
ئاسۆ عهبدوللـهتیف
نووسەر
دیداری سەرۆکوەزیران؛ دەوڵەتداریی دروست و گوتاری راشکاویی

هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقدا قەوارەیەکی سیاسی دەستورییە، ئەم قەوارەیە، وەک حکومەت و پەرلەمان و زمان و كولتوور و خاكەكەی دیفاکتۆیەو، بە توخمی بنچینەیی و پێكهێنەری سەرەكیی دەوڵەتی تازەی عێراق ناسێندراوە لە دەستووری دانپێدانراوی ساڵی 2005 و ماف و خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانی و دارایی و كارگێڕییەكانی بە یاساكانی حكومەتی فیدراڵیی چەسپاوە، تەنانەت لە مادەکانی 117 و 126 و خاڵی چوارەمدا بە ئاشكرا هاتووە نابێت دەستكاری دەسەڵاتەكانی قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان بكرێت.
ئەم ستاتۆ دەستورییەی هەرێم رێگەپێدراوە و هەیە و خاوەنی دیسکۆرس و گوتار و دیبلۆماسییەت و هێزی پێشمەرگە و سوپای نیزامی و ئەجێندای نەتەوەییە و دەبێت بەردەوام بێت لە فراوانخوازی و گەشەسەندن، ئەمە خێروچاکەی هیچ دەوڵەت و گوتارێکی ستەمخوازانە و فاشیستیانەی مەزهەبی نییە و دەرئەنجامی شۆڕش و خوێن و قوربانییەکانی گەلی کورد خۆیەتی، لەناوخۆشدا دەبێت نوێنەری ویست و بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان و چین و توێژەکانی بێت و بەتۆپزی فۆڕمەڵە بکرێتەوە و بخرێتە خزمەتی عەقڵانییەت و فەزیلەتی تاک و خواستی میللی و کۆمەڵایەتی، چیتر بۆشایی و گاپی سیاسی و ئیداری دروست نەبێت لە نێوان فیگەرە سەرەکییەکانی حکومەت و خەڵکدا بەتایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان کە هێشتا لە قۆناغی بەریەککەوتنی ناسیۆنالیزم و دروستبوونی دەوڵەت نەتەوە و تۆتالیتاریزم و عەقڵیەتی فاشیستانەی عەرەبیدایە و لە دۆخی رزگاری نیشتمانی و بەدەستهێنانی مافە دەستووری و دیموکراسی و جڤاکی و ئەتنیەکانی خۆیدایەتی، بۆیە هەر هەوڵدانێک بۆ باشترکردنی دۆخی ناوخۆیی هەرێم و ئاشتکردنەوەی خەڵک و لایەنە سیاسیەکان، یەکسانە بە رووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی و ئۆتۆکراسی و ستەمکاریەکانی فاشیزمی مەزهەبی و نیەتی ستەمکاریانەی دەوڵەتی عێراق.
بۆ ناوخۆی کوردستانیش دیدارەکە، لە غیابی پەرلەمانی کوردستاندا، وەک دیداری سەرۆکوەزیران و پەرلەمانێکی بچوککراوەی خەڵکی بەشمەینەت و نوێنەرانی راستەقینە هاتە بەرچاوان.
دیداری راشکاوانەی سەرۆکوەزیران و خەڵکی کوردستان رێک نیشاندانی ئەو روانگە قوڵ و رەهەندە شاراوانە بوو بۆ رای گشتی عێراقی و نەیارەکانی، بۆ ناوخۆی کوردستانیش دیدارەکە، لە غیابی پەرلەمانی کوردستاندا، وەک دیداری سەرۆکوەزیران و پەرلەمانێکی بچوککراوەی خەڵکی بەشمەینەت و نوێنەرانی راستەقینە هاتە بەرچاوان، ئەو دیالۆگ و پرس و ستایلە مەدەنییە دەرخەری ئەوەبوو قەوارەی دەوڵەتداری و دەستوریی هەرێم لە هەڕەمی گرنگیدان بە خەمی گشتی و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی تاک و داکۆکیکاری مافەکانیاندا وەستاوەو سەپۆرتیان دەکات و هەمان کات خوازیاری چەسپاندنی مۆدێلێکی نوێی بەڕێوەبەرییە دوور لە موجامەلە و تیۆرو دەستێوەردان و پاشاگەردانی ناوخۆیی.
