یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆچی تاپۆ ناکرێن، کێ بەرپرسە؟
تاپۆنەکردنی یەکەکانی نیشتەجێ بوون، بازرگانییەکی تر لەسەر گیرفانی فەرمانبەران. کێ سودمەندی یەکەمە لەو گەشەسەندنە ناڕێک و نازانستیانە و ئەو پڕۆژە نیشتەجێبووە تازانەی شار و تاپۆنەکردنی یەکەکان کە ماوەیەکە بووهته سەرچاوەی گلەیی و ناڕەزایەتیی زۆربەی دانیشتوانی سیتییەکان، سەرباری رەخنە و گلەیی لە رێگاوبان و ئاوەڕۆ، کوالیتی شەقام و شۆستە و قیر و باخچە و یەکەکان، کەچی تا ئێستا زۆربەیان نە ئیفرازکراون و نە تاپۆکراون، ماوەی پانزدەساڵ زیاترە خەڵکی هەژارو فەرمانبەری سادەو چین و توێژەکان، هاوار دەکەن و بەدەست کێشەیەکەوە دهناڵێنن، کە کێشەی وەبەرهێنەرو فێڵی خاوەن کۆمپانیاکانە بەسەر دەخل و داهاتی هاووڵاتیانەوە.
دەکرێت بە سادەیی باسی ئەم کێشەیە بکەین، سادەیی مەبەستم ئاسانکارییە بۆ تێگەیشتنی حکومەت و خەڵکی هەژار بەدەست بەڵێندەرو وەبەرهێنەرەکانەوە، کە ملیۆنان دۆلاریان لەسەر حسابی کەمتەرخەمی حکومەت و فەرمانگەکان ساڵەهایە کۆکردۆتەوە، لە کۆڕی شەوانیاندا باسی بێ پلانی و ئەدای خراپی حکومەت دەکەن و بە رۆژیش گۆزەکە لەسەری خەڵکی هەژاردا دەشکێنن و بەو دەردەیان دەبەن کە دەیبینن.
کڕۆکی باسەکە بیرکاری و فیزیا و ئەتۆم نییە، تاپۆی شەرعییە بۆ خەڵکیی، مافێکی سەرەتایی و رەوای هاووڵاتیی ئەم شارەیە، دە بۆ پانزدە ساڵە یەکەیەکی کڕیووە بە رەنجەشان و قیست و قەرزو سندوقی نیشتەجێبوون، کەچی تا ئێستا وەبەرهێنەر، ئەوراق و پێشینە و خشتە و سایت پلانی کۆتایی یەکەکان تەسلیم ناکات بە فەرمانگەی خانوبەرە-تاپۆ و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی، تاوەکو خانووەکانیان تاپۆ بکرێن. خۆ دەبێت لایەنێک کەمتەرخەم و بەرپرس بێت ؟
ئایا حکومەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی، وەک بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی، باجی خانوبەرە و تاپۆ، بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان، کۆمپانیا حیزبیەکان ئیشیان چییە ئەگەر ئەم کارە بۆ هاووڵاتیان نەکەن، ئیش لەوە زەرورتر چییە، کێ بەرپرسە و بۆ نایەتە دەنگ، دەزانن بەشێک لەو پرۆژانە چەند جارێک نەخشەی بنەڕەتی و سایت پلانەکەیان گۆڕیووە بەهۆی دواخستنی تاپۆکردنی پرۆژەکە و لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتیی و یاریکردن بە زەوییەکان و مۆڵەتەکان و حکومەتیش بێدەنگ، ئەو وەبەرهێنەرانە بۆچی نایانەوێت خانووەکانی ناو پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی سلێمانی و هەڵەبجەو کۆیەو چەمچەماڵ و کەلارو دەربەندیخان و رانیە بکرێن بە تاپۆی حکومیی و “سورەت قەید” یان بۆ بکرێت، بۆچی ئەرزی زۆربەی پرۆژەکان ئیفراز نەکراون، بێ سەوزاییە، بێ بنکەی تەندروستییە، بێ قوتابخانەی حکومیی و بێ مزگەوت و بێ تاپۆیە، ئیتر بەس نییە ئەو هەموو ناعەدالەتیی و ئازاردانەی خەڵکی و ئەو هەموو زیانگەیاندنە بە ئابوری و گیرفانی حکومەت و گەشەسەندنی بازاڕو بزاوتی عەقارات. لەکاتێکدا دەزانین پرۆژەی زۆر جوان و شایستەو راقیش بەتەنیشت ئەو پرۆژانەوە دروستکراوەو بەرچاوە.
