سى و سێ ساڵ تێدەپەڕێ بە سەر ئەنفالكردنی بارزانییەكان

"تەنیا روفاتی نزیكەی 600 یان گەڕێندراونەتەوە باوەشی نیشتمان"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/bbab1a01-edfb-41e4-9091-95a1cb416e4e/anfali%20barzani.ism/manifest

K24-هەولێر

لە كۆتایی مانگی تەمموزی ساڵی 1983 نزیکەی ھەشت ھەزار پیاو و كوڕی بارزانیی لە سەر دەستی رژێمی بەعسی پێشووی عێراق بێسەروشوێن كران، تاكوو ئێستاش بنەماڵەكانیان قەرەبوو نەكراونەتەوە و تەنیا روفاتی نزیكەی 600 كەسیان گەڕێندراونەتەوە باوەشی نیشتمان.

ئێستاش چەند ساڵێک بە سەر جینۆساید ناساندنی ئەنفالکردنی بارزانییەكان لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقدا تێدەپەرێ، بەڵام ئەمە وەک کەسوکاری بەشێک لە قوربانییەکان دەڵێن تەنیا بڕیارێك بووە و لە لاپەڕەكان نووسراوە.

بە گوتەی ئەندامێکی بنەماڵەی ئەنفالكراوەكانیش تاكوو ئێستا ئەم بڕیارە نەك كاری پێنەكراوە، بەڵكوو جیاوازیی زۆریش كراوە لەنێوان بنەماڵەی ئەنفالكراوەكان.

رێبوار رەمەزان عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری شەھیدان و ئەنفالكراوانی دەڤەری بارزان دەڵێ: تاكە گوناھی خەڵكی دەڤەری بارزان، بارزانی بوون و كوردبوونیان بوو، پیاوانی ئەم هۆزە لە تەمەنی 14 تا 80 ساڵی بردران و بێسەر و شوێن كران.

یەك لەو كەسانە كە لە ئێوارەی ئەو رۆژە لە دایكبووە باس لە گرفت و ئاسەواری دوای ئەو كارەساتە دەكات كە بە سەر ژنانی بارزانیی ھاتووە.

پارێزەری كەیسی ئەنفالکردنی بارزانییەكان كە لە ساڵی 2011 ئەم كەیسەی بردە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق و بە جینۆسایدی ناساند نەیشاردەوە كە حكوومەتی عێراق ئەم كەیسەی پشتگوێ خستووە.

33 ساڵ تێدەپەرێ بە سەر ئەنفالكردنی بارزانییەكان لە ھەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەوەی كەیسی بارزانییەكان و جنیۆسایدكردنیان لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق دانی پێنراوە، بەڵام بە گوتەی لایەنی پەیوەندیدار و کەسوکاری قوربانییەکان هێشتا ئەم بڕیارە سوودی لێوەرنەگیراوە و بەشێکی زۆری کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی بارزان هێشتا چاوەڕوانی گەڕاندنەوەی روفاتی کەسوکاریانن بۆ باوەشی نیشتمان و هەمووشیان دەخوازن دەوڵەتی عێراق مافەکانیان دەستەبەر بکات.