
ئاسۆ عهبدوللـهتیف
نووسەر
عێراق هەڵبژاردنی بۆ چییە؟

پڕۆسەی هەڵبژاردن ئامرازی دەزگایەکی مۆدێرنە و سەر بە کولتووری دیموکراسییە، بەرهەمەکەی پەرلەمان و ئەنجومەنی یاسادانانە. یاسا بۆ کۆنترۆڵکردن و فۆرمۆڵەی حوکمڕانی و لە شەتەکدانی یاساشکێنانە، کەواتە هەڵبژاردن وەك ئامرازی دیموکراسی کردەیەکە بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ خودی یاساکان نەك بێڕێزیکردن بە یاساکان.
مەترسی پڕۆسهی هەڵبژاردن و دیموکراسیی لە عێراق، هەمیشە پڕۆسه و مەترسیەکی ئامادە بووە بە حوکمی ئەو دۆخە ناهۆمۆجین و فرەچەشنییە لە دەسەڵات و حزبگەرا، لەم دۆخەدا زۆرینەیەک بە فیکری داعشیی و بیری ناسیۆنالیزمی توندڕەو و فاشیزمی مەزهەبی دەچنە پەرلەمان و ئیدی ئیرادەی خۆیان زاڵ بەسەر کەمینەکاندا دەکەن و رۆڵی یاسادانان لە وەزیفەیەکی ئەخلاقی و کردەیەکی فیکریی سیاسی عەقڵانییەوە دەگۆڕن بۆ وەزیفەی تائیفی و خێڵ و پاکتاوی نەیاران و تۆڵەی مێژوویی و رقی قەومیی، بینیمان لەو فۆڕمەدا و دوای پڕۆسەی ئازادی چەند خوێن رژاو چۆن یاسای جەبری و توند و تائیفییان لەسەر کورد تاقیکردەوە و چەندین پڕۆژەیاسایان بەو ئیرادە مەترسیدارە لە پەرلەمان تێپەڕاند بە یاسای دەستخستنی قەرز و پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەوە.
عێراق کە ئێستا وڵاتێکی دەستووریی و یاسایی نییە و لە ژێر زەبری چەک و هێزە ئەمنییە نادەستووریەکاندایە و بڕیارە 10/10/2021 هەڵبژاردن بکرێت، ئەوە هیچ لەو پرسە ناگۆڕێت کە عێراق لە سێبەردا زۆرینەیەکی مەترسیداری مەزهەبی بەڕێوەی دەبات و هەر ئەو زۆرینەیەش دەچنە پەرلەمان، کە جۆرێکە لە فاشیزمی دینی و تاریک بۆ سڕینەوەی ئەوی دیكه، کورد لەگەڵ ئەو زۆرینەیەدا نابێت پێشبڕکێی دیموکراسی بکات، یان بە گوتاری سۆزداریی برایی کورد و عەرەب سیاسەت بکات، دەبێت پلانی هەبێت بۆ سازان و کوالیسیۆن و رێککەوتنی دیپلۆماسی و گرێبەستی یاسایی و دیکۆمێنتکراو بۆ مانەوەی خۆی لە ئاییندە، شەڕی ئاییندە شەڕی زۆرینە و کەمینە دەبێت، شەڕی دەستووریی و یاسایی و ماف نییە، چونکە گەر وابا دەبوو کاربکرایە بە وەسیقەی دەستووریی دەنگدراوی 2005ی کۆی هێز و لایەنە سیاسییەکان، بەڵام نەکرا و ناشکرێت.
بۆ نموونە؛ حەشدی شەعبی وەک دەسەڵاتی زاڵ، بە یاساکان کاردەکەن، لە ساڵی 2016ـهوه یاساشیان بۆ دەرکراوە و بودجەی خەیاڵی حکومەتیان خراوەتە بەردەست، لەگەڵ بەشێکی گرنگی گومرگ و پاڵاوگە و بیرە نەوتەکان و مینا و بەندەرەکانیشیان لەژێر دەستایە بە کورسیەکەی ژێری مستەفا کازمیشەوە.
ئینجا دەرکردنی هێزی هاوپەیمانان – ئەمهریکا بەتایبەتی بڕیاری پەرلەمانی بۆ دەرچووە لە 5/1/2020 رێک دوو رۆژ دوای بە ئامانجگرتنی کوژرانی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس، یانی هەڵبژاردنی ئاییندە دەتوانێت چی بکات و کام مۆدێل و روانگە بگۆڕێت و چی ریفۆرم بکات لە کاتێکدا ئەو هێزە زاڵە دەتوانێت هەر یاسا و بڕیارێك بەو زۆرینەیە تێپەڕێنێت.
بە کورتی هەڵبژاردنی ئاییندە و دەرەنجامەکانی ئەوەندە هیوابەخش نابێت عێراق و هەرێمی فیدراڵ بخاتە دۆخێکی نوێی بەڕێوەبردنی سیاسی و ئابووریی و دەستووریی و یاساییەوە، چونکە هەم دەوڵەت هەیە و هەم دەوڵەتی قووڵی میلیشیایی بەهێز!؟
رەنگە ئەمهریکا نیازی وابێت و دیالۆگی ستراتیژی واشنتنیش (لوتکەی بایدن - کازمی) و راسپاردەکانی هەر بۆ ئەوە بووبێت بەبێ دەستێوەردان و کارایی حەشدی شیعی ئەمجارە هەڵبژاردنیکی بێگەرد بکرێت و ئەمهریکا بیەوێت گرووپ و دڵخوازی خۆشی بخاتە سەری سەرەوەی هەڕەمەکە، بێ هۆ نییە حزب و سیاسییە هۆشمەندەکان لەکاتی هێواشبوونی شەپۆڵەکاندا راوی خۆیان دەکەن و کوتەک لە ئاودەخەن و نیشانە دەگرن و پاشەکشە دەکەن لە هەڵبژاردنی ئاییندە.
رەنگە سیناریۆکان بۆ لێدان لە هێزیی میلیشیایی پێشبکەوێت و دەنگی درۆنەکان کپ ببنەوە، تا ئەگەری کودەتا و دەخالەتی مەرجەعیەت و ویلایەتی فەقیهـ و گرووپەکانی حەشدی شەعبی پان ئێرانیزم دوور بخەنەوە لە بازنەکانی هەڵبژاردن و گرووپگەلی پان عێراقی و حەوزەی نەجەفی نزیک بخەنەوە و تەیار بکەن، بەتایبەتی شیعە و سوننەی رادیکاڵ، ئەگینا زەحمەتە و هەڵبژاردن ناکرێت.