لوتكه‌ی حكومه‌ته‌كان؛ هه‌ڵكشانی گوتاری كۆنفیدڕاڵیی بۆ سه‌ربه‌خۆیی
ئه‌گه‌ر كه‌مێك بۆ دواوه‌ی مێژوو بگه‌ڕێینه‌وه، گرینگ‌ترین پێوه‌ندیی نێودەوڵەتی ئەو كات دەركەوت، كە وڵاتان جیاوازیی نێوان خۆیان و وڵاتانی دیكه‌یان بینی، كە لە ڕووی فەرهەنگ و بیركردنەوە و سەرچاوەكانی داهاتەوە جیاوازییان هەبوو. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا، جوگرافیای سیاسی لە دەرئەنجامی سێ هەڵوێستی بایەخدار چه‌ندان توێژینه‌وه‌ی چڕی لە بارەوە كرا.
گرینگ‌ترینیان بریتی بوو، لە یەكەم: چەسپاندنی دەوڵەتی نەتەوەیی و گوزارشتی لە هەرێمێک یان ناوچەیەک دەكرد، كە دانیشتووانەكەی خاوەن تایبەتمەندیی نەتەوەیی خۆیان بوون و سەرۆكەكانیان هەوڵی پاوانخوازییان دەدا بۆ بەدەستهێنانی زەوی و خاكی هەرێم و ناوچە جوگرافیاكانی دیكەی جیهان. دووەم: سەركەوتن و پێشكەوتنی شۆڕشی پیشەسازی وەك سەرەكیترین سەرچاوەی سەرمایەداریی ئابووری و پاشانیش سەرچاوە و سامانە سروشتییەكانی دیكە، كە لە قۆناغەكانی دواتردا وڵاتانی سەرمایەدار و زلهێز لە ناوچە و وڵاتانی دیكە بەدوای دەست خستنیانەوە بوون. سێیەم: كێبهرکێ و ڕاكێشڕاكێشی نێوان لیبڕالیزم و سۆسیالیزم یەكێكی دیكە بوو لە ڕووداوە گرینگەكان و تیۆر و بیرۆكەكەی لە بارەی جوگرافیاوە فرەوانتر كرد، بە شێوەیەك لیبڕاڵەكان دیموكراسییان وەك باشترین نموونەی سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات دەبینی، چونكە بەهۆیەوە مافەكانی مرۆڤ دەچەسپێن. هەموو ئەمانە تەواوكەری ئاڵوگۆڕی پێوه‌ندیی و پێوه‌ندییە نێودەوڵەتییەكان دەر دەخەن، چونكە وڵاتانی سەردەست، داگیركردن و دەستبەسەرداگرتنی سامانی وڵاتانی لاوازیان خستە چوارچێوەی ستراتیژی داگیركارییان، كە دواتر ئەم داگیركاری و پاوانخوازییە بووە هۆكاری بنەڕەتی لە گۆڕانی پێوهندییەكاندا. لێره‌دا ڕوون ده‌بێته‌وه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك جوگرافیا و قه‌واره، به پێشكه‌وتن و ده‌ستكه‌وت و وه‌رچه‌رخانه‌كانی ئیماڕاتی عه‌ره‌بی كارتێكراوه، بۆیه له‌م سۆنگه‌یه‌وه و له میانی دروستكردنی پێوه‌ندییه‌كی ستراتیژی له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاته‌دا، هه‌وڵی داوه سوود له‌و ئه‌زموونه وه‌ربگرێ و له جوگرافیاكه‌ی خۆیدا به كرده‌نی بكات.
هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت نییه، به‌ڵام وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی و بكه‌رێكی بێده‌وڵه‌ت یاخود بكه‌رێكی ناده‌وڵه‌تی (Non-State Actor) مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، بۆیه له‌م سۆنگه‌یه‌وه سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له به‌شێكی گوتارێكدا له لوتكه‌ی جیهانیی حكوومه‌ته‌كان له 28ـی ئاداری 2022ـدا تیشكی خسته سه‌ر پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه ئه‌ندامێكی كارای كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه و كار بۆ دابینكردنی ئایینده‌یه‌كی باشتر ده‌كات.
