ئایا جیهان له پای به‌ره‌نگاریه‌كان پێویستی به پێوه‌ری نوێی نێودەوڵەتی هه‌یه؟
جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا کەموکوڕیی گەورەی لەدامەزراوەی ئێستای نێودەوڵەتیدا ئاشکراکرد
جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا کەموکوڕیی گەورەی لەدامەزراوەی ئێستای نێودەوڵەتیدا ئاشکراکرد، کە له‌دوای دامەزراندنی لەساڵی 1945 و لەدوای سەرکەوتنی هاوپەیمانان لە جەنگی دووه‌می جیهاندا گەشەی نەکردووە، به‌مه‌ش مه‌ترسی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی دروست بووه، بۆیه پێویسته چاكسازی بكرێت و دامه‌زراوه‌یه‌كی نوێی نێوده‌وله‌تی بێته كایه‌وه.
دوای کۆتایی جەنگی دووه‌می جیهان، سەرکەوتووهکان بڕیاریان دا باشترین رێگه بۆ دووركه‌وتنه‌وه لە جەنگ دامەزراندنی ده‌سته‌یه‌كی نوێی نێودەوڵەتی بوو بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییەکان و کارکردن بۆ نەهێشتنی شەڕ، دوای ئەوەی کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبه الامم) نەیانتوانی ئەو رۆڵە ببینێت.
لە ئه‌پریلی 1945 کۆنفرانسی سانفرانسیسکۆ بۆ ماوەی دوو مانگی یەك لە دوای یەك بۆ تاوتوێکردنی ئەم کێشانە ساز کرا و توانرا لە 24ی نۆڤه‌مبه‌ر، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە واژۆی نوێنەرانی 50 وڵات رابگه‌یه‌ندرێت.
جیهان بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی سێ دەیەیه بە شێوەیەکی ریشەیی گۆڕاوه و ئەو هێزانەش دەرکەوتوون، کە شایانی ڕۆڵگێڕانن لە بەڕێوەبردن و دۆزینەوەی چارەسەری بۆ قەیرانە جیهانییەکان بۆ پتەوکردنی سەقامگیری و دەربازبوون له جەنگ و کارەساتە جیهانییه‌كان.
بۆ نموونە بەریتانیا، فەرەنسا و رووسیا وەك جاران بەهێز و گرنگ نین، بەڵکو بەردەوامن لە کۆنترۆڵکردنی بڕیارە نێوده‌وڵه‌تییه گرنگەکان، لە کاتێکدا وڵاتانی دیکەی دەسەڵاتی ئابووری و سەربازی وەك ئەڵمانیا و ژاپۆن به‌هێز و گرنگن.
ئەو وڵاتانەی کە له جەنگی دووه‌می جیهان دۆڕان، وه‌ك: ئەڵمانیا، ژاپۆن، ئیتالیا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمان، لە ساڵی 1945ـدا بەشداریان لە سیسته‌می نێودەوڵەتی نوێ‌دا نەکرد، ئه‌مه‌ش وەك سزایەك بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ و کۆت و بەندی توندیان سەپاند، وه‌ك: قه‌ده‌غه‌ی پرچهكردن و دامه‌زراندی بنكه‌ی سه‌ربازی له‌سه‌ر خاكی وڵاته‌كانیان، به‌تایبه‌ت له ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت.
له ئێستادا بارودۆخەکە جیاوازە، ئەمانە و وڵاتانی دیكه لەڕووی ئابووری، پیشەسازی و سیاسیەوە گەشەیان کردووە و سیسته‌مە سیاسییەکانیان گۆڕیوە و پێشتر كه هەڕەشەبوون بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی، ئێستا بەهۆی توانای تەکنەلۆجی، مرۆیی و سرووشتییانهوه بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری له ئابووری جیهانیدا دەکەن.
هه‌ندێ لهزلهێزەکانی پێشوو کەمتر بەهێزن و ئاستی به‌شداریكردنیان لە ئابووری جیهان دابه‌زیوه و چیتر ئەوەندە گرنگ نین کە لە سەدەی رابردوودا گرنگ بوون، بەڵام بەهۆی ئەندامێتی هەمیشەییان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی ڤیتۆ بەردەوامن.
بۆ نموونە فەرەنسا لە هەوڵی ئەوەدایە، لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرایەتی بەرژەوەندییه‌كانی ئەوروپا و یەکێتی ئەوروپا بکات و ئەم پۆستەش گرنگییەکی نێودەوڵەتی زیاتری پێدەبەخشێت وەك هێزی ئابووری، هەروەها بەنیازە رۆڵی نێوەندگیری لەنێوان ئەمه‌ریکا، چین و رووسیادا بگێڕێت و هەندێك جاریش لەدژایەتیکردنی هەندێك سیاسەتی ئەمه‌ریکادا رێگەیەك دەدۆزێتەوە بۆ تیشك خستنەسەر رۆڵی خۆی وەك زلهێزێکی سەربەخۆ لەسیاسەتەکانیدا!
له سه‌رده‌می سەرۆکی کۆچکردووی فەرەنسا چارل دیگۆل، فەرەنسا ئەوەندە نەیاری ئەمه‌ریکا وەستا، کە دیگۆل فەرمانی بە بانکە فەرەنسییەکان کرد، بە بڕی زۆر دۆلار بفرۆشن بۆ لاوازکردنی دراوی ئەمه‌ریکا، سه‌رۆك دیگۆل دژایەتی چوونە ناوه‌وەی بەریتانیای بۆ کۆمەڵگەی ئەوروپا کرد و پێیوابوو، زۆر لە ئەمه‌ریکاوه نزیکە و لە ئەوروپاش دەبێتە چاوێك بۆی، تاوه‌كو سەرەتای ساڵی 1973 كاتێك بەریتانیا توانی بچێتە ناو کۆمەڵگەی ئەوروپی، له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا جۆرج پۆمپیدۆ.
تێڕوانينى فەرەنسا لە راستییەوە دوور نییە، چونکە بەریتانیا زۆر جار لەگەڵیدا ناکۆکە، بەدەگمەن لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمه‌ریکا ناکۆکە، بەڵام هێزی خۆی لە هاوپەیمانی لەگەڵ واشنتن‌دا ده‌بینێت، ئەوەی لەم لێكنزیکبوونەوەیەدا یارمەتیی دەدات، پەیوەندی مێژوویی و کو‌لتووریی نێوان هەردوو وڵاتە.
بەریتانیا هەمیشە بەدوای لۆژیكی سیاسەتی ئەمه‌ریکادا بووە و بێل کلینتۆن، سەرۆکی پێشووتری ئەمه‌ریکاش لە گوتارەکەیدا لە کۆنگرەی ساڵی 2002ی پارتی کرێکاراندا ئاماژەی بەو رۆڵە کرد، کە گوتی" خۆشحاڵە کە تۆنی بلێر، سەرۆك وه‌زیرانی به‌ريتانيا له سه‌رۆك جۆرج بۆشه‌وه نزیكه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندیی نێوان ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا بكات.
هەروەها هاوپەیمانی ئەمه‌ریکا و بەریتانیا، چەندین وڵاتی جیهانی لێك نزیککردووهتەوە، بەریتانیا شانازی بە پەیوەندی تایبەتی خۆی لەگەڵ ئەمریکادا دەکات و رۆڵی خۆی وەك ئامۆژگاریكار و راوێژکاری ئەمه‌ریکا دووپات دەکاتەوە، تا ئەو رادەیەی هەندێك لە بەرپرسانی ئەمه‌ریکا، وەک باڵیۆزی زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئەمه‌ریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزی پێشووی عێراق و ئەفغانستان، زۆر نیگەرانن لەو هەڵوێسته باوكایهتییهی به‌ریتانیا بەرامبەر بە ئەمه‌ریکا، وەك لە کتێبەکەی خۆیدا تێبینی کردووه، وەك ئەوە وایە بەریتانیا نوێنەرایەتی ئەو عەقڵیەتە بکات، کە بە پرۆسەکەدا تێدەپەڕێت و ئێمەی ئەمه‌ریکیی هیچمان نییە جگە لەو ماسولکانەی کە لەژێر ڕێنوێنی بەریتانیادا کار دەکەن.
رووسیا هێشتا خۆی وەك زلهێزێك و ركابه‌ری ئەمه‌ریکا و چین دەبینێت، هەرچەندە گرنگییە نێودەوڵەتییەکانی دوای تێکشکانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991دا كه‌م بوویه‌وه، چونکە ئابووریەکەی لە کۆریای باشوور بچووکتر بووەوە و 65٪ پشتی بە داهاتی فرۆشتنی نەوت و گاز به‌ستووه. بەڵام ئەندامێتی ئەنجومەنی ئاسایش لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشووەوە بۆی ماوه‌ته‌وه و گەورەترین جبەخانەی چەکی ناوەکی جیهان و پیشەسازی چەك کە بەردەوامه، وه‌ك سەرچاوەی دارایی و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانی فراوانه، بەتایبەت پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان.
رووسیا ئەندامێتی خۆی لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی نێودەوڵەتی و خزمەتکردنی بەرژەوەندییە جیۆسياسيهکانی بەکارده‌هێنێت، بۆ نموونە وڵاتانی دیكه‌ی وه‌ك ئێران، کوبا و ڤەنزوێلا لە بەرژەوەندی خۆیان دەبینێتەوە و بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن، کە ئەم جۆرە دوژمنایەتیانە به‌رده‌وام بن و تەنانەت رێگر بن لە باشبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمه‌ریکا و جیهانی رۆژئاوا بەگشتی، وەك بەرنامەی ناوه‌کی ئێران.
مافی ڤیتۆی پێنج زلهێزه‌كه بووەتە رێگرێك بۆ پێشکەوتن لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە و فشارەکان کە رووبەڕووی جیهان دەبنەوە، گومان لەوەدا نییە، بەم میکانیزمە هەر پێنج وڵات توانای راگرتنی بڕیاری گرنگی نێودەوڵەتیهكانیان هه‌یه. چین زۆر بەدەگمەن ئەم مافە بەکارده‌هێنێت، مەگەر گرنگی بە بەرژەوەندییە ئابووریی و کاریگەرییەکانی بدات لە ئاسیادا، بەڵام ئەمه‌ریکا و رووسیا زۆر جار بەکاریانهێناوە، هەرچەندە هەوڵ دەدەن خۆیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی، چونکە ده‌بێته بەربەست لەبەردەم بڕیارنامە نێودەوڵەتیه‌كان.
ئەمه‌ریکا چەندین جار هەوڵی چاکسازی و نه‌هێشتنی گەندەڵی له رێكخراوه نێوده‌وله‌تیه‌كان داوە، تەنانەت لە ساڵانی 1990 رێگری لە پێدانی کۆمەکی دارایی ساڵانەی خۆی بە رێکخراوەکە كرد، کە گەورەترینە لە نێوان وڵاتانی جیهان و 22٪ ی بودجەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان و 28٪ی بودجەی هێزی ئاشتیپارێز دابين ده‌كات. چین 12٪ و ژاپۆن 8.5٪ و ئەڵمانیا 6٪ دەدات هەرچۆنێك بێت، هەوڵی چاکسازی کاری نەکردووە، هەرچەندە زۆرێك لە وڵاتان ئاگاداری پێویستیی ئەو چاکسازییانەن، بەڵام ئەولەویەتیان بۆ چاکسازی جیاوازە، هەروەها ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئه‌مه‌ریكا پارەدانی ژمارەیەك لەرێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی هه‌ڵپه‌سارد، هاوکات ئیدارەی بایدن پشتیوانی خۆی بۆ رێکخراوه نێودەوڵەتیه‌كان بەهێزکردووە و هەوڵی چاکسازیی نه‌داوه.
هيندستان، ژاپۆن، بەرازیل، ئەفریقای باشوور و میسر هەمیشە جه‌خت له فراوانبوونی ئەنجومەنی ئاسایش ده‌كه‌نه‌وه و هیوایان وایە کە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە بن، لەکاتێکدا ئەمه‌ریکا پێشنیازی کەمکردنەوەی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
بۆیه پێویسته ئاشتی و ئاسایشی جیهانی ئەم ریزبەندییە نێودەوڵەتییەی ئێستا بگۆڕێت و چاكسازی تێدا بكرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی دەرکەوت، کە نەیتوانی چارەسەری چەندین قەیران بدۆزێتەوە، لەوانە قەیرانی ئێستای نێوان رووسیا و ئوکراینا، کە مەترسییە بۆ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی سێیه‌می جیهانی،هه‌روه‌ها نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌ری کێشەی 74 ساڵەی فەلەستینی بکات، وێڕای چەندین کێشەی دیكه‌ی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، لە ڕێگەی ئەو شەڕ و کوشتارەی کە لە ئەفریقیا (ڕواندا) و وڵاتانی به‌ڵکان (بۆسنیا و هەرسك و کۆسۆڤۆ) ئەنجام دران، كه تەنیا ویلایەتە یەکگرتووەکان لە رووی سەربازییەوە به‌شداربوو، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ری یاسایی كێشه‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نوێ و ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی و دانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی ناكات، وه‌ك ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان و هه‌رێمی كاتالۆنیا.
لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا نییە، دەوڵەتە گرنگەکان لە رووی ئابووری، سەربازی، دانیشتوان و جیۆسياسيەوە لە بڕیاری نێودەوڵەتیدا به‌شدارنه‌بن.
وڵاتانی وەك: ئەڵمانیا، ژاپۆن، هیندستان، بەرازیل، سینگاپوره، ئەفریقیای باشوور، سعودیە، میسر و تورکیا دەتوانن بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە دابینکردنی کارتێکی پۆزەتیڤی نوێ بۆ هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیریی جیهانی و بهرهەژاندنەوەی جەنگ و قەیرانەکانی جیهان بکەن.