دیدارەکە سەرەتای بڕینی قۆناغێکی هەستیارە بەرەو چەسپاندنی نەهجی دیموکراسی و بڕیاردانی عەقڵانی دروست و چارەنووسساز.
ئەم جوڵەیە راستە جوڵە و کردەیەکی سیاسی ناوخۆیی و میدیایی گرنگ بوو، لێ وەک جوڵەی دەوڵەتانی دوای رێنیسانس و شۆڕشی فەرەنسی مایەی تێڕامان بوو بۆ میدیای ناوخۆیی و عەرەبی و بیانی و یارو نەیاری کورد، دیدارێکی مۆدێرن و لەسەرخۆو هێواش و دوور لە فەوزاو دروشم و خۆدەرخستن رێکخرابوو، راستە دارعەسای سیحری نییە بۆ چارەسەری قەیرانەکان و کۆتایی کۆی گرفت و ئازارەکان، بەڵام سەرەتای بڕینی قۆناغێکی هەستیارە بەرەو چەسپاندنی نەهجی دیموکراسی و بڕیاردانی عەقڵانی دروست و چارەنووسساز و سازشنەکردن و هێنانە قسەی خەمی پەنگخواردووی دڵی خەڵک بۆ باشترکردنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری و فۆڕمەڵەکرنەوەی دامودەزگاکان و شەفافیەت و مومارەسەکردنی قەوارەی دەوڵەت و نەتەوە لە چوارچێوە دەستوورییەکەی عێراقدا کە ناوی حکومەتی هەرێمە، نەوەک تەسلیم بوون و تێک شکان و خۆبەدەستەوەدان وەک هەندێک وێنایان کرد لە رابردوودا دوای بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دژی هەرێم.
كوردستان له ئێستادا ئاتاجی به روانگەی قووڵی دیموکراسی و فیکری راشکاو هەیە بەرامبەر خەڵک و چاککردنی گوزەران و بژێوی و مووچەدان و ئاوەدانی و عیمران، تا مومارهسهكردن و حوكمڕانییهكی راقی تەکنۆکرات بێتە ئارا، كه كۆی دیدگاکانی خەڵک و دەستەبژێرو ئەکادیمیست و پاڵە و رەنجدەران پێكهوه ئامانجهكانی بۆ دیاری بكهن نهك حیزب ئامانجهكان بکاتە قوربانی بۆی، ئهمه بۆ گهشهسهندنی ههرێم گرنگترین دەستکەوتە و دەبێت کاری لەسەر بکرێت و حکومەتی ئاییندە ئەگەر بنکەفراوانیش بوو بەرمەبنای تەوافوقاتی سیاسی و حزبی ئەوا دەبێت روانگە و ویستەکانی دووبارە دابەش نەکاتەوە بەسەر بنکەکانداو بەشێوە کلاسیکییەکە و بەپێی حەزو خواستی حزبی و موجامەلاتی سیاسیی.
کاتێک حکومەت هەست بە بوونی رەخنە و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک دەکات و دێتە سەرهێڵی گەرمی چارەسەریی لەگەڵیان ئەوە بۆخۆی هەنگاوە دروستەکەیە.
دیداری روبەڕووی بەردەوامی سەرۆکوەزیران و بەرپرسان و پانێڵسازیی و خستنەڕووی رەخنەو پێشنیازەکان لە میدیای هاوچهرخ، هاوزەمان پێویستی بە هۆشیاری گشتی و دیدی جێبەجێکاریی مەیدانیی هەیە لە گشت پارێزگاو هەرێمە بچووکەکان و دەسەڵاتیان بۆ شۆڕبکرێتەوە، کاتێک حکومەت هەست بە بوونی رەخنە و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک دەکات و دێتە سەرهێڵی گەرمی چارەسەریی لەگەڵیان ئەوە بۆخۆی هەنگاوە دروستەکەیە بەرەو پشتێنەی قایم و بەهێزکردنەوەی ئیرادەی ناوخۆیی بۆ چارەسەریی و ڕیفۆرم و بەهێزکردنەوەی شوناسی هەرێم.
