
د. هاوڕێ کەمال
نووسەر
ئەوەى دوێنێ دیفاکتۆ بوو ئەمڕۆ یاساییە

بە متمانەیەکى زۆرەوە، دەتوانین بڵێین ئەم رێککەوتنەى ئەمڕۆ واژوو کرا تایبەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، رێککەوتنێکى مێژووییە لە ئابوورى کوردستان و تەنها رێککەوتنێکى کاتى نییە، بەڵکو بنەمایەکە بۆ یاساى بودجە و یاساى نەوت و غاز، کە ئەمەش لە خۆیدا دەبێتە هۆکارێکى یاسایى بۆ گۆڕینى نەخشەى ئابوورى لە هەرێمى کوردستان لە لایەک و چوونە ناو نەخشەى ئابوورى جیهانەوە لە لایەکى تر.
لە رابردوودا گەورەترین لەمپەر لەبەردەم هەرێمى کوردستان ئەوە بوو کە نابێت خاوەنى ئابوورى بەهێز و سەربەخۆ بێت و نابێت نەوت دەربهێنێت، ئەوە بوو جەنابى سەرۆک بارزانى وەک هەمیشە کە لەسەر مافە نەتەوەییەکان تەحەداى تا سەر ئێسکى کردووە و نەوت دەرهێندرا، پاشان رازى نەدەبوون بە هەناردەکردنى و ئەوەش بە پێداگرى بووە دیفاکتۆ، بەڵام کێشەى یاسایى زۆر بۆ دروست دەکرا و کۆسپ بۆ هاتنى کۆمپانیاکان دروست دەکرا، له کۆتاییدا بە پێى ئەم رێککەوتنە، چیتر نەوتى هەرێم کێشەى یاساییبوونى نییە و هەرێمى کوردستان بەرەو پێشکەوتنێکى ئابوورى گەورە دەبات، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوەى پێرێ بڤە بوو و دوێنێ دیفاکتۆ بوو ئەمڕۆ یاساییە و بۆ سبەینێش ئاسۆیەکى روونترە.
ئەوەى کە شایەنى باسە حکومەتەکەى بەڕێز سودانى نیازپاکى پێشانداوە بەرامبەر بە حکومەتەکەى بارزانى، حکومەتى ئێمەش لەسەر بنەماى دەستورى و یاسایى هەماهەنگى بەیان کردووە، بۆیە زۆر پێویستە لە قۆناغى داهاتوو بۆ سەرکەوتن و پەرەسەندنى ئەم لێکتێگەیشتنانەى هەردوو حکومەتەکە، هەموو لایەنە کوردستانییەکان بە گشتى و بەشداربووانى حکومەت بە تایبەتى هاوکار و هەماهەنگ بن لەگەڵ سەرۆکى حکومەتەکەیان، چونکە هەنگاوى تر زۆر ماوە کە لە ئاواتخوازى رێزدار مەسروور بارزانییە ئەنجامى بدات و گرنگترینیان فرهچهشنکردنی سەرچاوەکانى داهاتە، کە لە ئابوورى تاک ئاراستەیى دەربازبین و تەنها پشت بە نەوت نەبەستین، بەڵکو کشتوکاڵ و پیشەسازى و خزمەتگوزارییەکان و گەشتوگوزارى و هتد پێکهێنەرى ئابوورى کوردستان بن، هەروەها رێکخستنەوەى پهیکهری کارگێرییە، بە چەشنێک کە رێگر بێت لە رۆتین و گەندەڵى و، دروستکردنى رێگاوبانى نێودەوڵەتى و ستراتیژى، کە ئەمانە هەمووى دامەزراندنى ژێرخانى وڵاتن و ئەرکێکى گەورەن.
ئەوەندەى من ئاگادارى کاری ئهم کابینهیه بم، هەنگاوى زۆر گەورە و جدیم بینیوه، کە بەتەواوەتى دۆخى ئیدارى و ئابوورى و ئەکادیمى و زانستى و سەربازى و ئاستى لێهاتوویى فەرمانبەرانى حکومى و کارمەندانى کەرتى گشتى و بازارى کار گۆڕانکارى تەواوى بەسەر دێت. زۆربەى کارەکان لەم کابینەیەدا ستراتیژین و لەسەر بنەماى زانستى داڕێژراون و مەرجى بەپەلە بەرهەم هاتنى تێدا نییە، بەڵکو بە کواڵتى و پێکانى ئامانج بە وردى تێدایە، کە سوودەکەى تەنها بۆ چەند کەس و چەند ناوچەیەک و چەند ساڵێک نییە، بەڵکو زۆر فراوان و درێژخایەنە.
