
ئاسۆ عه‌بدوللـه‌تیف
نووسەر
چیرۆكی شانزه‌ی سێ.. ساتی كیمیاباران
"ئه‌و دوو رۆژه‌ی پێش كیمیایی باران هاتینه ده‌ره‌وه له ژێرزه‌مین و تازه به تازه ئێمه پاسدار و سه‌ربازی ئێرانیمان ده‌بینی هاتبوونه ناو گه‌ڕه‌كه‌كان، ته‌یار و ئاماده‌بوون، چه‌كه‌كانیان ژێرسێ بوو، جیاوازبوو له چه‌كی پێشمه‌رگه"

ئه‌وه‌نده سته‌م و نادادیی به‌عس و چیرۆكی خوێناویی جه‌نگ و كوشت و كوشتاریی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق و ئێران و شۆڕشی چه‌كداریی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كورد و پێشمه‌رگه‌مان بینی بوو، هه‌م له شار و هه‌م له گونده‌كانی خۆمان، هه‌ستمان به قۆناغی فیسیۆلۆژیی مێردمنداڵی و چێژ و خه‌یاڵه جوانه‌كانی گه‌نجێتی نه‌كرد.
ئه‌وه قه‌ده‌ری سه‌خت و تراژیدیی گه‌نجان و لاوانی هه‌ڵه‌بجه بوو به درێژایی نیو سه‌ده‌ی رابردوو، بۆیه گرنگه له یادی 33 ساڵه‌ی مه‌رگه‌ساتی كیمبایارانكردنی ئه‌و شاره‌دا. ئه‌جێندایه‌كی تایبه‌ت هه‌بێت بۆ كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه و كۆمه‌ڵێك كۆڵه‌گه و چه‌مكی بنچینه‌یی و یاسایی و مرۆیی بۆ دابنرێت له‌وانه (به‌دادگایی گه‌یاندنی بكه‌رانی كاره‌ساته‌كه و تێوه‌گلانی كاراكته‌ره بیانی و ناوخۆییه‌كان) به كڕینی چه‌كی كۆكوژ و قه‌ده‌غه‌كراو و به جینۆساید ناساندنی به فه‌رمی له دادگای باڵای تاوانه‌كان و دادگای ته‌میزی عێراقی و په‌رله‌مانی عێراق و تاوه‌كو ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه و قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی زیانه رۆحی و مه‌عنه‌ویه‌كان زامن بكرێت و هه‌ڵه‌بجه وه‌ك سه‌رمایه‌ی ره‌مزی و رووگه‌یه‌كی سیمبولیك و ره‌گه‌زێكی گرنگی كاره‌ساتباری مێژوو بۆ سه‌ده‌ی رابردوو دیكۆمێنت بكرێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقه‌وه. چونكه به‌بێ كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه و ره‌هه‌نده سایكۆلۆژیی و مرۆیی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كاره‌ساته‌كه، دۆزی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی كوردیش گرفتێكی ئایدۆلۆژیی و هزریی هه‌یه، وه‌ك چۆن هۆلۆكۆست بۆ جوله‌كه و مانگی موحه‌ڕه‌م و نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا بۆ شیعه‌كان و هێرۆشیماو ناكازاكی بۆ یابانیه‌كان و كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌ن بۆ ئه‌رمه‌نیه‌كان و كۆمه‌ڵكوژیی دێرسیم بۆ باكوریه‌كان، ئاوا ده‌بێت شانزه‌ی سێی هه‌ڵه‌بجه‌ش ره‌مزو رووگه‌بێت بۆ كورد و كوردستانیان و عێراقیه‌كان و سوود له‌و سه‌رمایه ره‌مزیه وه‌ربگرین.