حكومهتی راقی و دیموكرات و بهرههمهێن له ئێستادا دهبێت بهرمهبنای راوێژكاریی بهردهوام و سروشتی داواکاریی و خواستی كۆمهڵگهكهی بێت كه بزانرێت چی دهوێت؟ حكومهت گرنگه روئیا فراوان بێت نهك بنكه فراوان، هاووڵاتی ئازاد ههست بكات حكومهت بهشێك له خهونهكانی جێبهجێ دهكات و چیتر حزب بهتهنها بڕیار لهسهر چارهنووسی ئهو نادات لە ژوورە داخراوەکاندا، ئێمه له كوردستانی باشوور ههمیشه بۆ رازیكردنی حزب و ئایدۆلۆژیاكان و ئایینهكان و كهمهنهتهوهكان و شۆڕشگێڕهكان و رێساو زیهنییەتە باوهكان لە رابردوودا، هاتووین حكومهتمان درووست كردووه بۆ رازیکردنی ئهوانیترو داهێنانی سەقەتی پرۆسەی بە فەرمانبەرکردن و بەتاڵەی داپۆشراو لەبری دەرفەتی کارو وەرزێری و گەشتوگوزارو گرنگیدان بە بازاڕی ناوخۆیی و کەرتی تایبەت لەدەرەوەی حکومەت، دواجار نازانین گرفتی حوکمڕانی لە کوێدایە و لەسەرکەوتن کێ شکۆمەندە و لە شکست کێ بەرپرس، لهكاتێكدا حكومهت پێویسته داڕێژهری سیاسهت و ستراتیژی دوورمهودابێت و ئەرک و ماف و سزاکانی ڕوون و ڕاشکاوبن بۆ هاوڵاتی، خهریكی پرۆژهو دونیابینی خۆی و ئهجێندای گشتی و تاقیكردنهوهی هێزو كارامهیی و داهێنانهكانی بێت نهك گهمهی بچوك و لاوهکی.
ویست و ئیرادەیەکی بەهێزی کوردستانی هەیە بۆ گرنگیدان بە رەخنە و سەرنجی خەڵکی لەسەر کۆی پرۆسەی حوکمڕانی هەرێم وەک ئەوەی لەو دیدارەدا بینیمان.
ئێستا خۆشبەختانە دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەو تێپەڕاندن و پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵەی عێراق، لە (12ـی حوزەیرانی 2023)ـی پەڕلەمانی عێراق راستکردنەوەی هەندێک رێڕەوی هەڵە لەگەڵ بەغداد دەستی پێکردوە، ویست و ئیرادەیەکی بەهێزی کوردستانی هەیە بۆ گرنگیدان بە رەخنە و سەرنجی خەڵکی لەسەر کۆی پرۆسەی حوکمڕانی هەرێم وەک ئەوەی لەو دیدارەدا بینیمان و سەرۆکی حکومەت بە راشکاوی هەم دیدگای قوڵی حوکمڕانی خۆی خستە ڕوو، هەم گوێی گرت لە سەرنج و داواکاریەکانی خەڵک،هەم پەنجەی خستە سەر کێماسی و بیماریەکان، ئینجا کاتی ئەوەیە لاپەڕە نوێکە هەڵبدرێتەوە بەرەو چاکسازیی ڕاستەقینە.
حکومەت هەر ئەوەیە ئاوا میانەی خۆش بکات لەگەڵ ناوخۆو دەرەوە، بریتی نییە لە سیاسەتکردن لە رووبەری حیزبی و مۆنۆپۆڵکراوی ئایدۆلۆژیی تەسک و بیزنس و دیوی تاریکی بچووک micro_political، حکومەتی کاریگەرو راقی کایەی گشتیی فراوان و دیدی فەلسەفی بەڕێوەبەری گەشەسەندوو بۆخۆی دروست دەکات بۆ فەراھەمکردنی فەزیلەتی تاک و رووبەری سیاسی گشتی دەکاتە موڵکی خۆی macro_political، حکومەتی دروست بریتییە له كۆمهڵێك كایهی سیاسی و ئیداری و یاسایی و دیدی جیاواز بۆ حوكمرانی، ئەمەش له چهند روانگه و تێزێك پێك دێت كه یهكتری تهواو دهكهن، پلاندانان و لێپرسینهوه و بهدواداچوون، سفركردنهوهی كێشهو نههێشتنی بێكاری و بهرزكردنهوهی ئابووری و بههای ئابووری وڵات و كهمكردنهوهی ههڵاوسان و ئاسایشی گشتی، ئهو دهوڵهتهی پشت بهم پرهنسیپه دهبهستێت بۆ حوكمرانی ئهوه حكومهتێكه لهسهر شارێی گۆرانكاری و پێشڤهچوون و دیموكراسی دەڕوات بهرهو دهوڵهتی مهدهنی.
