کورد و دیمەشق؛ هیلالی سوننی

دیمەشق- سووریا
دیمەشق- سووریا

ئەوەی لە سووریا ڕووی دا، پلان و شۆڕش و بەرژەوەندییە پێکەوە، بۆ زیندووکردنەوەی شکۆی سوننەکان و مانابەخشینەوە بە خەلافەتی مۆدێرنی سوننی، بۆیە کاریگەریەکانی ئەم جەنگە بە خێرایی دەردەکەون.

پەرەسەندنەکانی دوای کەوتنی دیمەشق بریتییە لەوەی سوننە ڕادیکاڵە عەقائیدیەکان، واتە گرووپی چەکدارکراوی ڕاهێنراوی بەهێز دەستەی تەحریری شام بە نموونە، نەک بازنەی ڕێخراوی ئیخوان موسلیمین و حزبی میانڕەوی خێرخواز، ڕۆڵیان پێ بدرێتەوە لەبری هێزگەلی پەروەردەیی و ئیرشادیی و دەعەویی کە ئەمەریکا تەحەفوزی هەیە لە بارەیانەوە، پاشان سەلەفیە جیهادیە مەنهەجی و مەزهەبییەکان و ئیسلامی عیرفانی و تەریقەتەکان کارا بکرێنەوە بۆ ئەم دۆخە، بە جۆرێک خاوەنی دەوڵی قوڵ بن و گەمەکەری بنەڕەتی بن لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورد بە هەردوو هەرێمی فیدڕاڵی باشوور و خۆسەری ڕۆژئاوا، دەبێ بەشێک بن لەو ئەجێندایە.

سووریا شۆڕشەکەی نەدزرا، جۆلانی و گرووپەکەی دیمەشقیان کردەوە سەنتەری بڕیاردانی سوننەی وەلائی "وەلائـ و بەڕائـ" لەم سەرەتایەوە کردیانە ناوچەی تۆڵەسەندنەوەی مێژوویی و بیرخستنەوەی سەردەمی ململانێکانی دەوڵەتی ئەمەوی و عەباسی و شەڕە خوێناوییەکانیان، بە گوتارێک لە مزگەوتی ئەمەویەکان و دەرهێنانی ئێسقانی حافز ئەسەدی کۆچکردووی عەلەوییەکان لەگۆڕەکەی، جۆلانی مۆریدا لە دیمەشق و شام و بەتۆپزی کردی بە بناغەو فۆڕمێکی نوێی بەڕێوەبەری بۆ سەرەتای هیلالێکی سوننی و جۆرێک لە نەهج و بیری ئایینی سەلەفی جیهادیی ڕێکخراو شوێنگرەوەی بەرەی موقاوەمە نەک ئیسلامی پەمەیی حەسانی کوڕی سابت، ئەوەش ئەمەریکا و ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودیی و قەتەر پێشتر تەبەنیان کردووە بە سپۆنسەری ڕاستەوخۆی تورکیا بۆ ئاسایشی ئیسرائیل.

لە سووریا سەرۆک دزرا، باوکی سەرۆکیشیان لەقەبری ئاڵتوونی دەرهێنا و سووتاندیان، سووریا هاتەوە ڕیزی کۆمکاری عەرەبی سوننی، پێچەوانەی تونس، میسر، عێراق، یەمەن و لیبیا نەیانهێشت شۆڕشەکەیان بدزرێ، ئیسرائیل بە سەرکەوتوویی هاتەدەرەوەو تاوانەکانی مرۆڤکوژی و جینۆسایدی زیندانی سێدنایای پیشانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دا کە ئەوەی دەیان ساڵە گوزەراوە لە دیمەشق هەزارقات بە ئازارترە لە جەنگ و تاوانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل دژی غەزەییەکان.

کاتی خۆی عەباسییەکان و بنەماڵەی هاشمیەکان لە 132ـی کۆچی لە دیمەشق، لە تۆڵەی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن و براکانی و دەیان پیاوی ئایینی قەبیلەی بەنى هاشم و حەفتا سەحابەی پێغەمبەر(دخ) هاتن سەرکردە و خەلیفە دیارەکانی ئەمەویان لەقەبر دەرهێنا بە موعاویە و یەزیدەوە، دوا خەلیفەی ئەمەویەکان، چواردەهەمین خەلیفە، کە مەڕوانی حیمار بوو، مروان بن محمد بن مروان بن الحكم، کە لە باوکێکی ئەمەوی و دایکێکی کورد بوو، کوشتیان و کۆتایی بەو خەلافەتە هات و گوتیان ئەوە لە تۆڵەی خزمان و ئەقرەبای بەنی هاشم و پێغەمبەر و کوشتارگەی کوفە و کەربەلا کردمان.

 

ئێستا کاتی جوڵەی میلی کاتژمێری سوننەکانە؛

-سوننەکان دەبێ خاوەن دەوڵەتی کاریگەربن نەک پاشکۆ و پەراوێزخراو هاوشانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بەرانبەر هەژموونی چین و ڕووسیا و ئێران.

-قەوارەی هەرێمی كوردستان بە پشتیوانیی ئەو مەتبەخە نێودەوڵەتییە ڕەگەزی گرنگی یارییەکەیە ئەگەر ڕوانگەی جددی خیتابی کوردی دەستوەردانی تێدا نەکرێ و شەق نەکرێ.

-چونکە ئەمەریکا و قەتەر و تورکیا، هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەتی سوننی تەماشا دەکەن و کاریان بۆ ئەوەش کردووە هەرێمی خۆسەری دیموکراتیکی ڕۆژئاوا- هەسەدە، بهێننە ناو بازنەکەوە ئەگەر هاتن، لە نەهاتنیشدا ئەگەری جەنگ و لەشکرکێشی تورکیا ئەگەرێکی حەتمییە.

-لەسەر کێشی شیعەکانی عێراقیشدا هەرێمی سوننەی ئەنبار و بەسڕەی شیعەكان و مووسڵ بۆ تورکەکان بەپێی میساقی میللی وەک کارتی فشار و بەدیل و دابەشکاری عێراق خراوەتە بەردەست و ئەگەرێکی ئامادەیە.