چیرۆكی سه‌ره‌تا
من ته‌نها باسی دوو ئه‌ڵقه‌ی درامایه‌ك ده‌كه‌م له ده‌وروبه‌ری گه‌ڕه‌ك و كۆڵانی خۆمان له هه‌ڵه‌بجه‌ی پێش ساته‌كانی كیمیابارانكردن، كه ماڵمان نزیك سه‌رای كۆن و ته‌نیشت ماڵی كه‌ریم به‌گ بوو، واته دوو رۆژ پێش ئه‌وه‌ی كه رژێمی به‌عس له به‌ره‌به‌یانی 16/3/1988 دڵره‌قانه هه‌ڵه‌بجه كیمیایی باران بكات. ئه‌و دوو رۆژه به دیداری پێشمه‌رگه شادبووین و شار ئازاد بووه به‌ده‌ستی كورد‌و سوپای پاسداران، یه‌كێتی و پارتی و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له ناوشاردا بڵاو بوون، سوپای عێراق تێك شكابوو به جۆرێك بۆ یه‌كه‌مین جاربوو سوپای زه‌به‌لاحی رژێمی به‌عس به‌و جۆره شكۆی بشكێت. سه‌ربازانی عێراق كه له سه‌ربازگه‌یه‌كی پشته‌وه‌ی ماڵی ئێمه بوون كه به" مه‌عه‌سكه‌ره‌كه" ناوی ده‌ركردبوو، بێ حاڵ و ماڵ و برسی ئه‌سورانه‌وه به گه‌ره‌كه‌كانی شاردا، خه‌ڵك له رێی خوا، نان و ئاویان پێ ئه‌دان و خزمه‌تیان ئه‌كردن، پێشمه‌رگه و پاسداری ئێرانی ته‌واو تێكه‌ڵی یه‌كتری بوون، مه‌رزه‌كانیان ته‌نی بوو بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی شار نه‌چنه ده‌ره‌وه‌و ئاواره‌ی ئێران نه‌بن، ئه‌و چه‌ند رۆژه به بڵنگۆ، هاوار هاوار بوو، كه شار ئازادكراوه‌و حوكمی زاتیمان وه‌رگرتوه‌و ترس نه‌ماوه له به‌عسیه‌كان و ئه‌من و ئیستیخبارات و گرتن و راوه‌دونان، ته‌نانه‌ت تۆپبارانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه له هه‌ردوو سنوریی شاخی" دزڵی و درۆڵه" كۆتایی هاتبوو كه خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ی هه‌راسان كردبوو.
پێشتر ئه‌م تۆپبارانه‌ی سوپای ئێرانی بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه ته‌واو دانیشتوانی بێزار كردبوو، قوربانیه‌كی زۆریشی خسته‌وه له ناو هه‌ڵه‌بجه و چه‌ندین ماڵ سووتان و كوڕ و منداڵیان شه‌هید بوون به‌هۆی ئه‌م تۆپه دوورهاوێژانه‌وه، ئێمه‌ش هه‌میشه خۆمان ئه‌خزانده ژێر زه‌مینه‌كه‌ی ماڵی خوالێخۆش بوو حاجی حه‌مایزی ده‌لاك، به خاوخێزان، خۆمان و ئه‌وان و یه‌ك دوو ماڵی تر، له‌و ژێرزه‌مینه چه‌ندمه‌ترییه‌دا بووین له‌ترسی تۆپبارانی ئێران و تا ساتی كیمیایی بارانه‌كه‌ش هه‌ر له‌و ژێرزه‌مینه‌دا ماینه‌وه.
ئه‌و دوو رۆژه‌ی پێش كیمیایی باران هاتینه ده‌ره‌وه له ژێرزه‌مین و تازه به تازه ئێمه پاسدار و سه‌ربازی ئێرانیمان ده‌بینی هاتبوونه ناو گه‌ڕه‌كه‌كان، ته‌یار و ئاماده‌بوون، چه‌كه‌كانیان ژێرسێ بوو، جیاوازبوو له چه‌كی پێشمه‌رگه، كه ته‌نها كڵاشینكۆف و ئار پی كه‌ی بوو، ته‌نانه‌ت قیناعی دژه كیمیایی و كامێرایان پێ‌بوو بۆ رووداوی نه‌خوازراو، هه‌ندێك له‌و پاسدارانه میوانداریی ده‌كران و خواردنیان پێ ئه‌درا، ئێمه‌ی گه‌نج، كه به‌هۆی خۆشه‌ویستی بۆ پێشمه‌رگه‌و كلێته‌و پوزه‌وانه و چه‌ك و فیشه‌كله‌قه‌كانیان، هه‌میشه حه‌زمان ده‌كرد وه‌ك ئه‌وان بین و بپۆشین، ته‌نانه‌ت حه‌زیشمان له چه‌ك و فیشه‌ك و دوربین بوو، كاتێكمان زانی، شار خرۆشا، راپه‌رین ته‌واوی شاری گرته‌وه تا نزیك پردی زه‌ڵم، ته‌واوی جاش و ئه‌من و ئیستیخبارات یان رایانكرد یان ته‌سلیم بوون به پێشمه‌رگه‌و ئێران، ته‌واوی فه‌رمانگه‌كانی به‌عس تاڵانكران و ده‌ستیان به‌سه‌رداگیرا ده‌توانین بڵێین ئه‌و ساته‌وه‌خته ساته‌وه‌ختی یه‌كه‌مین به‌ردی بناغه‌و بزیسكی راپه‌رینی 1991 بوو، ئێمه‌ی گه‌نج بۆ نه‌فرین كردنی ئه‌من و ده‌سته‌و دائیره‌ی به‌عسیه‌كان و سیاسه‌تی نه‌گریسی رژێم، رژاینه سه‌رجاده‌كان و هوتافی ئازادی و دیموكراسیمان ئه‌وته‌وه، بێ ئاگا له‌وه‌ی سوپای عێراقی توڕه‌یی گه‌شتۆته ئاسمان و رق ده‌بارێنێت و خۆیان ئاماده‌كردوه بۆ قڕكردن و ئیباده‌كردنی جه‌ماعی هه‌ڵه‌بجه.
كاتێك ده‌چووینه ژووری ئه‌من و ئیستیخبارات و فه‌رمانگه‌كانی به‌عس، هه‌ستمان به سامناكی و ترسێكی په‌نهان ده‌كرد، بۆ ئێمه بینینی ئه‌و ده‌رگا و په‌نجه‌ره و باره‌گا سووتاوانه‌ی به‌عس پڕ له یاده‌وه‌ریی بوو كه رۆژانێك نه‌مان ئه‌توانی به لاچاویش سه‌یریان بكه‌ین، ئه‌و ساتانه هه‌ڵه‌بجه شارێكی پڕ له خه‌م و خامۆش بوو، هیوایه‌كی تیا نه‌مابوو بۆ ژیان.
ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی كه نزیك بوون له ماڵی خۆمانه‌وه، له‌گه‌ڵ یه‌ك دوو هاورێم یه‌ك به‌یه‌ك گه‌راین به‌ناویانداو ته‌نانه‌ت من رۆشتمه ئه‌و جێگایه‌ی ناو قایمقامیه‌تی كۆنی هه‌ڵه‌بجه، كه بینایه‌كی به‌ردین بوو، قولله‌ی زۆری تێدابوو وه‌ك قه‌ڵا كۆنه‌كان، قوللـه‌یه‌كی قووڵ و قووچه‌كی به خشتچنراوی بۆ ئاسمان هه‌ڵكشاو هه‌بوو، به راستی ترس ئه‌نگێز بوو، كه به‌رزكرابوویه‌وه به خشت و به‌ردی نه‌قاریی و په‌نجه‌ره‌ی تاریكی هه‌بوو به‌رووی قوتابخانه‌ی سانه‌ویی كچان و به‌رامبه‌ر به مونه‌زه‌مه‌ی حیزبی به‌عس، ئه‌یانوت ئێره شوێنی قه‌ناره‌ی تاوانباران و پێشمه‌رگه‌یه، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌متوانی په‌تی سێداره‌و قه‌ناره‌كه‌ی ببینم ره‌نگه وه‌ك خه‌یاڵاتی مناڵ‌یش وێنام كردبێت.
چیرۆكی كیمیایی بارانه‌كه
ساتی كیمیایی بارانه‌كه‌یه و فرۆكه‌كان له به‌یانیه‌وه ئه‌سووڕێنه‌وه به ئاسمانی هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زووردا بۆ كیوماڵكردن تا ژه‌هره‌كه‌ی خۆیان بڕێژن به‌سه‌ر شاردا، چه‌ند ساته‌وه‌خێكی حه‌زین و ته‌ماویی و كاره‌ساتباربوو، یه‌كه‌م بۆمب و چه‌كی كیمیایی درا له هه‌ڵه‌بجه، شار یه‌ك پارچه بوویه دووكه‌ڵی سپی، من خه‌ریكی راكردن بووم له‌سه‌ر جاده‌ی گشتی سه‌را، ماڵ به‌ماڵ ده‌رگا داخراو بوو، خۆم گه‌یانده حه‌وشه‌ی ماڵی حاجی عێزه‌تی دراوسێ، دواتر زوو هاتمه ده‌ره‌وه‌و به‌ره‌و ژێر زه‌مینه‌كه‌ی ماڵه دراوسێ حاجی حه‌مایزی ده‌لاك رۆشتمه‌وه، من كه پێشتر له‌به‌رده‌م ماڵی حاكمه‌كان وه‌ستابووم له‌به‌رده‌م ده‌رگای سه‌راو قایمقامیه‌ت، كه ده‌نگ و شریخه‌و ناڵه‌ی بۆمبه‌كان هاته به‌رگوێم، ئه‌م دیمه‌نانه‌م بینی، ئاسمانێكی تاریك و خه‌مهاوه‌ر، قیژه‌و ده‌نگی فرۆكه‌و بۆمب، خوێن و بریندار‌و شه‌هید، پاسدارێك له‌به‌رده‌می مندا لاقێكی په‌ڕی و خوێنی لێ ده‌چوو، كاك فه‌خره‌دینی سه‌ید محه‌مه‌دی هاورێم بینی له‌به‌رده‌م ماڵی حاكم، پارچه‌یه‌ك به‌رپشتی كه‌وتبوو، هه‌ر ئه‌وكات بیستم دڵشادی كاك عه‌لی ته‌به‌ی بۆینی هاوڕێم شه‌هید بووه، كۆڵان دوكه‌ڵ و تۆز‌و بۆنی بارووت و كیمیایی گرتبوو، لاقێك و ئه‌ژنۆیه‌كی ره‌شی بڕاو، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ته‌نورێك ده‌رهاتبێت كه‌وتبوویه نزیك ماڵی ئێمه‌و دوایی بیستم به‌داخه‌وه قاچی بڕاوی خوشكێكی دراوسێمان بوو كه كه‌وتبوویه به‌ر هێرشی فرۆكه، ئه‌وكات بۆنێكی نامۆ كه‌وته ناخ و مێشكم نه‌مده‌زانی بۆنی چییه‌و چۆن ته‌فسیری بكه‌م تا گه‌شتمه‌وه لای باوكی ره‌حمه‌تیم و ناو ژێرزه‌مینه‌كه. خێرا مامۆستای باوكم، ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ی ژێرزه‌مینی قه‌پات كرد‌و به‌تانی و په‌رۆی ته‌ڕی ئاماده‌كرد بۆ لوتمان و ئه‌وكات زانیم كیمیاییه‌و رژاوه‌و كۆتایی چیرۆكی ئه‌م ژیانه‌یه، ماینه‌وه تا ئێواره له‌و ژێر زه‌مینه‌و ئێواره‌ش كه هاتینه ده‌ره‌وه، هاتوچۆی فرۆكه‌و ده‌نگی قه‌سف و بۆمب، كۆتایی هاتبوو، به گه‌ڵابه‌یه‌كی مانی سوور، كه هی كوڕی حاجی حه‌مه عه‌لی دراوسێمان بوو، به‌په‌له‌و به شپرزه‌یی و ترسه‌وه، په‌رۆی ته‌ڕ به ده‌م و لوتمانه‌وه، تاریك و لێڵی ئێواره سواربووین و تا كه‌وتینه رێ زیاتر تاریكی كرد‌و بیست خێزانی تر په‌یوه‌ستمان بوون و سواری هه‌مان گه‌ڵابه بوون، ناو گه‌ڵابه‌كه‌ش چه‌ندین برینداری له‌خۆگرتبوو هاوار هاوار و گریان گریان ئه‌و ناوه‌ی ته‌نی بوو، په‌یمان خانی حه‌سه‌ن گراڵی كه ئێستا له ژین‌دا ماوه یه‌ك له‌و بریندارانه‌بوو، خوێنی لێ ده‌رۆشت، به‌و جۆره به پشتی شاخی سه‌ركه‌شی شنروێدا سه‌ركه‌وتین بۆ لوتكه‌و له‌وێوه بۆ هاواره كۆن و ئیتر به‌و تاریك و نوته‌كه‌ی شه‌و، به‌پێ كه‌وتینه رێ بۆ گوندی ده‌ره‌توێ و پاش مانه‌وه‌مان شه‌وێك له‌و گونده، بۆ به‌یانی كه‌وتینه رێ به‌ره‌و شاخی گاكوژه‌ی سه‌رسنوورو دووئاو له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و دیوی ئێران تا گه‌شتینه شاری پاوه‌و له‌وێوه بۆ كامیاران و سونگوری كولیایی و ئیتر مه‌رگه‌ساتی ژیان و ئازاره‌كان نه‌ك كۆتاییان هات به‌ڵكو به ره‌نگی تر درێژه‌ی كێشا و به‌هارو نه‌ورۆزی ئه‌و ساڵه بۆ ئێمه بوویه جه‌رگبڕترین نه‌ورۆزی ته‌مه‌ن و هه‌رگیز له‌یادمان ناچێته‌وه.
چیرۆك كۆتایی نه‌هاتووه..
سڵاو بۆ رۆحی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌و نه‌مریی بۆ شه‌هیدانی كوردستان