رووسیا: واشنتن هەوڵ دەدات لە دانوستانەکانی ئۆکرانیا بکشێتەوە
بەرپرسێکی رووسی رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵ دەدات لە دانوستانەکانی چارەسەری کێشەی ئۆکرانیا پاشەکشە بکات، چونکە درکی بەوە کردووە کە ئەنجامەکانی جەنگەکە لە بەرژەوەندی مۆسکۆدایە.
شەممە 6ـی حوزەیرانی 2026، ئەنتۆن کۆبیاکۆڤ، راوێژکاری سەرۆکی رووسیا، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "سپۆتنیک" رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی ئاگری ئەم ململانێیەی هەڵگیرساند و هەمووانی تێوەگلاند، ئێستاش وا نیشان دەدات کە دەتوانێت نێوەندگیری بکات".
کۆبیاکۆڤ گوتیشی: "ئەمریکا هەوڵ دەدات لە دانوستانەکان سەبارەت بە ئۆکرانیا پاشەکشە بکات؛ مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە راشکاوی دەڵێت: هیچ سوودێک لەوەدا نابینین".
بە گوتەی راوێژکارەکەی سەرۆکی رووسیا، پێشنیازی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ توندترکردنی سزاکان لەسەر وڵاتەکەی، سەرچاوەی لەوەوە گرتووە کە بە روونی درکیان بەوە کردووە ئەنجامی جەنگەکە لە بەرژەوەندی رووسیا کۆتایی دێت.
ئەمە لە کاتێکدایە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاندبوو، دەیەوێت پێش هاتنی وەرزی زستان، لە پرۆسەی گفتوگۆکانی ئاشتیدا لەگەڵ رووسیا بچێتە پێشەوە.
هاوکات ئەو دانوستانانەی کە ئەمریکا نێوەندگیری تێدا دەکردن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی، راوەستاون؛ ئەمەش لەکاتێکدایە واشنتن ئێستا زیاتر سەرنجی لەسەر ململانێیەکانی پەیوەست بە ئێرانە نەک رووسیا و ئۆکرانیا.