ئیماڕاتییهكان له ناوچه‌یه‌كی سه‌قامگیردا ده‌وڵه‌تداری ده‌كه‌ن و وزه به‌ڕێوه ده‌به‌ن. ده‌رفه‌ت و پێشكه‌وتنی ئه‌وان بۆ كۆمه‌ڵیك هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه نه‌خاسمه له ناوچه‌یه‌كی جێگیری سیاسی و ئاساییشیدان و ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌یه، كه ئه‌مه وای كردووه ببنه خاوه‌نی سه‌روه‌ری خۆیان و ته‌نانه‌ت كاریگه‌رییان به‌سه‌ر بڕیاره‌كانی سیاسی، سه‌ربازی، ئاسایش، ئابووریی و وزه هه‌یه و له هه‌موو بواره‌كاندا سهروهرییهكهیان پارێزراوه. به‌ڵام ڕوونه هه‌رێمی كوردستان له‌نێو عێراقدا دروست بووه و خۆی پێ گه‌یاندووه و بووه‌ته قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری كه زۆر جار به بڕیار و مه‌زاجی سیاسی خودی سه‌رانی عێراق و دادگه‌ی فیدڕاڵی هه‌وڵ ده‌درێ ڕه‌وایه‌تی ئه‌و قه‌واره دهستوورییهیشی لێ وه‌ربگیرێته‌وه، هاوكات له ناوچه و ژینگه‌یه‌ك دایه كه هه‌ڵكردن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا هونه‌ر و ئه‌زموونی ده‌وێ نه‌خاسمه كه به كۆمه‌ڵێك دراوسێی ده‌ور دراوه و هه‌ستیارییان له‌گه‌ڵ پرسی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆییدا هه‌یه، كه له‌مه‌یشدا سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م پارسه‌نگه ڕابگرن، ئه‌گه‌رنا ده‌مێك بوو ده‌رفه‌ت بۆ ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كی دروست ده‌بوو و به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ زۆرێك له هێز و لایه‌نه عێراقییه‌كان و سه‌ركرده سیاسییه‌كان هه‌وڵی جددی نه‌هێشتنی ئه‌م قه‌واره سیاسییه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ئارادا بوو.
ئه‌مه ئه‌و ڕاستییه‌یه كه سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له درێژه‌ی گوتاره‌كه‌یدا ئاشكرای كرد كه له هه‌رێمی كوردستان و له‌نێو عێراقدا به‌ربه‌ستی جددی هه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه به هه‌رێمی كوردستان نه‌درێ ببێته ئه‌و قه‌واره و ئاكتۆره دیاره‌ی گۆڕه‌پانه‌كانی هه‌رێمی، ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام به حیكمه‌ت و دانایی سه‌ركرده‌كانی و خۆڕاگری خه‌ڵكه‌كه‌ی توانراوه ئه‌و به‌ربه‌ستانه تێ پهڕێندرێن و هه‌نگاوی گه‌وره بۆ پێشه‌وه بنرێ. بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه تا ئێسته‌یش له ڕێگه‌ی دامه‌زراوه جیاجیاكانی عێراق له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه دادگه‌ی فیدڕاڵی و به ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كی هه‌وڵ ده‌درێ له كه‌سایه‌تی یاسایی و ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان كه‌م بكرێته‌وه و ڕێگه له پێشكه‌وتنه‌كانی بگیردرێ، به‌ڵام سه‌كردایه‌تییه سیاسییه‌كه‌ی له میانی پیاده‌كردن و ئه‌داكردنی مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م قه‌واره‌یه له مه‌ترسییه‌كان ده‌پارێزێ و هاوكات پێشكه‌وتووتری ده‌كات. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی ئه‌و كات گوتی: "بەکارهێنانی تواناکانی وزەی ئێمە بە شێوەیەکی کاریگەر و ژیر، کاری سەرەکی ئێمە بوو بۆ هەنگاونان بەرەو ئاییندە، حکوومەتەکەمان ئەوەی کرد بە پێشینەیەکی ستراتیژی، کە هەتاهەتایە پارێزگاری لە کوردستان دەکات."
ڕوونه لوتكه، كۆڕبه‌ند و كۆنفرانسه هه‌رێمی و جیهانییه‌كان بوونه‌ته سه‌كۆیه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان په‌یامی خۆی به جیهان بگه‌یه‌نێت و بوونی خۆی وه‌ك ئاكتۆرێكی كارا له‌سه‌ر ئاسته‌كانی سیاسی، ئابووریی، بازرگانی، وه‌به‌رهێنان، ته‌ناهی و دیپلۆماسی بسه‌لمێنێت و سه‌رنجی هه‌مووان به لای خۆیدا رابكێشێت.
ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی هه‌موو جیهانی به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه و هه‌رێمی كوردستانیش كه‌وتووه‌ته ناو به‌شێك له مه‌ترسییه‌كانی فره‌وانبوونی ئه‌و جه‌نگه و هه‌وڵی رژد هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پریشكی ئاگری جهنگهگهی به‌ر بكه‌وێت. لوتكه‌ی جیهانی حكومه‌ته‌كان بۆ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی ئه‌و سه‌كۆیه بوو بۆ ئه‌وه‌ی له گوتارێكدا له یه‌ك كاتدا به‌رگری له دۆزی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین بكات و له چه‌ندان ناوكۆدا به پرسی كوردی بچوێنێت، به تایبه‌تی كه سه‌رنجی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كورد و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه ببنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆیان و بڕیار له چاره‌نووسیان بده‌ن.
