راستكردنەوەی بارە لاسەنگەكەی عێراق

راستكردنەوەی بارە لاسەنگەكەی عێراق
راستكردنەوەی بارە لاسەنگەكەی عێراق

سیستەمی فیدراڵی لە عێراق وەك ئەوەی لەدەستوردا گشت پێكهاتەكانی عێراق لەسەری ڕێكەوتن لەبواری جێبەجێكردندا نەهاتە بوون و تەنانەت زەمینەی هاتنەدیشی وەك پیویست سازنەكرا، بەلكو هەوڵێكی زۆری ناوخۆیی و هەرێمایەتیش هەبوون بۆ لەباربردنی و بەتاڵكردنەوەی سیستەمی فیدراڵی لە ناوەرۆك و بنەما ڕاستەقینەكانی خۆی، بۆیە هەرگیز دەستور نەبووە حەكەم بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەكان، بەڵكو ئەوە هێز و بارودۆخەكانن بوو كە لایەنەكانی پێكەوە كۆدەكردەوە یان لەیەكی دوردەخستنەوە، لایەك لە دۆخێكی دەستی بەمافێكی خۆی دەگەیشت و لایەكەی تر لە دۆخێكی تردا لێی وەردەگرتەوە، هەتا ئێستایش سیستەمەكە نەخەمڵیوە و بارەكە ناهاوسەنگ و لارە.

دەسەڵاتدارانی عێراق هەڵی ڕاستەقینەیان نەبوو بۆ دامەزراندنی دەزگا بنەرەتیەكانی فیدراڵی، وەك ئەنجومەنی فیدراڵی و یاسای نەوت و گاز و دەرچواندنی یاسای دادگای فیدراڵی و چارەسەركردنی ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و نێوان بەشێك لەپارێزگاكانی تری عێراق و هێنانەدی هاوسەنگی لە دەزگا ئەمینەكان و سوپا و نوینەرایەتیەكانی دەرەوە و...، بەڵكو هەمیشە هەوڵێك هەبوو بۆ بەهێزكردنی ئەو دامەزراوانەی كە هی سەردەمی مەركەزیەتن، كە یەكیك لەوانە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقی ناسراو بە(سۆمۆ)یە، كە بێگومان لە دامەزراوەی مەركەزی ناتوانرێت فەرمانڕەوایی دەوڵەتێكی فیدراڵی بكرێت.

دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2021، دەركەوت هێزە باڵادەستەكانی عێراق نەیانتوانیوە سەقامگیری ڕاستەقینە لە سیستەمی سیاسی وڵاتەكەدا دروست بكەن، ناڕەزایەتیەكانی پێش هەڵبژاردن دەریخست دابەشكاری داهاتیش لە عێراق هاوسەنگ نیە و دیدێكی مەركەزی لەو بوارەیش هەبووە، بۆیە هاوڵاتیان بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكانەوە دەیان ناڵاند، هەربۆیە ململانێكان بەشیوەیەك قوڵبوونەوە تەواوی سیستەمەكە كەوتە بەرمەترسی لەناوچوون.

لە میانەی گفتوگۆكانی دروستكردنی حكومەتی نوێی عێراق، دەركەوت تەنها دوو ڕێگە لەبەردەم ئەو حكومەتە هەیە، یان جێبەجێكردنی تەواوەتی دەستور و گەڕانەوە بۆ گەشەپێدانی دامەزراوە فیدراڵیەكان و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان بەپێی دەستور، یان لەناوچوونی تەواوی سیستەمەكە و سەركێشان بۆ شەڕی ناوخۆیی و ناسەقامگیری هەمیشەیی، هەربۆیە گشت لایەنەكان بەدوای گەرەنتیەوە بوون بۆ خواستەكانیان.

هەریمی كوردستان لەغیابی نەبوونی دامەزراوە فیدراڵیە دەستوریەكاندا هەوڵیداوە بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێم پیادەی دەسەڵاتە دەستوریەكانی خۆی بكات، بۆیە بەهیچ شێوەیەك ئامادەنەبووە دەسەڵاتی دەستوری خۆی ڕادەستی دامەزراوەیەكی حكومەتی عێراقی بكات كە سیستەمەكەی مەركەزی بێت، لەم ڕوانگەیەشەوە تێبینی لەسەر شێوازی ئیدارەدان وكاری سۆمۆ هەبووە، داوای هەرچی زووە دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی و دامەزراوەكانی تری كردووە، ئەوانەی بەگرنتی پێشوەتە زانیوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان لەگەڵ بەش بكات و وەك هاوبەش تەماشایان بكات.

