانی وەك پیاوە گەنجە بەھێزەكەی ناو دەسەڵاتی شانشینی عەرەبستانی بەسەرەوەیە، كە چاوەڕوان دەكرێت لە دوازدە ساڵی داھاتوودا ببێتە یەكەمین پیاوی شانشین كە ئەویش "میر محەممەد بن سەلمانی" جێنشینی جێنشینی پادشای عەرەبستانی سعوودییە. كە لەھەمان كاتدا جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری بەرگرییە.

ئەم پیاوە ستایلێكی نوێی نەوەیەكی تازە پێگەیشتووی میر و شازادەكانی شانشینەكەیە؛ ئەمەش زۆر بە جوانیی دەردەكەوت كاتێك لە 25-4-2016 لە چوارچێوەی دیدارێكی تایبەتی كەناڵی ئەلعەرەبییەدا– توركی دەخیل – زۆر ئاسایی پرسیاری راشكاوانە و شپرزەكاری ئاراستە دەكرد، بەلام شازادە محەممەد تەمەن 31 ساڵ، كە باوكی پادشای دەوڵەمەنترین وڵاتی جیھانە، بە زەردەخەنەو بەبێ شپرزەیی وەڵامی دەدایەوە. بەتایبەت كە پێی گوت - ئایە ئەو چاكسازییانەی بەھۆی جێبەجێكردنی ئەو دیدگەیەوە دێنەكایەوە میر و شازادەكانیش دەگرێتەوە، ئەویش لە وەڵامدا وتی "بەلێ گفت بێت بەخوا من لە خۆمەوە دەستپێدەكەم".

یەكەمین ھەنگاوی جێبەجێكردنی ئەو دیدگەیە فرۆشتنی لە 5%ی پشکەکانی كۆمپانیای "ئارامكۆ" بوو، لە کاتێکدا بەهای کۆمپانیاکە 7 ترلیۆن ریالی سعوودییە. دووەم ھەنگاوی دیدگەكە بریتییە لەوەی عەرەبستانی سعوودییە چیدیكە بۆ دابینکردنی داھات تەنیا پشت بە فرۆشتنی نەوت نەبەستێت، بەڵكوو دەیانەوێ سعوودییە لەسەر ئاستی جیھان ببێتە گەورەترین وەبەرھێنەر. (سندووقی وەبەرھێنان لە سعوودییە بتوانێت لە 13% ی وەبەرھێنان لە جیھان کۆنتڕۆڵ بکات). ئێستا كە لە 30% ی بازرگانیی دەریاوانیی جیھان لە رێگەی سعوودییەوە ئەنجام دەدرێت. بە دروستکردنی پردی شا سەلمان لە نزیك ھەردوو دوورگەی سەنافیر و تیران، شانشینەكە دەبێتە خاوەن گرنگترین رێڕەوی دەریایی بۆ بازرگانیی لە جیھان. ئەمانە ھەموو بەشێکن لەو خەونەی شانشینەكە کە خوازیارە دەست بەسەر بەشێكی فراوانی وەبەرھێنان لە جیھاندا بگرێت .

ئەو دیدگەیە دەیەوێت عەربستانی سعوودییە چیدیكە تەنیا وەك دەوڵەتێكی داخراو نەمێنێتەوە. بەڵكوو دەیەوێت بەرووی جیھاندا بكرێتەوە. وەك شازادە محەممەد بن سەلمان وتی ئەویش لە رێگەی بایەخدان بە گەشتووگوزار و كرانەوەی وڵاتەكەیان بەرووی ھەموو میللەتان و نەتەوەکانی جیھان. ئەوان بەنیازن لە ماوەی پێنج ساڵدا "سیستمی گرینكارت" پەیڕەو بكەن تا خەڵكانی دیكە بتوانن بۆ ماوەی زۆر درێژتر لە وڵاتەكەیاندا بمێننەوە. ئەو شازادەیە دەیگووت: "چیدی نابێت وابزانرێت كە مێژووی عەرەبستانی سعوودییە لە سەرهەڵدانی ئیسلامەوە دەستپێدەكات. بەڵكوو لەسەر خاكی ئەوان شارستانییەت مێژوویەكی ھەزاران ساڵەی پێش ئیسلامی ھەیە. دەبێت ئەو شارستانییەتانە بە جیھان بناسێنین، ئەو دەیگووت : "ئەمڕۆ لەسەردەمێكداین كە چیدی زانیاریی ناشاردرێتەوە و"شەفافییەت لە ھەموو شتێكی دیكە گرنگترە".

كاتێكیش توركی دەخیل  لێی پرسیی كە ئاخۆ گرەنتی چییە بۆ جێبەجێكردنی ئەو دیدگەیە. شازادە محەممەد گوتی (خەڵكە)، ئەو زیاتر گوشاری بۆ ھێناو لێی پرسیی ئەی ئەگەر ئەو ستراتیجە لە بەرژەوەندیی دەوڵەمەندەكاندا نەبوو؛ شازادە گەنجەكە لە وەڵامدا وتی: "ئەوكات ئەوان دەبێ خۆیان رووبەڕووی خەڵك و شەقام بكەنەوە؛ چونكە ئامانجی دیدگەكەمان خۆشگوزەرانیی و بەرزكردنەوەی ئاستی ژیان و ئاستی گوزەرانی خەڵكە".

لەوێدا من بۆم دەركەوت كە ئەم شازادە گەنجە بۆچی ھێندە بە متمانەوە قسە دەكات، دەركەوت پشتی بەو ژمارە زۆرەی خەڵكی چینی مامناوەند و ھاوڵاتییانی كەمدەرامەت بەستووە كە لەو دیدگەیە كەڵكی زیاتر وەردەگرن. نەك بە پێچەوانەوە؛ ھەربۆیە پێدەچێ لە ماوەی 12 ساڵی داھاتوودا ئێمە شاھێدی دەركەوتنی عەرەبستانێكی سعووددیی نوێ ببین؛ بەتایبەت كە ئەو شانشینە سێ هێزی ستراتیجی ھەیە كەلەوەدا یارمەتیدەری دەبێت: لەسەر ئاستی عەرەبیی و ئیسلامیی (بوونی مەكە و مەدینە)، دووەم:  لەسەر ئاستی ئابووریی و سەرمایەگوزاریی؛ سێیەم لەسەر ئاستی پێگە جوگرافییەكەی .