ئهوهی گرنگه بۆ حكومهتی ههرێم له داهاتوودا کارکردنە لەناو ئازارەکانی خەڵک و رووبهری گشتی و باشکردنی فەزیلەتی تاک.
ئهوهی گرنگه بۆ حكومهتی ههرێم له داهاتوودا کارکردنە لەناو ئازارەکانی خەڵک و رووبهری گشتی و باشکردنی فەزیلەتی تاک، له رووبهری تهسك بێتهدهرهوهو بهپێی ئهم رێكارو پرهنسیپ و میتۆده مهدهنیه كاربكات، حكومهتی ئۆلیگاریشی ماڵی و دارایی و قۆرخکاری لە وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بازاڕدا جێبهێڵێ و دەستکاری بکات بەقازانجی خەڵک، ئاییندە گرنگیدانە بە بازاڕو فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی و ئازادی وتن و رێزگرتن لە رای گشتی و ئاشتەوایی، تا بهربگرین له بهههدهردان و گهندهڵی رێکخراو، كه خهریكه بۆ ئهم نهوهیه دهبێته قهناعهت و میراتێكی خراپی کەڵەکەبوو.
دەبێ لەم گفتوگۆو دیدارانەدا پرسێک بەجددی یەکلایی بکرێتەوە، کە ئاخۆ کێ لە حوکمڕانیە و کێ لەدەرەوەی گوتاری حوکمڕانی، ئەو پاڕادایمە دووبارە دەبێت فۆڕمەڵە بکەینەوە بەرەو بڕیاری دروست، گەڕانەوە بۆ عەقڵانیەت و ئاکاری گشتی حوکمڕانی و چاودێریی وەک تۆماس هۆپز کە رای وایە دهوڵهتی دامەزراویی پاڵپشت بە ماف و یاساکان چەند بنەمایەکی گرنگی هەیە وەک، پاراستنی ئارامی و ئاسايشی ناوخۆیی و دەرەکی و پشتگيرى هاوڵاتی بۆ قەوارەو دەوڵەتەکەی کە ئینتیمای بەرزە و هاندانیان بۆ خۆشگوزەرانی گرنگە.
تۆماس هۆبز (1588-1679) بیریاری سیاسیی ئینگلیز، لە سەدەی حەڤدەیەمی زایینی، خواست بۆ گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەخاتەڕوو، بە شێوەیەک ئەو گرێبەستە پاسەوانی ئارامی و هێوریی کۆمەڵایەتی و خودی پایەگاکانی سیستم بێت لە پێشدا، دواتر ماف و ئازادییەکان بە گرنگ تەماشا دەکات بۆ حوکمڕانی وەک تیۆری گونجاندن، هەموو ئەوانە لەپێناو خودی فەزیلەتی تاکدایە بۆ دوورخستنەوەی توندوتیژی و هاریکاریی یەک و ترس لە ستەمکاری و تێکچوونەوەی سیستم. چاکسازی ڕاست ئەوەیە لە ناو حوکمڕانیەکەو لە ناوەوە ئیش بکەیت بۆ ڕیفۆرمی گشتی و نزیکی خەڵک بیت تا خەڵکیش پارێزەری ئەو سیستمە کوردییە بێت بەرەو دروستکرنی ئەو دیدە هۆپزییە بۆ حوکمڕانی و پاسەوانی ئارامیی، نەک بێئومێدی و هەڵهاتن لە واقیع، چونکە ئەوانەی دەستکەوتەکانی راپەڕین رەتدەکەنەوە و ئەوانەش هۆگری دەستکەوتەکانن هەردووک، کوردو کوردستانی و نەوەی شۆڕشەکان و راپەڕینەکانن و کوڕی ئەم میللەتەن و دەبێت پارێزراوبن، هەردوولا نان و ئازادییان دەوێت، بەڵام دوو نان و دوو جۆر ئازادیی بوونی نییە لە یەک سیستمداو دەبێت یەک بخرێت بە پلان.