كابینەی نۆیەم و خودی سەرۆكی حكومەت هەر لەكارنامەكەیدا ئەوەی خستەڕوو كە ئامانجیان چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستانە، كە گرفتی نەوت و بودجە لە سەرەكیەكانە، هەربۆیە لە ڕێكەوتنی پێكهێنانی كابینەی حكومەت ئەو خاڵەیان چەسپاند كە پێویستە ئەو بارە لارە ڕاست بكرێتەوە، لەم پێناوەیشدا دەرفەتی باشی بە حكومەتی نوێی عێراقدا و دانوستانی بەرهەمداری لەگەل كرد.

كۆتا قۆناغ كەتائێستا هەولێر و بەغدا پێی گەیشتوون ڕێكەوتنە لەپێناو هێنانەی دی فیدراڵیەتی ڕاستەقینە، سیستەمێك كە تیایدا گەرەنتی ماف و ئەركی هەموو لایەك بكرێت، ئێستا كە ڕێكەوتنی فرۆشتنی نەوتی كوردستان لەڕیگەی كۆمپانیای سۆمۆوە واژووكراوە  ئەمە هەنگاوی یەكەمی ڕاسكردنەوەی ئەو بارە لارەی عێراقە كە بیست ساڵە نەیتوانیوە سەقامگیری بەدی بهێنێت، بەم هەنگاوە هەم گرنتی مافی هەرێمی كوردستان و هەرێمەكانی تریش ئەكرێت لە دەرهێنان و فرۆشتن و وەرگرتنی داهاتی نەوت و وزەی خۆیان، هەمیش گەرەنتی ئەوە دەكرێت كە ئەو دەزگایانەی چاودێری داهاتی نەوت دەكەن مەركەزی نین و لەپێكهاتەكەیدا هاوسەنگی هەیە، لەلایەكی تریشەوە ئەو ستەمەیش ناهێڵێت كە نزیكەی دەساڵە هەرێمی كوردستانی بێ بەشكردووە لە بودجەی عێراق.

پابەندبوون بەم ڕێكەوتنە دەبێتە مایەی هێنانەدی سەقامگیریەكی ڕاستەقینە لە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و عێراقدا، هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانیش دەبی ئەو ڕاستیە لەبەرچاو بگرن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان تەعبیر لە قەوارەی هەرێم دەكات و مامەڵەی حكومەتی فیدراڵی لەگەڵ حكومەتە، هەر هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت هەر ڕاستكردنەوەیەكی باری ڕەوتی فیدراڵێ لە عێراق بەدەستكەوت بۆ خۆیان و خەڵك وێنا بكەن، هەموو سەركەوتن ودەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێم و هەنگاوە باشەكانی بە سەركەوتنی تەواوی قەوارەكە بزانن، بەتایبەتی هێزە سەرەكیەكانی پێكهێنەری حكومەت لەم ڕوەوە ئەركیان قورسترە و زیاتر حساب بۆ هەڵوێستیان دەكرێت لەناوخۆ، چونكە هەرهێزێك توانی خاوەنداری لەحكومەت و كیانی هەرێم بكات دەبیتە خاوەنی سەرمایەیەكی ڕەمزی گرنگ بۆی، پێگەی لەلای لایەنە عێراقیەكان بەهێزدەكات و متمانەیشی لەلایی لایەنە كوردستانیەكان پتەو دەكات، چونكە سیستەمی سیاسی لە كوردستان پشت بەهەڵبژاردن دەبەستێت و دوای هەرهەڵبژاردنێكیش گفتوگۆ ودانوستان دێتە كایەوە، كە بێگومان هەڵوێستی لایەنەكان لەو دانوستانانە پێگە و متانەیان لای یەك و بەیەكتر دیاری دەكات، لە كۆتاییدا عێراقێكی سەقامگیر وهاوسەنگ وخاوەن سیستەمی فیدراڵی ڕاستەقینە دەبێتە ژینگەیەكی لەبار بۆ پێكەوەژیان و یەكتر قبوڵكردن، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی ململانێكانیش ببنە ململانێی مەدەنی لەپێناو خزمەتی زیاتر بەهاوڵاتی و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی زیاتری هاوڵاتیان.