سیاسی
د. پەرێز نەجمەددین کەریم
د. پەرێز نەجمەددین کەریم

نووسەر

ئایا چەمکی سەروەری گۆڕاوە یان سیستمی نێودەوڵەتی لە داڕماندایە؟

عێراق و ئێران
عێراق و ئێران

وڵاتانی جیهان پەنایان بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی دەرەوەی سنوورەکانیان نەدەبرد، مەگەر ئامادەنەبن بۆ بەشداریکردن لە شەڕێك كە درێژخایەن و تێچووی زۆری هەبێت، و شایەنی قوربانییەکی لەو شێوەیە بێت. بەڵام لەم سەردەمەدا بووەتە شتێکی باو، ڕووسیا دەستی پێکرد، ئێرانیش پەیڕەوی کرد، ئەمەش نیشانەیەكی مەترسیدارە بۆ ئەو ناهاوسەنگییە لە سیستمی نێودەوڵەتیدا کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم دامەزراوە.

پێشتر، کاتێک هەر وڵاتێک ناچار دەکرا بۆ کردەوەیەکی دوژمنکارانە، کە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەرییەکەی و هاندانی هەستی نەتەوەیی خەڵکەکەی لەخۆ دەگرێت، هەڵدەسا بە ناردنی ئاگادارکردنەوەی فەرمی بۆ دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان و دواتر سکاڵایەک پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات کە ئاماژە بەو هەڕەشەیە دەکات کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەلایەن ئەو دەوڵەتەوە پێش ئەوەی هێرشێکی سەربازی ئەنجام بدات.

بەڵام ئەم کردەوانە لەم دواییانەدا بووەتە شتێکی باو. ئیسرائیل ماڵ و قوتابخانە و نەخۆشخانەکان بۆردومان دەکات. ئێران بەبێ ئاگادارکردنەوە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ دەکات!

ئەوانەی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکان دەکەن دەتوانن لە هۆکاری بەردەوامی هێرشی ئێران بۆ سەر عێراق و پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی تێبگەن. ئەم گرووپانەی لە عێراقن، ئێران بە وڵاتی خۆیان دەزانن. عێراقیش بە بۆچوونی سەرکردەکانیان هیچ نییە جگە لە ئامرازێک کە ئێران بە ئارەزووی خۆی بەکاری دەهێنێت.

ئێران لە هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی عێراق ناترسێت، بەو پێیەی زۆربەی کوتلە دەسەڵاتدارەکان، یان ئەوانەی بەدوای دەسەڵاتدا دەگەڕێن، بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی سەرکردەکانیان دەدەن! سەبارەت بە کاردانەوەی جەماوەری عێراق، قەناس بەدەستەکان ئامادەن خۆپیشاندەران سەرکوت بکەن ئەگەر مەترسی دروست بکەن و ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەریش باشترین بەڵگەیە. تاوەكو ئێستا حکومەتی عێراق ناڕەزایەتییەکی فەرمی، پێشکەش نەکرد بەرامبەر بە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکانی سەروەری عێراق، بەڵکو کەسانێک هەن کە بەشداری دەسەڵات دەکەن، چ نوێنەر، چ بەرپرس، یان ئەندامی گرووپەکانی هاوبەشی دەسەڵات، ئامادەن پاساو بۆ هێرشەکەی ئێران بهێنەوە!

لەنێو ئەم پاساوانەدا کە بە هیچ شێوەیەک بەڵگەی لەسەر نییە، بوونی بارەگاکانی مۆساد، یان ئەوەی کە مەترسی سەربازی لە هەولێرەوە دەستی پێکردووە دژی ئێران و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هەیە! ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی (هەولێر و دهۆک) کە هیچ کاریگەرییەکی ئێرانی لەسەر نییە و حکومەتی هەرێمیش ڕەتیدەکاتەوە ملکەچی خۆبەزلزانینی ئێران بێت، وە سەرکەوتوو بووە لە بەدیهێنانی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. كە ئەمەش بەهەر هۆكارێك بێ ئێران بێزار دەکات، بۆیە دەستیکردووە بەئامانج گرتنی وەبەرهێنەران و بازرگانان کە بەشدارن لەم ئاوەدانكرنەوەدا.

