مەندووبی کەیفسازی حساب بۆ نەکراو!

مەندووبی کەیفسازی حساب بۆ نەکراو!
مەندووبی کەیفسازی حساب بۆ نەکراو!

هەندێک مەندووبی حساب بۆ نەکراوی وادە تەواوبوو، خانەنشینی بندەستی یاسا جەبرییەکانی حەشدی شەعبی عێراقن، کە زۆر کەیفیان بە سوکایەتی و جنێو دێت بە پیرۆزییەکانی نەتەوە و نیشتمان و وادەزانن مووچە و ئیمتیازەکانیان لە نەبوونی قەوارەی هەرێم پارێزراو دەبێت و عێراق ئیتر وڵاتێکی دامەزراوەیی و دەستووریی دیموکراسییە و ئەوان هەرئاوا بە کەیف و سەفا دەمێننەوە بۆ مەدح و سەنا!

باشترە مەندووبی حساب بۆ نەکراو، بەمەبەستی لێدان لە قەوارەی هەرێم و خزمەتکردن بە ئەجێندای حەشدی شەعبی و ئیتاری تەنسیقی و مالیکی و خەزعەلی و سەنەدییەکان و کیلابی زمانەکان، ئەوەندە ئیش لەسەر میزاجی شەقام و ختوکەدانی خەڵک و رای گشتی کوردستانی نەکەن.

خۆ دەزانن کە سیاسەتکردن بریتی نییە لە قیڕەقیڕ و دەنگە دەنگ و زاهیرەی سەوتی و رۆشتن بۆ بەغداد بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش و ناسنامەی کۆن و پارێزبەندی ئێکسپایەرەوە، خۆ سیاسەتکردن شرۆڤە نییە لەسەر مووچەی تێر و پاسپۆرتی دیپلۆماسی و وشە ریزکردن، هەروەک بریتی نییە لەوەی هەیە و بووەتە رووداو، سیاسەت بریتییە لە هاوکێشە ئەمنی و نەخشە نادیارەکان و بکەرە شاراوەکان، حەزم لێیە مەندووبی دەنگبەرزی ناقۆڵایی مەزهەبیی کوردیی دیوە شاراوەکەی سیاسەت ببینن چونکە بۆ بەرپێی خۆیان باشترە تا نەگلێن، چونکە سەدان جار گلان و فێرنەبوون.

دەزانن لە کەیەوە باسی گۆڕانکاری و شۆڕش و دادگەری و شتی وادەکەن هەر لەدوورەوە، کەچی ناشیەنە سەرشەقام و منداڵەکانیشیان هەر نازانن ناڕەزایەتی و بایکۆتی قوتابخانەکان چییە بەهۆی خوێندنی پرایڤت و هایکۆستەوە، کە لەسەر رەنج و عارەقە و خوێنی خەڵکی ناڕازیی وەری دەگرن و دەیخۆن!

دادگەری و دادپەروەری و هات و هاوار بۆ ماف، پێش ئەوەی تیۆری و قسەکردن بێت سلوک و رەفتارە، لێرە قسە لەسەر سیستمی کۆنی داڕزاوی خوێندن و پەروەردە دەکەیت، ئەوە دادگەرییە بە مەرجێک خۆت هەبیت لەو سیستمەدا و زەجر بکێشیت بەدەستییەوە، بەڵام کاتێک کچ و کوڕەکەت بە پارەی دوو حکومەتی کوردی و عێراقی و ئیمتیازە بەدەستهاتووە نادیارەکان دەنێریتە باشترین خوێندنگە ئەهلییەکان و زانکۆکانی ئیستانبوڵ و هایدڵبێرگ، ئەوە بەدڕەفتارییە و نەریتی خان و خێڵ و ناعەدالەتییە و وەک پاڵەوان مەیفرۆشە بە خەڵک، مەندووبی ئاوا مەندووب و چاودێر و یاسادانەر نییە بەڵکو دەوەن بەئاشە (قیڕە و هەرای بێسوود) لەناو مەتبەخێکی گەرمی پشتیوانیکراوی موخابەراتی مەزهەبیدان و بوونەتە پڕۆکسی (الوکیل) وڵاتانی دژە هەرێم و بەڕاست و چەپدا وێنەی ناشیرینی ئەم هەرێمە دەکێشن و سەنەمی بێڕۆحی بۆ دائەتاشن.

سێبەرە گەورەکان جوڵەی بێدەنگ دەکەن، ئێوەش هەر قیڕەقیڕ و دەنگەدەنگ و خەڵکیش دەبێ نائومێدی بچنێتەوە، هەموومان دەڵێین؛ نەفرەت لە دۆخی گەندەڵی و بێمووچەیی و بێ بەرنامەیی ئەو ساڵانەی فێڵمان لێ کرا، دەی لەو ساڵانەی رابردوو کە فێڵی بودجە و دادگا و سکاڵامان لێکرا، ئێوە گەر جورئەت و شەهامەتی ئەوەتان هەبا، چوار یاساتان دەنوسییەوە بۆ پاراستنی ماف و ئیمتیازەکانی فەرمانبەرانی هەرێم و زەمان کردنیان، وەک چۆن بۆ خۆتان نووسییەوە بەزەمان و دەستەبەری کۆمەڵایەتی عێراقییەوە؟