روونه پێشتر سه‌رۆكوه‌زیران له 20ـی نیسانی 2022ـدا له میانی پێشكه‌شكردنی گوتارێكدا له په‌یمانگه‌ی پادشایی بۆ كاروباری نێوده‌وڵه‌تی چاتام هاوس (Chatham House)، كۆنفیدڕاڵی به ئاڵته‌رناتیڤی كۆنفیدڕاڵی بۆ عێراق پێشنیاز كرد. گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له چاتام هاوس یه‌كێك بوو له گوتاره گرینگه‌كانی مێژووی گوتار و لێتوێژینه‌وه و ڕاپۆرته‌كانی ناوه‌نده‌كه و خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌ی جۆراوجۆر و بایه‌خداری به‌دوای خۆیدا هێنا و چه‌ندان ته‌وه‌ری جیاجیای له خۆ گرتبوو. گوتاره‌كه ئازایه‌تی تێدا بوو، به شێوه‌یه‌ك بۆ یه‌كه‌م جار له دوای دروستبوونی حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق له ساڵی 2005، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی مۆدێلی سیستمی كۆنفیدڕاڵی بۆ عێراق پێشنیاز كرد، وه‌ك ئاڵته‌رناتیڤی فیدڕاڵی كه به هه‌موو پێوه‌ره یاسایی و ده‌ستووری و پڕاكتیكییه‌كان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و نه‌بووه‌ته مایه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق كه پێڕه‌وی له فه‌رهه‌نگی فیدڕاڵی بكات و ئه‌رك و مافه‌كان له نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم و پارێزگاكان دابه‌ش بكات، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی به درێژایی ساڵانی دروستبوونی ئه‌و سیستمه له عێراق پێڕه‌و كراوه، بریتی بووه له دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیستمی ناوه‌ندی و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مافی هه‌رێم و پارێزگاكان به هه‌مان شێوه‌ی كۆن كه گه‌لانی عێراق به ده‌ستییه‌وه دووچاری نه‌هامه‌تی و ناسه‌قامگیری و تێكچوونی باری ئاسایش و ژیانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بووبوونه‌وه، كه له‌و نێوه‌نده‌دا كورد له هه‌مووان زیاتر زه‌ره‌مه‌ند، چه‌وساوه‌تر و ستهمدیدهتر بووه.
ئه‌و كات ماڵپه‌ڕی كه‌ناڵی (ئه‌لجه‌زیره) له راپۆرتێكدا تیشكی خستبووه سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی بۆ بریتانیا و پێشكه‌شكردنی گوتاره‌كه‌ی له چاتام هاوس. راپۆرته‌كه سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشابوو هه‌رێمی كوردستان له عێراقی فیدڕاڵ نا‌ئومێد بووبوو، بۆیه له سۆنگه‌ی ئه‌و نائومێدبوونهوه هه‌نگاوه‌كانی به ئاراسته‌ی كۆنفیدڕاڵی بوون، نه‌خاسمه جووڵه سیاسی و ئابوورییه‌كانی مه‌سرور بارزانی و گه‌شته دیپلۆماسییه‌كانی بۆ توركیا، ئیماڕات و بریتانیا له‌م رووه‌وه بووه. له راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كرابوو، نائومێدبوونی هه‌رێمی كوردستان له سیستمی فیدڕاڵی عێراق بۆ چه‌ندان هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه یه‌كێك له‌وانه جێبه‌جێنه‌كردنی په‌نجاو پێنج مادده‌ی ده‌ستووری عێراق بوو.
گوتاری ئه‌م جاره‌ی مه‌سرور بارزانی له لوتكه‌ی جیهانیی حكومه‌ته‌كان له شاری دوبه‌ی ئیمارات، كه باسی له سه‌ربه‌خۆیی هه‌ر دوو گه‌لی كورد و فه‌ڵه‌ستین كرد وه‌ك چاره‌سه‌رییه‌كی ریشه‌یی بۆ پرسی هه‌ر دوو گه‌له‌كه له ناوچه‌كه‌دا، جارێكی دیكه سه‌رنجی هه‌مووانی به لای خۆیدا راكێشایه‌وه و نیشانی دایه‌وه جگه له سه‌ربه‌خۆیی، هه‌ر دوو گه‌لی كورد و فه‌ڵه‌ستین ناتوانن گوزارشت له مافه‌كانیان بكه‌ن، نه‌خاسمه كه له عێراق سیسته‌می ناوه‌ندیی و فیدڕاڵیی تاقی كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به كۆنفیدڕاڵیش پرسی كورد چاره‌سه‌ر نابێت، به‌ڵكوو چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بریتییه له سه‌ربه‌خۆیی، كه به سه‌ربه‌خۆبوونی كورد و فهڵهستنییهكانیش، ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له زۆر كێشه و ئاڵۆزی رزگاری ده‌بێت، كه ئه‌مه‌ش كار ده‌كاته سه‌ر پێشكه‌وتنه سیاسی، ته‌ناهی، ئابووریی و بازرگانییه‌كان و رێگه‌گرتن له زیادپیسبوونی ژینگه و كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا.