یەکبوونی كورد ستراتیژی سەرکەوتنی كوردستانە

یەکبوونی كورد ستراتیژی سەرکەوتنی كوردستانە
یەکبوونی كورد ستراتیژی سەرکەوتنی كوردستانە

نزیکەی دەیەیەکە هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی دەستوری دانپێنراو لە چوارچێوەی عیراقی فیدڕاڵ بە هۆکاری سیاسەتی هەڵە و دژە فیدرالیزمی حکومەتی فیدڕاڵ، دوور لە بنەماکانی دەستور، ڕوبەڕووی ئالنگاری و قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئاسایشی جیاجیا بووە، کە لە هەندێ بارودۆخدا بەگشتی بۆتە مایەی هەڕەشە لەسەر سەقامگیری و یەکگرتنی هەرێم.

بۆیە زۆر گرینگە لە سایەی گۆڕانکارییەکانی هەرێمی و ئەو هەل و مەرجەی ئەمڕۆ ناوچەکە بە خۆیەوە دەیبینێ، هەردوو حزبی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نێستمانی کوردستان) بەدوای فۆرمێکی نوێی پێکەوەکارکردن و هاوکاری بگەڕێن و ناکۆکییە قووڵەکانی نێوانیان تێپەڕێنن، تا بتوان لە ئاستی ئەو گۆڕانکاریانە بن و ڕێژەی هەماهەنگی نێوانیان بەرزبکەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزییەکان و سوود لە باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان وەربگرن و ئامادەکاری بکەن بۆ وێستگە سیاسییە گرینگەکان، لەوانە هەردوو هەڵبژاردنەکان لە عیراق، بۆ  نوێنەرانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و لە هەرێم بۆ دەستنیشانکردنی نوێنەرانی پەرلەمان، کە هەر دەبێ لە کات و ساتی دیاریکراوی خۆی لە سەرتای ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێ.

کۆبوونەوەی سێ شەممە، ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ی هەردوو حزبی سەرەکی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسییان لە پیرمام ئاماژەیە بۆ گواستنەوە لە قۆناغی ئاشتەوایی بۆ قۆناغی هەماهەنگی و یەکخستنەوەی سیاسەتەکان بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەی ئەو ئالنگاریو نائاساییانەی، کە بەڕاستی ئاراستەیەکی مەترسیداران گرتبووە بەر بەرامبەر بە یەکپارچەیی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان.

یەکبوونی کورد ستراتیژی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم، لە ڕێگەی بەهێزکردنی خاڵە هاوبەشەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکان بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی كوردستان گرینگی خۆی هەیە.

سەرجەم ئەو دەسکەوتنانەی تر، کە هەردوو حزبی سەرەکی مەبەستیانە لە ڕێگەی هەڵبژاردن بەدەستی بهێنن و بابەتەکانی تری وەکو کێشەی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا، یان کێشەکانی پەروەردە و نەوت و پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، کەرەستەی لاوەکی حکومڕانین، دەکرێ لەسەر ئاستی ناوخۆ بە دیالۆگی ئەرێنی چارەسەر بکرێن.

دروستکردنی سه‌نتێز له ناوماڵی کورد و بەردەوامبوونی هەردوو حزب لەسەر کۆبوونەوە و دیداری فروانتر دەتوانێ دیدگای ستراتیژی بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە هەرێمییەکان لەسەر قەوارەی هەرێم بەهێزتر بکات.

ڕاستە کایه‌ی سیاسیی ئێمه ئه‌مڕۆ له رابردوو فره‌چه‌شنتر و ئاڵۆزتره، بەڵام حکومەتی فیدڕاڵ کاتێ فشارەکانی بۆ سەر هەرێم زیاتر کردووە، کە بینیویەتی پەرتەوازەیی لەناو ماڵی کورد بوونی هەیە. ئێمە پێمان وایە ناکۆکییە فیزیکییەکان دەتوانن دابەشبوونی زیاتری کۆمەڵگەی کوردی و بەکارنەهێنانی پۆتانسیالە نەتەوەییەکانی لێ دەکەوێتەوە، کە زۆر پێویستن بۆ قۆناغەکانی نیشتمانسازیمان.

بە پێچەوانەوە تەبایی و هەماهەنگی زیاتری نێوان حزبە سیاسییەکان لە کوردستان دەتوانێ دینامیزمی گەورەی سیاسی بخوڵقێنێ، تا عەقڵیەتی یەکتر سڕینەوە کاڵبێتەوە و مامەڵەکردنی درووست بگیرێتە بەر بۆ زیاتر لە یەکتر نزیکبوونەوە و درووستکردنی هاوبەشی ڕاستەقینە.

ئامانج لە کۆبوونەوە دیدراەکان پێویستە بۆ لێك نزیککردنه‌وه‌ی ڕوانگه‌کان و دروستکردنی سه‌نتێز له‌سه‌ر ئامانجه‌کان و شێوازی خەبات بێ بۆ گەیشتن بەو ئه‌و ئامانجانەی، کە یارمه‌تیمان دەدات لە هێنانەدی کۆمه‌ڵگەیه‌کی  مەدەنی کار و چاوه‌دێر و درووستبوونی دەستەبژێرێکی سیاسیی وڵامده‌ری ئەم قۆناغە هەستیارە.

گوتاری سیاسی کورد لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵ و بۆ دەرەوە پێویستە دووربێ لە دابەشکاری و پاشکۆیەتی، ئەو گوتارە پێویستە هەمەلاینگیر بێ و ڕەنگدانەوەی هەموو هەستیارییە فەرهەنگی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان بێ و لە خزمەت ئاراستەیەکی هاوبەشی نەتەوەیی بێت.

پێویستە فەلسەفەی کارکردنی حزبە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو قوربانیدانە بۆ کوردبوون و سەربەخۆیی کوردستان، دۆگماتیزم و دەماگیری تێپەڕێنێ و میتۆدەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی هەمیشە بە پێوەر و بنەمای کاری ئایندەییان دابنێن و باوەڕی تەواویان بە یەك مەرجەعی سیاسی هەبێت و لە ژێر ڕکێفی ئەو مەرجەعە سەربەخۆ و پشتبەستووە بە جەماوەری کوردستان سیاسەتەکانی خۆیان بۆ دەرەوە داڕێژن.

ڕێکەوتن لەسەر چوارچێوە و میکانیزمی یەکگرتن هەنگاوەکان ریكتر و هەماهەنگییەکان تۆکمەتر دەکات، دوور لە گرژی ناوخۆیی و لەکیسچوونی دەرفەتەکان.

ئێمە لەسەر لێواری جیهانێکی نوێین، تێیدا هەموو دامەزراوە مرۆییەکان لە ڕووی فەلسەفە  و دامەزراوەوە دووبارە پێناسە دەکرێنەوە.  یەکبوون و بە بەرزڕاگرتنی بەها مرۆییەکان و بە پشتبەستن بە لۆژیكێکی دوور لە سۆز، دەکرێ کار بۆ سەروەری نیشتمانی بکرێت، بە تایبەتی لە دیاریکردنی سیاسەتەکانی ناوخۆ و دەرەوە، بێ  ئەوەی دەستێوەردانێکی دەرەکی بوونی هەبێ.

دواجار نیشتمان بنەمای ژیانێکی سەقامگیر و پارێزراوە و لە ژێر هەموو بارودۆخێکدا شکۆی ڕۆڵەکانی دەپارێزێت، بۆیە پێویستە یەك بگرین و ببین بە پەنا و پاڵپشتی ڕاستەقینەی سەرکردەمان.