ئاشتی لەڕێگەی کردارەوە

ئاشتی لەڕێگەی کردارەوە
ئاشتی لەڕێگەی کردارەوە

" ئاشتی لە ڕێگەی کردارەوە، و گۆڕانکاری دەبێت لە مێشکەوە دەست پێ بکات، بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی، نەک تەنیا بەرژەوەندی حزبی و شەخسی ".  

ئەمە پوختەی دیدگەیەکی مەسرور بارزانی بوو، لە پانێلی کۆتا ڕۆژی کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک، لە کاتێکیشدا بوو، پارتی دیموکراتی کوردستان، تەنیا پێش هەفتەیەک بوو، لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، زیاتر لە ملیۆنێک دەنگی بەدەست هێنابوو، یەکەمین حزبی براوەی سەرانسەری عێراق بوو . 

ئەنجامە فەرمییەکانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەلماندوییانە کە پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراقە، چونکە (یەک ملیۆن و سەدویەک هەزارو سێسەدو پەنجاو حەوت دەنگی بەدەست هێناوە) کە هیچ حزبێکی عێراقی دیکە نەیتوانیوە بەتەنیا ژمارەیەکی وا بەدەست بهێنێت، ئەمە هێز و گەورەیی پارتی نیشان دەدات، و بووە جێی سەرسامی زۆرێک لە چاودێران و هێزە سیاسییەکان، بەڵام پارتی بۆ ئەو دروشمەی بەرزکردەوە و بۆ توانی بیکات بە کردار؟ بۆچی بۆ حزبێکی وەکو پارتی دروشمێکی ئاسایی بوو؟. 

لە دانیشتنەکانی مێپس دا، مەسرور بارزانی، بەو مەنتقییە عەقڵانییەی کە پێی ناسراوە، زۆر بەجوانی گوزارشتی لەوەکرد، کاتێک گوتی: "لەو هەڵبژاردنەدا خەڵک دەنگی بە خزمەتگوزاری داوە".  

هەربۆیە ئەو سەرکەوتنە، تەنیا بەدیهێنانی یەک لە دروشمە(جێی مشتومڕەکانی) هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پارتی نەبوو، بەڵکو بەدیهێنانی هێزێکی دیکەشە بۆ پارتی، هێزێکی نەرم، کە دەیخاتە پاڵ ئەو خاڵە بەهێزانەی دیکە کە پارتی هەیەتی، بەڵام پارتی بڕوای بە تەوازوعی هێز هەیە، ساڵی 2016، لە چاوپێکەوتنێکمدا لەگەڵ بیرمەندی ناسراوی عێراقی ((حەسەن عەلەوی)) لە وەسفی بارزانی نەمردا گوتی، ((مەلا مستەفا خاوەنی تەوازووعی هێزە))، ئێستاش بێگومان پارتی هەربەوە ناسراوە کەبڕوای بەو(( تەوازووعەی هێزە)) هەیە، ئەو تەوازووعی هێزە،لە گوتاری سەرۆک بارزانی دا لە رۆژی یەکەمی دانیشتنەکانی کۆڕبەندی مێپس دا، دیسان زۆر بە جوانی دەرکەوتەوە، کە زۆر لە سەرکردە سایسییەکانی ئێستای عێراق ئامادەبوون و ڕاستەوخۆ هەستیان بە هێزی مەنتقی قسەکانی سەرۆک کردو، تەوازووعی هێزی بارزانییەکانیان هەست پێکردەوە، وێڕای ئەو سەرکەوتنەی کە پارتی  بەدەستی هێنابوو، سەرۆک بارزانی هیوای خواست کە "ئەو هەڵبژاردنەی چەند ڕۆژ لەمەوبەر کرا، ڕێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ڕێچکەی دروست و پرۆسەی سیاسیی لە عێراق بگەڕێتەوە بۆ ڕێچکەی ڕاست و دروستی خۆی، بۆ ئەوەی چیتر کێشە لە نێوانماندا نەمێنێت".

لەگەڵ هەموو ئەو ڕاستیانەدا کە عێراقییەکان خۆیان باش دەیزانن و ناتوانن ئینکاری لێ بکەن، ڕەنگبێ هێشتا بگوترێت کە پارتی بەو زیاتر لە ملیۆن دەنگە چی پێدەکرێت و دەیەوێت لەماوەی داهاتوودا چی پێ بکات؟ 

پارتی دیموکراتی کوردستان بە دیدێکی ڕوونترەوە، بەهێزێکی جەماوەری زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی هەڵبژاردنەوە، بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێراوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، لەکاتێکدا دیدێکی ڕوونتر دەخاتەڕوو، پرسیاری چارەنوسسازی نوێش، دەخاتە ناو کایەی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراقیش، دەشتوانێت پرسیاری نوێ بخاتە بەردەم چارەنووسی دیموکراسی بوون و فیدراڵی بوون و بە دەستووری بوونی عێراق، ئەو دیموکراتییەی کە ئەمەریکا و جیهان لە 2003ـەوە بۆ عێراقیان هێناوە، ئەم قسەیە بۆ دیموکراسییەکەی هەرێمی کوردستانیش ڕاستە، بەهەمان شێوە حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و دیموکراسییەکەی هەرێمی کوردستانیش دەخاتە بەردەم پرسیاری نوێ لە چەشنی، کە: (ئایە هێنانی دەنگی زۆری دەنگدەران و بەدەستهێنانی کورسییەکان، لە هەڵبژاردنەکاندا هیچ بایەخێکیان نییە؟ ئایە ئەگەر بایەخیان نییە ئیتر ئامانج لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە عێراق و لە کوردستان بۆچی یە؟) .   

لە عێراقێکدا کە دەستوور جێبەجێ ناکرێت، و لەرێگەی یاسایەکی سەپێنراوی ((هەڵبژاردنەوە))، پەرلەمانەکەی عێراق بە بێ گوێدانە ((هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان)) و بەبێ ویستی هەرێمی کوردستان تێپەڕێندراوە، زۆرینەیەکی وا لە پەرلەمان سەپێنراوە. 

هەربۆیە ئەمڕۆ کە پارتی ملیۆنێک زیاتر دەنگی هیناوە، ژمارەی کورسییەکانی سنوردارکراودەبێت و رێگەی پێنادرێت لە پەرلەمانی عێراقدا هاوپەیمانێتیەکی زۆرینەی وا دروست بکات ، کە بتوانێت بەرگریەکی باشتر لە ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کورستان بکات، گەمەی زۆرینەی هێزە شیعەکان وایان کردووە کە ئەوان چیان بوێت ئەوە دەبێت، هەربۆیە تەنیا مەرجی پارتی بۆ هاوپەیمانی کردن جێبەجێکردنی دەستوورو گۆڕینی یاسای ئێستای هەڵبژاردنە. 

بەڵام ئایە دەکرێت کۆتایی بەو هاوکێشە زاڵمانەیە بهێنیت؟ ئامانجێکی وا بۆ ئەو هێزە ئەستەم نابێت، کە توانی دروشمەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن بکات بە واقع، و ناڵێت خزمەتی خەڵک دەکەین، بەڵکو بەبەڵگە دەڵێت بەئەنجامدانی ئەو پرۆژانە خزمەتی خەڵکمان کردووە( ناڵێین دەیکەین، دەڵێین کردمان) .    

مەسرور بارزانی، هەرلە پانێلەکەی سێیەم ڕۆژی کۆڕبەندی مێپس دا وەڵامی زۆر لەو پرسیارانەشی دایەوە، کاتێک گوتی " یەکەمین گۆڕانکاری دەبێت لە مێشکەوە دەست پێ بکات، کاتێک تۆ باوەڕت بۆ دروست بوو ئەوکات ڕێگەیەکیش دەدۆزیتەوە بۆ ئەوەی بیکەیت بە کردار، هەربۆیە دەمانەوێت ئاشتی لەڕێگەی کردارەوە بەدیبهێنین، دەبێت زۆرچاومان لە خەڵکی خۆمان بێت لەڕوویی نەتەوەیی و نیشتیمانییەوە نەک تەنیا چاومان لە بەرژەوەندی شەخسی و حزبی بێت".  

دەتوانین لەم دیدگەیەی مەسرور بارزانی یەوە، لەوە تێبگەینکە پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ،لانیکەم لە چوارساڵی داهاتوودا لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیشدا هەوڵدەدات چی بکات ؟ لەگەڵ هاوکێشە و کێشمەکێشمە سیاسییەکانی عێراق و ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش چۆن مامەڵە دەکات.