لەعێراق زیاتر لە (300) ملیار دۆلار بەهەدەردراون

رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی: تەنیا لە رێگەی دەروازە سنوورییەکان 100 ملیار دۆلار دەرچووە

ئاڵای عێراق
ئاڵای عێراق

K24 - هه‌ولێر:

رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، راپۆرتێكی نوێی لەبارەی قەبارەی گەندەڵییەكانی عێراق بڵاوكردەوە و جارێكی دیكە پەردەی لەسەر ژماره‌یه‌ك گەندەڵی لادا، ئاماژەی بەوە كرد، عێراق لە گەندەڵیدا لە نێوان (180) وڵات، ریزبەندی (160)ـه‌مینی وه‌رگرتووه‌‌، سەرەڕای گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانیش، قەرز و كورتھێنانی بودجە بووەتە بارگرانییەكی دیكە لەسەر ئابووری عێراق.

رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، چەند جارێكە پەردە لەسەر گەندەڵییەكان و پارە بەھەدەراوەكانی عێراق لادەدات، لەنوێترین راپۆرتیدا روونیكرده‌وه‌، لە ساڵی (2003)ه‌وە تا ئێستا زیاتر لە (300) ملیار دۆلار بەھەدەردراوە، لەكاتێكدا عێراق بەردەوامە لە وەرگرتنی قەرز لە بانكە جیھانییەكان، بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییە داراییەكانی، كە بەھۆی گەندەڵی و بەھەردەردانی سامانەوە دووچاری بووەتەوە.

رێكخراوە نێودەوڵەتییەكە ئاماژەی بەوەش كرد، عێراق ھێشتا لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە، كە زۆرترین گەندەڵیان تێدایە و بەگوێرەی ئەو راپۆتانەی دەستیان كەوتووە، لە (18) ساڵی رابردوودا، تەنیا لە رێگەی دەروازە سنوورییەكانی زیاتر لە (100) ملیار دۆلار لە عێراق دەرچووە.

بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، عێراق لە نێوان (180) وڵاتەوە، لە پلەی (160)ـەمینە و بەمەش دەبێتە یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین گەندەڵی تێدا كراوە.

رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی ئاشكرای كرد، جگە لەوەی عێراق پێشەنگە لە گەندەڵی و بەھەدەرانی ئەو داھاتەی دەستیدەكەوێت، لەھەمانكاتدا ئابووری عێراق لەژێر كورتھێنانی بودجە و قەرزی دەرەكییەوە، دووچاری گەورەترین كێشەی دارایی بووەتەوە و تێچووی پڕكردنەوەی ئەو كورتھێنانەش ساڵانە چەندین ملیار دۆلارە.

بەگوێرەی ئامارەی حكومەت و لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق،  بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت، ئابووری عێراق دووچاری كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی داھات بووەتەوە و كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆناش بارگرانی زیاتری لەسەر حكومەت دروستکردووە، بەجۆرێك زیاتر لە (40) ملیار دۆلار كورتھێنانی لە بودجەی (2021) ھەبووە و قەرزی دەرەكیش (23) ملیار دۆلارە، جگە لەو (40) ملیار دۆلارەی لە (2003)ـه‌وە تائێستا لەسەر عێراق كەڵەكە بووە.

د.ی