هیوادارم ئەوانەى کێشەى سیاسى و بەرژەوەندى شەخسییان هەیە، هەوڵى ئەوە نەدەن لەمپەر بۆ ئەم هەنگاوانە دروست بکەن و دۆخى خەڵک تێک بدەن، چونکە ئەم هەنگاوانە خۆیان لە خۆیاندا کارێکى ئاسان نین و پێویستیان بە ئیرادەیەکى گشتى هەیە، بەداخەوە ئەوەى لە ئەمڕۆیى هەرێمى کوردستاندا دەیبینین ئەوانەى خۆیان به "کهمینهیهکی ناڕازى" دەزانن، خاوەنى پەیامى جدى و بابەتییانە نین، بەڵکو زیاتر کینە و بەرژەوندى شەخسییە و لە برى پشتگیرى و قوربانیدان بۆ قەوارەکەیان دڵخۆش دەبن بە هەر مەترسییەک کە رووبەڕووى ئەم قەوارەیەیان دەبێتەوە، کە خەونێکى لە مێژینەى کورد بوو و خەڵکش ئاڕاستە دەکەن لە رێى راگەیاندنەکانیانەوە کە دژى نیشتمانەکەى خۆیان بن بێ ئاگا لەوەى هەموومان لە ناو یەک کەشتین و یەک چارەنووسمان هەیە، زۆر جار بابەتى زۆر بچوک کە لە زیانى هەرێمى کوردستان بێت گەورەى دەکەنەوە بە خستنەسەر و دەستکاریشەوە و لە هەمان کاتدا دەستکەوتە گەورە و گرنگەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بێ بەها دەکەن و هەوڵە سەرکەوتووەکانى حکومەت بێ نرخ دەکەن، باشترین نمونە لەسەر ئەم دوو حاڵەتە راگرتنى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان بوو کە بە شکستێکى گەورەى حکومەتیان وەسف دەکرد و سەیر لەوە دابوو کە دڵخۆشیان دەرەبڕى کە خەڵکى کوردستان دووچارى قات و قڕى دەبێت و لەوەش سەیرتر ئەوەیە کاتێک حکومەتى هەرێم بەسیاسەتى حەکیمانەى سەرۆکەکەى توانى ئەو کێشەیە چارەسەر بکات هەندێکیان بێ بەهاى دەکەن و بەڵکو بە شکستى وەسف دەکەن!
ئاخر ئەمە لە چ یاسایەک جێى دەبێتەوە؟ با واز لە یاساى کوردایەتى و نیشتمانپەروەرییەتى و ویژدان بێنین چونکە باوەڕیان پێى نییە، بەڵام بە یاساى عەقڵ و لۆژیک ئایا دەکرێت دوو کردەى پێچەوانەى یەکتر هەمان ئەنجامى هەبێت؟ لە بیرکاریدا یەک کۆ یەک بکەیت و یەک کەم یەک بکەیت هەمان ئەنجام دەدات؟ ئێستا با پێمان بڵێن هەناردەنەکرن و هەناردەکردنى نەوت هەمان ئەنجام دەردەچێت لاى ئەوان و هەر شکستە؟
بۆیە لە کۆتاییدا بەو هاوزمان و هاوخاک و هاوخوێنیانەمان دەڵێم مەبن بە دوژمنى خۆتان چونکە دواجار هەر ئیرادەى گەلى کوردستان سەردەکەوێت و حکومەتى هەرێمى کوردستان کە حکومەتى خەڵکە دەستکەوت لە دواى دەستکەوت و سەرکەوتن لە دواى سەرکەوتن تۆمار دەکات و بە وتەکەى جەنابى سەرۆکى حکومەت بە دەستکارى و گونجاندنەوە بۆ دۆخى ئێستاى پاش سەرکەوتن کۆتایى پێدەهێنم: ئەوانەى دوێنێ لەگەڵمان نەوەستان با ئەمڕۆ خۆیان نەکەنە خاوەن دەستکەوتەکانمان و سوود لە سەرکەوتنەکانمان وەرنەگرن!