
ئاسۆ عهبدوللـهتیف
نووسەر
دیالۆگی ستراتیژیی و پرسی کشانەوەی ئەمهریکا
رهنگه پاشەکشەی ئەمهریکا لە عێراق ئەو موعادەلەیە ئاوهژوو بكاتەوە و خزمەتی گەورە بە دەوڵەتی کوردی بکات لە ئایندەدا

کورد وەك ئەکتەرێکی فەرمی و گەمەکەرێکی دەوڵەتی وردە وردە سیماکانی خەریکە دەردەکەون. عێراق وڵاتی تاکڕەهەند و مەزهەبگەرا لەسەر بنەمای خێڵ و بیرکردنەوەی کلاسیك بەردەوامە لەسەر ئەو میتۆدە. ئەمهریکا وەك وڵاتی فرە رەهەند، لەسەر بنەمای دامەزراوە و بیرکردنەوەی سێنتراڵ و لیبراڵ دامەزراوە و بە ئاسانی لە کۆدەکانی تێناگەیت.
بۆیە کۆبونەوەی مستەفا کازمی لەگەڵ جۆ بایدن، وەك کۆبونەوەی کازمی و ترامپ نییە بۆ جووڵاندنی رای گشتیی و سیناریۆی بەتاڵ و رەهەندی ئابووری بەتەنها. کردەکە رێك درێژەی دیالۆگی ستراتیژیی عێراق ئەمهریکایە بە فۆرمێکی دیكه، ئهگەرچی ئەو دیالۆگە لە نێوان دوو دەوڵەتی یەکسان و هاوتا نییە لە هێز و پاوەر و سەروەریی، بەڵکو رێکكەوتن و تێگەیشتنە لە دۆخی نوێ و پرسی پاشەکشەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمهریکا، کە ئایا ئەوە کردەیەکی واقیعییە یان بۆ بەڕێکردنی کاتە.
کۆبونەوەی واشنتۆن بە ئامادەبوونی کارهکتەر و چاوی کوردیی ناردنی سیگناڵ و پەیامە بۆ گۆڕینی ئەو مۆدێلە خراپە لە حوکمڕانی مەزهەبگەراکانی عێراق، کە باوەڕیان وایە بە فشار و توندوتیژیی و شەڕی لابەلای درۆنەکان ئەمهریکا دەکەنە دەرەوەی عێراق، کۆبونەوەکە دیالۆگی جددی دوو دەوڵەت نییە ئەوەندەی وەرگرتنی راسپاردەیە بۆ ئەو تایپە لە حەشدی شیعی، کە چیتر دەبێ بەخۆیاندا بچنەوە و سەرئێشە نەبن بۆ ئەمهریکا، ئەگینا ئەمهریکا ئاسان جێگرهوه دەدۆزێتەوە!
لە بنەڕەتدا دیالۆگ نییە، هێندەی هاوارێك و توڕەییەکە بۆ سەپاندنی توندی ئەجێندایەکی نهێنیی بۆ ئایندەیەکی نزیك و نەخشە رێگایەکی نوێ، کە بۆنی گۆرانکاری ریشەیی لێدێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ، لە عێراقیش زیاتر بۆ گۆڕینی ئەو مۆدێلەی حەشدی شەعبی و زیهنیەتی ویلایەتی فەقیهو حەوزە ئاینیەکانە، تا پێڕاکێشی زیاتر نەکەن لە پرۆسەی بە حەشدکردن و میلیتاریزەکردنی دەوڵەت، بە کورتی فەرماندانە بۆ دەوڵەتێکی ملکەچ و فەرمانپێکراو، کە دەبێت میتۆدەکەی خۆی بگۆڕێت بە ئاراستەی کرانەوە و دیموکراسی زیاتر و کارکردن بە میتۆدەکانی دیموکراسی و دەستاودەستی دەسەڵات.
چونکە عێراق، بەراستی نابێ لە ئێران بچێت، ناشبێت تەسلیمی ئەو ئیرادەیە بێت، ئەگەرچی بەدەر لەو گروپگەلەی حیزبوڵا و نوجەبا و کەتائیبی سەیید شوهەداو عەسائیب و رەبعەڵا، هێڵی گشتی کارکردنی شیعە لە عێراق دژی سیاسەتەکانی ئەمهریکا نین. عێراقیش چیتر نابێت بچێتەوە سەر میراتی عەبادی و عادل عەبدولمەهدی و حەوزەی ئێران بۆ خەونی خۆبەستنەوە بە رێگا ئاوریشمیەکەی دەوڵەتی چینەوە. چین بەو ئیمپراتۆریەت و سیاسەتەی خۆی لەناو ئەم دەوڵەتە دینیانەدا یارییەکی سەختی کرد و کۆتایی هات، ئەو بۆشاییە یەکێك بوو لەو کەمتەرخەمیانەی دۆناڵد ترامپ دروستی کرد لەهەمبەر چین و ئەویش باجەکەی دا، بایدن کۆتایی بەو سیاسەتە دەهێنێت و چیتر سازش بە دەوڵەتی دینییەوە ناکات و عێراقیش نەك دەردەکات لەو رێگا ئاوریشمییە، بگرە وەك حەوشەی پشتەوەی خۆی بەکاری دههێنێت دژی مەترسی و هەژموونی چینی، رووسی و ئێرانی، لە ئەگەری هەر پاشەکشە و یاسایەکیش بۆ دەرپەڕاندنیان ئەوا ئاسان دێتەوە حەوشەکەی خۆی کە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەختە. بۆیە بە پاشەکشەی ئەمهریکا لە عێراق رەنگە ئەو موعادەلەیە ئاوهژوو بێتەوە و خزمەتی گەورە بە دەوڵەتی کوردی بکات لە ئایندە.
وەك زانراوە ئێران دوای کوشتنی قاسمی سولەیمانی هیچ ئاکشنی وەرنەگرت بۆ تۆڵەسەندنەوە، جگە لە هەندێك مووشەکی نەرم و چالاکی درۆنەکان لێرە و لەوێ، دوای کوشتنی فەخریزادەی باوکە ئەتۆمیەکەشی کاردانەوەی توندی نەبوو دژی ئەمهریکا. بۆیە لێدان لە ئامانجە باڵاکانی ئەمهریكا لە عێراق بەکردار نەچووهتە ئەجێندای شیعە و مستەفا کازمی و ناشچێت، پێدەچێت دوای ئەم دیالۆگەی واشنتۆن گۆڕانی دراماتیکی و خێرا لە عێراق و کوردستان رووبدات، کە بە دڵی ئەم تایپەی شیعە نەبێت و دەنگی درۆنەکان روو لە کزیی بکەن.