ئایا ئەو فەرمانگانەی سلێمانی دەزانن بە تاپۆنەکردنی خانووی ئەو هاووڵاتیانە چ زیانێک دەگەیەنن بە گیرفان و دەروونی خەڵک و بە خەزێنەی حکومەت، لەکاتێکدا بۆ رێگریی لەو بازرگانییە بەلاش و حەلاشەی وەبەرهێنەرەکان باشترە حکومەت هەرچی زووترە دەستوبرد لەوکارە بکات و رێگریی بکات لەو پاوانخوازیی و تاڵانکردنە بەردەوامە، ئەمەش بۆ ئەوەی قازانجێکی زۆر لە پرۆسەی تۆماری خانووبەرە بێتەوە بۆ گیرفان و خەزێنەی حکومەت کە بە ملیۆنان دۆلارە و خەڵکەکەش سودمەند دەبن لەو دۆخەو هەر کڕین و فرۆشێکیش بە یەکەکانەوە بکرێت هەر حکومەت سودمەند دەبێ نەک وەبەرهێنەر.
بەداخەوە ئەوە زیاتر لە دەساڵە ئەو پڕۆژانە پەراوێزخراون و بەهۆی تاپۆنەکردنەوە رووبەڕووی چەندین کێشەی تەندروستی و بێبازاڕیی و شکست بوونەتەوە وەک:
* نرخی یەکەکان بەتەواوی دابەزیووە و عەقاراتیان سفرەو خزمەتگوزارییان بێکەڵک بووە.
* خزمەتگوزاری سەرەتایی و گشتی و ژیان لە بەشێکی ئەو سیتیانە بەتەواوی وەستاوە.
* بەشێک لەو پرۆژانە بەهۆی ئیفرازنەکردنی ئەرزەکانیانەوە بە فشاری وەبەرهێنەر، قاچ و قووچ و یاری و تیجارەتی رەشیان پێوە دەکرێت بە ئەرزە بەتاڵەکان و سەوزایی و شوێنی پارکەکان و دەستاودەستکردن بە نهێنی و دواتر فرۆشتن و کردنی بە تەلاری نوێ و بەنزینخانە لەدەرەوەی یاساو رێنمایی و رێساکانی حکومەت، چونکە لە بنەڕەتدا پرۆژەکە تۆمار نییە و ئیفرازی بۆ نەکراوە و ئاسانترە بۆ خاوەن پرۆژەکە بەو شێوەیە مامەڵەی پێوە بکات.
* بەشێک لەو وەبەرهێنەرو خاوەن پشکانە هێشتا بە ئارەزووی خۆیان رسوماتی کڕین و فرۆشتنی خانوو لە دانیشتوان وەردەگرن و ناهێڵن حکومەت بزانێت و داهات بۆ حکومەت بگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر تاپۆ بکرێن ئەو گزیکارییە نامێنێت و پارەکە بۆحکومەت دەگەڕێتەوە و وەبەرهێنەر لە پڕۆژەکە دەردەچێت و تەسلیم بە حکومەت دەکرێت و ئەوەش رێگا راستەکەیە بۆ پێشخستنی شارو گەشەسەندنی.
بەراست تاپۆی ئەو زەویانە ئەوەندە قورسە بۆ حکومەت وا بەو شێوەیە وەبەرهێنەرەکان حکومەتیان کردووە بە بارمتەی خۆیان، کە هەندێک لە دانیشتوان پێیان وایە کاتی ئەوە هاتوە هاوبەشی ئەو گزیکاریی و پاشاگەردانییە هەرچی زووترە دەستنیشان بکرێن و روبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
پرۆژە هەیە خانووەکەی ئەگەر تاپۆ بکرێت هەم بازاری گەرمتر دەبێت و هەم بەهاو نرخەکەشی زیاد دەبێ، بەڵام بەشێک لە وەبەرهێنەری چاوچنۆک لەمەشدا لەف و دەوران لێئەدات بۆ قازانجی رۆژانەی خۆی و کڕین و فرۆشتنی لابەلا، نوسینگەی عەقاراتی کردۆتەوەو بە هێمنیش وەک مشک دەگەڕێ بەناو پرۆژەکەدا و سایت پلان بە ئارەزووی خۆی دەگۆڕێت بەبێ هیچ چاودێری و فلتەرێک و کام بەشەی پرۆژەکە مەتروکەیەو بۆ سەوزایی و بنکەی تەندروستی و قوتابخانەو خزمەتگوزاری گشتی دانراوە لە سایت پلاندا، دەیفرۆشێتەوەو و دەیکاتە بازاڕو دوکان و بەنزینخانەو جێ مۆلیدە و کافێ بۆخۆی و ئەوەندەی تر یەکەکان سوک و بێ بەها دەکات.
ئایا دەزانن ئەو هەموو ساڵە کە ئەو یەکانە تاپۆ نەکراون حکومەت چ زیانێکی بەرکەوتوەو وەبەرهێنەریش قاچ لەسەر قاچ چەندە سودمەندبووە لەو داهاتە زۆرانەی بە مامەڵە و سەودای ئەو خانوانەوە کراوە.
دەی بەرپرسانی حکومیی، گەر ئەتانەوێت خەڵک ئەوەندە لێتان توڕەو ناڕازی نەبێت خێرا وەرنە سەرخەت و ئاسانکاریی بکەن و ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن بۆ هاووڵاتیان کە بەهەزار قەرزو قۆڵەو داماوی خانوویەکیان کڕیوەو دوای عومرێک هێشتا بۆیان تاپۆ ناکەن.