داوای لایه‌نی سێیه‌م بۆ رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كرێت

داوا لە ھاوپەیمانەكان كراوە رۆڵی خۆیان ببینن

داوای لایەنی سێیەم دەكرێت بۆ رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا
داوای لایەنی سێیەم دەكرێت بۆ رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا

K24 – ھەولێر:

حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەموو ھەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی عێراق بە گوێرەی یاسا و دەستوور رێككەوێت، ھەرچەندە رێككەوتنەكانی عێراق بەردەوام لە ژێر فشاری سیاسیدا بوونە و لە رێككەوتنەكانی رابردوو ھیچ كات حكومەتی عێراق پابەندی ئەو رێككەوتنانە نەبووە كە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئەنجام دراون. بە رای چاودێرانی سیاسی گرنگە ئەم جارە لایەنی سێیەم چاودێری رێككەوتنەكان بكات بۆ ئەوەی روون بێت كە رێككەوتنەكان تا سەربن.

حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەموو ھەوڵێكی رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق دەدات، ئەگەرچی رێككەوتنەكانی عێراق بەردەوام لەژێر فشاری سیاسیدان، ئەزموونی رابردوو ئەوەی دەرخستووە، لە عێراق شتێك نییە بەناوی رێككەوتنی تا سەر.

حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەر لەسەرەتای دەستپێكردنی گفتوگۆكانەوە داوایكردووە، كە لایەنی سێیەم لە رەوتی گفتوگۆكان بەشدار بێت، بۆ ئەوەی لایەنی كەمتەرخەم ناچار بكرێت پابەندی رێكەوتنەكان بێت، بۆ ئەمەش داوا لە ھاوپەیمانەكان كراوە رۆڵی خۆیان ببینن.

لەماوەی رابردوودا، چەندین رێككەوتن لەنێوان حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق واژووكراون، بەڵام لەپڕ رێككەوتنەكان پێشێلكراون، بەغدا ئەو شایستە داراییانەی راگرتووە، كە مانگانە بۆ ھەرێمی كوردستانی رەوانە دەكرد، دواھەمینیان راگرتنی ئەو 320 ملیار دینارەی مانگانە بوو، كە بەپێی رێككەوتنی نێوان ھەردوولا بۆ ھەرێمی كوردستان دەھات.