سۆسیال دیموکرات: کاراکردنەوەی پەرلەمان لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانە
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، داوای تەبایی و کاری هاوبەشی لە نێوان هێزە سیاسییەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی کرد بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکڕیزیی نیشتمانی، هاوکات سەرکۆنەی کەمکردنەوەی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان و سیاسەتە داراییەکانی حکوومەتی عێراقی کرد.
رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، لە هۆڵی کوردستان لە گوندی گوڵەخانەی سەر بە ناوچەی شارەزوور، بە سەرپەرشتیی محەممەد حاجی مەحموود، کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.
بە پێی راگەیەنراوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبەکە، لە بەشی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، محەمەد حاجی مەحموود جەختی لە سیاسەتی نەگۆڕی حزب بۆ چەسپاندنی تەبایی و دیالۆگی نیشتمانی کردەوە، بە تایبەت لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، بە ئامانجی پێکهێنانی حکوومەتی یەکڕیزیی نیشتمانی و پاراستنی سەروەری و دەستکەوتە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان.
پەیوەست بە دۆخی دارایی و مافەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سەرکۆنەی کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجەی گشتیی عێراقدا کرد و ئەم هەنگاوەی بە دەرئەنجامی ئەو سەرژمێرییە ناوبرد کە بەهۆی دیارینەکردنی نەتەوەوە زیانی گەورەی بە پێگەی دیمۆگرافیی کورد گەیاندووە.
سەبارەت بە دامەزراوەی یاسادانان، کۆبوونەوەکە بە کۆی دەنگ پشتگیریی لە سەرۆکی فراکسیۆنی حزبی سۆسیال دیموکرات لە پەرلەمانی کوردستان کرد، بۆ داواکارییەکەی لە سەرجەم پەرلەمانتاران تاوەکو بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا بکەن و کارای بکەنەوە؛ وەک هەنگاوێک بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و رووبەڕووبوونەوەی بڕیارە نادەستوورییەکانی دادگاکانی بەغدا دژی مافەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردران.
لای خۆیەوە ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنەکان کردبوو بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بن، هەروەها داوایەکی دیکەی لە فراکسیۆنەکان کردبوو، تاوەکو دووشەممەی هەفتەی داهاتوو ناوی کاندیدەکانیان بۆ دانانی لیژنەکانی پەرلەمان پێشکەش بکەن، بە تایبەت لیژنەی یاسایی.