کەرکووک و پێکەوەژیان لە ئێستادا

دیمەنێکی شاری کەرکووک
دیمەنێکی شاری کەرکووک

چەمکی پێکەوە ژیان لای ئێمەی کورد پیرۆزە و بە پراکتیکی کردوومانە، بەڵام ئەمەش بەو واتایە نییە کە ببێتە هۆی دەستبەرداربوون لە مافە دەستوری و شایستە هەڵبژاردنییەکانی گەلی کورد یان هەر گەلێکی تر لە ژێر ناونیشانی پێکەوەژیان، گەلی کورد ئەگەر بەشێکە لە عیراق و لە سیستەمی سیاسی عێراق و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بە پێی ئەو سیستەمە باوە ئەوە پێویستە ئەوەی لەسەر کورد ئەرکە بۆ ئەوانی دیکەش ئەرک بێت و ئەوەی بۆ ئەوانی تر مافە بۆ کوردش ماف بێت.

ئەگەر بە پێی پێکهاتەکان پۆستە باڵاکان دەسوڕێندرێتەوە (تدویر)ی پێ دەکرێت وەک ئەوەی لە کەرکووک کرا، ئەوە بۆ پارێزگاکانی بەغدا، مووسڵ، تکریت و دیالاش راستە، چونکە لەو پارێزگایانەش کورد رێژەیەکی بەرچاو پێک دەهێنن، هەروەهاتر بۆ خودی دەسەڵاتە فیدڕالییەکانش راستە کە بریتین لە سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و پۆستە باڵاکانی تر.

لە لایەکی دیکەوە ئەگەر هاتوو عێراق پۆستەکان لەسەر بنەمای لێهاتوویی پڕ دەکاتەوە کە لە دروستبوونییەوە تا ئێستا وا نەبووە ئەوە بۆ کەرکووکیش راستە.

لە کۆتاییدا دەڵێم، ئەگەر ئەو برا کوردانەی مێژوو و دەنگ و پۆستی کوردیان رادەست کرد لە کەرکووک بە بەهانەی سیاسەتی چەپکە گوڵەکە و خۆیان بەدەر دەزانن لەو سیستەمە سیاسییەی لە عێراق هەیە، خۆ باشتر وا بوو لە ناو هەرێمی کوردستان لە بابەتی پێکهێنانی کابینە و کۆمەڵێ پرسی تر بەرامبەر بە هاونەتەوەکانیان ئەم سیاسەتەیان جێبەجێ بکردایە لە بری سیاسەتی چەپکە دڕکەکە!