
ئاسۆ عهبدوللـهتیف
نووسەر
ئایا تەنیا مێزی گرێبەستەکانی ئەمهریکا کێشەیە بۆتان!

هەندێک ڕەوتی ئۆپۆزیسیۆن لە دیدگا و شرۆڤەکانیاندا کێشەیان لەگەڵ ئەوە نییە هاوشانی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و ڕەمزەکانی حوکمڕانی ههرێمی كوردستان دابنیشن و کۆبوونەوە بکەن، یان گفتوگۆ بکەن و لە دیدار و پانێڵەکان خۆیان بخەنە ڕیزەوە و وێنە بگرن بۆ یادگاریی تەنانەت گەشتیی دەرەوەش بکەن.
کێشەیان لەگەڵ توێکڵی کێشەکانی هەرێم هەیە و وا دەزانن بەو جۆرە پیشەسازییە، دەنگی خەڵک دەماشنەوە لەهەڵبژاردنەکانی ئاییندە، ئەم تایپە لە ئۆپۆزسیۆنی کوردیی کاتی خۆی کێشەیان نەبوو لەگەڵ هێنانی دەیان و سەدان کۆمپانیای فارسی، تورکی و ڕووسی بۆ عێراق. کێشەیەکیان نەبوو لەگەڵ هیچ یەک لەو گرێبەستانەی ڕابردووی عێراق لەگەڵ ئێران بۆ کڕینی گازی ئێرانی، کە قەبارەکەی سەدان ملیۆن دۆلار بوو، لە کاتێکدا دەزانن عێراق بەشی هەموو جیهان گازی هەیە و هێشتا گاز لە ئێران دەکڕێ و گرێبەستەکەش ڕەنگە لەمیهمانسەراو پزیرێکی بەغا واژۆ کرابێ.
ئینجا چونکە دەنگی ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە هاوئاوازە لەگەڵ دەنگی ئەو عەقڵیەتە عەسکەر و فاشیزمەی عێراق و حەشدی شەعبی، قەت باسی ئەوە ناکەن میللەتی داماو و ڕەشوڕووتی عێراق نەک گازیان نییە و بێنەوت و کارەبان، بهڵكوو تا ئێستا ئاوی خواردنەوەشیان نییە و لە شارێکی وەک بەسڕە سوێراو دەخۆنەوە و ماسی وشک دەکەنەوە وەک بامێ و بێکاریی گەشتووهتە پلەی بەرزی مەترسیدار.
هەر ئەو تایپەی ئۆپۆزسیۆن کەکێشەی توێکڵیان لەگەڵ ئەو مێزە موتەوازعە هەیە لە ئەمهریکا، کە بەهاکەی زیاترە لە سەد ملیارد دۆلار بۆ دوو گرێبەستی ستراتیژیی گازی و نەوتی، وا دەزانن لە ژێر مێزەکەدا پارەکە بە کاش دانراوە، نازانن بڕی پارەی ئەو گرێبەستە قەبارەی درێژخایەنی وەبەرهێنانەکەیە و بڕە پارەیەکە بۆ دەیان ساڵی کارکردنی پیشەسازیی گاز و نەوت و کارەبا و دەرهێنان و گواستنەوەی بۆ بەندەرەکان، لەلایەن کۆمپانیاکانی میران ئێنەرجی و HKNـی ئەمریکی و گرووپی ئۆنێکس و وێستێرن زاگرۆس، ئینجا تۆ دەبێ بزانی دەرهێنانەکە وزەی خاوی پێنج بۆ شەش تریلیۆن پێ سێجا گازی سروشتی و نۆ سەد ملیۆن بەرمیل نەوتە.
ئینجا ئەم ئۆپۆزسیۆنە دەزانێ هەرێمی کوردستان سێ ساڵە تەواوی ڕێککەوتنەکانی واژۆ کردووە لەگەڵ بەغدا، نەوت و داهات و مەرز و فڕۆکەخانە و گرێبەستەکانی ڕادەست کرد و نەوتەکەشی ڕاگرت و پەرلەمانیشی هەڵوەشاندەوە بە پێی بنەما دەستوورییەکان، چووە ژێر باری یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییەوە، دەنگی دا بە تێپەڕاندنی بودجە بۆ سێ ساڵ و شتێک نەما بە ناوی گفتوگۆکردن و دانوستان، بۆیە لێدوانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر ئەم گرێبەستە نوێیانەی هەرێم لە ئەمهریکا، کاتێک بە پووچەڵ و نادەستووریی ناوی دەبا، بیانووی خودی دەوڵەتێکە دەزگای ئایدۆلۆژیی قووڵ بەڕێوەی دەبا و داوای خودکوژیی و ئینتیحار لە کورد دەکات و نکوڵی دەکا لە وجوودی سیاسی و ماف و مووچە و خواستە داراییەکانی هەرێم و باوەڕی بە هیچ جۆرە مۆدێلێکی فیدراڵی و پێکەوەژیان نییە.
بە ڕاست تەنیا مێزی گرێبەستەکانی ئەمهریکا کێشە بوو بۆتان، یان نەعل و شەحاتە و سەبایای میر و شێخەکانی کەنداویش هەر کێشەی قووڵ و گرێ بوو بۆتان؟