گەلی کوردستان لە بەرامبەر هەڕەشەی بەغدا و بڕیاری تاکلایەنە

گەلی کوردستان لە بەرامبەر هەڕەشەی بەغدا و بڕیاری تاکلایەنە
گەلی کوردستان لە بەرامبەر هەڕەشەی بەغدا و بڕیاری تاکلایەنە

لە مێژووی هاوچەرخی عێراق و لە دوای پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر وەك پێوەری سەرەکی بۆ چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی و دیموکراسی تەماشاکراون. 

ئەو زنجیرە بڕیارە کارگێڕی، ئاسایشی و دادوەرییانەی کە لە تشرینی دووەمی 2026ـدا لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی فالح زەیدییەوە سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوورییەکان دەرکران، لەگەڵ راگەیەندراوی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، جارێکی دیکە مشتومڕێکی قووڵی دەستووری و سیاسییان لێکەوتەوە و ئەو راستییەیان خستەڕوو کە عەقڵیەتی ناوەندێتی لە بەغدا جارێکی دیکە خەریکە لە رێگەی هێز و زمانی هەڕەشە مامەڵە لەگەڵ قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکات. 

هەرچەندە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامانجی ئەم هەنگاوانەی بە بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی نەوت و رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان و کۆنترۆڵکردنی داهاتەکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی فیدراڵی وەسف کردووە، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسی و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بە روونی دەزانن کە هەرێم خاوەنی مافی رەوا و دەستووریی خۆیەتی و زیاتری لەو مافانەی لە دەستووردا جێگیر کراون داوا نەکردووە، بەڵکو ئەم بڕیارانە پێشێلکردنی راستەوخۆی دەستوور و لادانن لە بنەماکانی فیدراڵیزم.

لە رووی دەستووری و یاساییەوە، بڕیارەکانی وەرگرتنەوەی دەروازە سنوورییەکان، کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی سنووری کەرکووك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین، و راگرتنی هەناردە بە شێوەی تاکلایەنە، ناکۆکن لەگەڵ ماددەکانی (110، 112, 114 و 115)ی دەستووری عێراق کە بەڕێوەبردنی نەوت و دەروازە سنوورییەکانیان لە چوارچێوەی دەسەڵاتە هاوبەشەکان رێکخستووە و لە دەرەوەی دەسەڵاتە حەسرییەکانی ناوەندیشدا ئەولەویەتیان داوەتە یاسای هەرێمەکان. 

هەرێمی کوردستان کە یەکێك بووە لە دامەزرێنەرانی ئەو سیستەمە فیدراڵییەی دەستووری 2005 بنیاتی ناوە، هەمیشە پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای ماف و ئەرکە دەستوورییەکان رێکخستووە، بۆیە هەر هەنگاوێك لە دەرەوەی میکانیزمە دەستوورییەکان پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کوردستانە. 

هاوکات، راسپاردنی سوپا و هێزە چەکدارەکان بۆ داخستنی رێگەکان و بەکارهێنانی زمانی سەربازی لە دۆسیەیەکی کارگێڕی و دارایی، پاشەکشەیەکی مەترسیدارە لە چەمکی دەوڵەتی مەدەنی و بازدانە بەسەر نەخشەڕێگەی ماددەی (140)دا. 

ئەزموونیش سەلماندوویەتی کە ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانی سەربازی هیچ کێشەیەك چارەسەر ناکات و لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی وڵاتدا نییە.

لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانە، هەڵوێستی سەرکردایەتی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان خاوەن قورساییەکی مێژوویی، نیشتمانی و دەستووریی بەهێز بوو. 

سەرۆك مەسعود بارزانی وەك مەرجەعی باڵای کوردستان لە پەیامێکی روون و یەکلاکەرەوە جەختی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی سەد ساڵەی گەلی کوردستان و خوێنی سەدان هەزار شەهیدە و رۆڵی سەرەکیی هەبووە لە رووخاندنی دیکتاتۆریەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ، بۆیە لە کاتێکدا هەرێم پاڵپشتی لە چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی و قاچاخچێتی دەکات و بە کردەوە هاوکار بووە، بە هیچ شێوەیەك ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ کەس و لایەنێکەوە، چونکە دەبێت عەقڵ و دەستوور حاکم بن نەك میزاج و زانیاریی هەڵە. 

بە هەمان گیانی بەرپرسیارێتی و پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان، هەردوو سەرۆکایەتیی هەرێم، حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان، شانبەشانی راگەیەندراوی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە توندی زمانی هەڕەشە و ئاخاوتنی سەربازییان رەتکردەوە و دووپاتیان کردەوە کە قەوارەی دەستووریی هەرێم و ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان "هێڵی سوورن" و دەبێت دەستوور تاکە دادوەر و حەکەم بێت لە نێوان هەرێم و بەغدا. 

لەسەر ئاستی دامەزراوە فیدراڵییەکانیش، هەریەک لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئاماژەدان بە ماددەکانی (93 و 94)ی دەستوور، روونیان کردەوە کە پابەندبوون بە دەستوورەوە ئەرکێکی ناچاری و پابەندکەرە بەسەر هەمووانەوە، و تەنیا دادگای باڵای فیدراڵی دەسەڵاتی لێکدانەوەی دەقە دەستوورییەکان و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی هەیە، هاوکات جەخت لە پەسەندکردنی بودجەیەکی دادپەروەر و هاوسەنگ کرایەوە کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان بپارێزێت.

بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زانستی، دیپلۆماسی و کاریگەر بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکات و رێگری لە دووبارەبوونەوەی عەقڵیەتی ناوەندێتی و بڕیاری تاکلایەنە بگرێت، پێویستە حکوومەت و سەرکردایەتیی هەرێم کۆمەڵێك راسپاردەی ستراتیژی جێبەجێ بکەن. 

لە پێش هەموویانەوە، پێویستە ئەو یەکڕیزی و کۆدەنگییەی لە پەیامەکانی سەرۆك بارزانی، هەردوو سەرۆکایەتی، حکوومەت، پەرلەمان و راگەیەندراوی هاوبەشی پارتی و یەکێتیدا رەنگی دایەوە، بگۆڕدرێت بۆ هەماهەنگییەکی دامەزراوەیی تۆکمە و پێکهێنانی شاندێکی باڵای یەکگرتووی حکوومی و سیاسی بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ و شەفاف لەگەڵ بەغدا. 

هاوکات، هەرێمی کوردستان پێویستە بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووریی تۆکمە، لە رێگەی تیمێکی پسپۆڕەوە سکاڵا و تانەی فەرمی لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمار بکات دژی هەر بڕیار و رێوشوێنێکی نادەستووری و سەربازی کە دەستدرێژی بێت بۆ سەر دەسەڵاتەکانی هەرێم، تاوەکو ململانێکان لە چوارچێوەی دەقی دەستوور و رێکاری یاسایی بمێننەوە. 

لەسەر ئاستی ناوخۆیی و کارگێڕییش، لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێم بە شەفافییەت کار دەکات و هەنگاوی کردەیی و بەردەوامی بۆ چاکسازی، رێکخستنەوەی داهات و دەروازەکان ناوە، گرنگە بە هەمان گیانی هاوکاری و لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان و دامەزراوە چاودێرییەکان درێژە پێبدات و بە شێوەیەکی دەستووری مامەڵە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات، تاوەکو هەم ماف و سەروەریی هەرێم بە تەواوی پارێزراو بێت و هەم راستیی هەوڵە چاکسازییەکانی هەرێم بۆ هەمووان روونتر بێت و هیچ بیانوویەك بۆ تۆمەتی ناڕەوا و هەڵمەتی چەواشەکارانە نەمێنێتەوە.

 لە کۆتاییشدا، پێویستە هەرێمی کوردستان دیپلۆماسیەتێکی چالاك و ئارام لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و هێزە نیشتمانییە پابەندەکان بە دەستوور لە عێراق بگرێتە بەر، بۆ ئەوەی پەیامی گەلی کوردستان وەك فاکتەری سەقامگیری و پارێزەری بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان بە روونی بگاتە هەموو لایەك.