ئێران هەمیشە بە بیانووی مەترسییەکانی مۆساد و ئیسرائیل، بۆ دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی وڵاتانی لاواز پاساوی هەیە. بۆ نموونە لە کاتی ناکۆکی لەگەڵ ئازەربایجان کە هاوبەشی زۆری لەگەڵ ئێران هەیە، لەوانە ئایین، مەزهەب و درێژکراوەی نەتەوەیی ئازەربایجان لە قووڵایی ئێران، كەچی ئێران مانۆڕی سەربازیی لەسەر سنووری ئازەربایجان ئەنجامدا کە ناوی لێنا (خەیبەر)، بۆ ئەوەی پیشانی بدات کە ئەو دراوسێی موسوڵمانە لەگەڵ ئیسرائیل هاوکاری هەیە، لە کاتێکدا ڕاستییەکە ئەوە بوو ئێران ئەو وڵاتەیە کە پاڵپشتی ئەرمینیا دەکات لە دژی ئازەربایجان، و هەرگیز لە پێناوی فەلەستین دژی ئیسرائیل کارێکی نەکردووە، بەڵکو هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل کردووە و چەکی لێ کڕیوە و جولەکەکانی هانداوە کۆچ بکەن.

ئەوەی ئێستا جێگای سەرسوڕمانە، ئێران هێرش دەکاتە سەر ئامانجەکانی پاکستان، بە بیانووی بوونی ئەو گرووپانەی کە دژی ئێران کاردەکەن. ئێران بەم هێرشە سووڕی دوژمنایەتی بەرامبەر هەموو وڵاتانی دراوسێی تەواو کرد و هیچ وڵاتێکی نەما کە هێرشی نەکردبێتە سەری، ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە لە ناوچەکەدا. بەڵام پاکستان عێراق نییە، وڵاتێکی بەهێزە لە ڕووی سەربازییەوە، خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، بە ئاسانی دەتوانێت ئێران ڕابگرێت، ئەمەش لە ڕاستیدا ڕۆژێک دوای هێرشی ئێران بۆ سەر بەلوچستانی پاکستان ڕوویدا.

ڕەنگە ڕێبەرانی ئێران لەژێر ئەو وەهمەدا بن کە دۆخی سەرلێشێواوی ئێستای نێودەوڵەتی، بەهۆی شەڕەکانی غەززە و ئۆکرانیا و سەختی ئابووری جیهانی و ئەو قەیرانەی کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین پێیدا تێدەپەڕێت، جگە لە نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی پاکستان، ئەمریکا و بەریتانیا، وایان لێدەکات کەحساباتیان لەگەڵ نەیارەکانیان یەکلایی بکەنەوە، جا چ بەلووچ بێت یان کورد، بەبێ سەرئێشە.

پێویستە كورد و عەرەب و نەتەوەكانی تر بە باشی ئەم وانەیە فێربن، دەوڵەتی عێراق هێشتا لاوازە، کەسیش ڕێزی لێناگرێت. عێراق خاوەنی هەموو توخمەکانی دەسەڵاتە و دەتوانێت بە هێز و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی خۆی سەربەخۆیی و سەروەریی خۆی بپارێزێت، کە دەکرێت بۆ پاراستنی گەل و بەرژەوەندییەکانی چالاک بکرێت، بەڵام ئەمە پێویستی بە یەکگرتوویی سیاسی و ڕێککەوتن لەسەر هاوبەشی نەتەوەییەکان هەیە. ئەم یەکگرتووییە ئێستا نەماوە، عێراق لە دۆخێکی نادیاردا دەمێنێتەوە، گرووپە سیاسییەکانی ئێستاش بەرپرسیارێتی تەواویان لەبەردەم گەل و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەڵدەگرن.

ڕوونە کە سیستەمی نێودەوڵەتی ئێستا بەدەست پشێوییەکەوە دەناڵێنێت و ئەو زلهێزەی کە سەرکردایەتی جیهان دەکات، خەریکە دەڕوخێت و مەترسییەکانی بەردەم جیهان بە کەم سەیر دەکات. هەندێک کەس وەهمیان هەیە کاتێک پێیان وایە جەنگێكی جیهانی نوێ ڕوونادات، بەو پێیەی وڵاتانی پەیوەندیدار نایانەوێت، چونکە بەهۆیەوە زیانیان پێدەگات، لەبەر ئەوەی چارەسەری بەپەلە بۆ قەیرانە کەڵەکەبووەکان نادۆزرێتەوە و کێشەکان قووڵتر و خراپتر دەبن. ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، شەڕی سەرتاسەری بەدەر نییە.