سیاسی
عەبدولسەتتار ئەحمەد باغەمرەیی
عەبدولسەتتار ئەحمەد باغەمرەیی

نووسەر

رۆڵی دیپلۆماسیی ئایینی لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا؛ ڤاتیکان و هەرێمی کوردستان بە نموونە

رۆڵی دیپلۆماسیی ئایینی لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا؛ ڤاتیکان و هەرێمی کوردستان بە نموونە
رۆڵی دیپلۆماسیی ئایینی لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا؛ ڤاتیکان و هەرێمی کوردستان بە نموونە

دیپلۆماسیی ئایینی (Religious Diplomacy) ، یەکێکە لە کەرستە و میکانیزمەکانی هێزی نەرم (Soft power) و لە بنەمایەکی ڕیشەییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە پوختە و کورتکراوەکەی بریتییە لە دەسەڵاتی سەرکردە ئایینییەکان لە ڕووی ئەخلاقی و شەرعییەتی کۆمەڵایەتی کە لە نێو ژینگەی کۆمەڵایەتی و کولتووری خۆیاندا رەگی داکوتاوە. 

زانا و کەسایەتییە ئایینییەکان، کە رۆڵی دیپلۆماسیی ئایینییان هەیە، رۆڵێکی میحوەر دەگێڕن لە دووبارە بونیاتنانەوەی متمانە لە نێو ئەو کۆمەڵگانەی کە بە هۆی ململانێکانەوە رایەڵەکانیی پێوەندییان لاواز بووە یاخود نەماوە.

زانا و کەسایەتییە ئایینییەکان، لەم نێوەندەدا ئەرکیان تەنیا بریتی نییە لە پێشکەشکردنی گوتاری ئاشتەوایی، بەڵکوو، هەوڵ بۆ دۆزینەوەی رێگە و میکانیزمی واقیعی بەرەو پێکەوەژیان و رێزی بەرانبەر لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا دەدەن. ئەم هەوڵانە، هەڵقووڵاوی نێو جەستەی کۆمەڵگەن و بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە بەستراونەتەوە؛ ئەو خەڵکەی کە ئایین وەک سەرچاوەیەکی رێنیشاندەر و پەناگەیەک بۆ دڵنیایی و ئارامی لە بەردەم گۆڕانکارییەکانی جیهانی ئەمڕۆدا دەبینن.

لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لێکەوتەکانی شەڕ و ململانێکان لە نێوان ئیتنیک و ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان نەرێنین، بە جۆرێک دەقە ئایینییەکان بۆ بەرژەوەندیی ئایدیۆلۆژی دەستکاریی دەکرێن، تەنانەت بۆ کۆمەڵکوژی، ئەنفال، ئاوارەیی و تائیفەگەری و لێسەندنەوەی ناسنامەی نیشتمانی بەکار دەهێنرێت. دیپلۆماسیی ئایینی لەم جۆرە دۆخانەدا، رۆڵێکی دووسەرە دەگێڕێت، لە لایەک ئامرازێکی چاکسازییە و لە لایەکی دیکەوە هێزێکە بۆ یەکخستنی ڕیزەکان.

رێککەوتنە سیاسییەکان زۆرجار سەرەڕای گرنگییان بۆ سارێژکردنی برینە دەروونی و رۆحییە قووڵەکانی دوای جەنگەکان شکست دەهێنن؛ بەو پێیەی شوێنەوارەکانیان لە یادەوەریی گشتیدا دەمێننەوە. لێرەدا کەسایەتییە ئایینییەکان دێنە پێشەوە و هەوڵ بۆ درێژکردنەوە و قووڵکردنەوەی ئاشتەوایی راستەقینە دەدەن. 

بۆ ئەم مەبەستەش گوتار و ئامۆژگاریی پێویست پێشکەشی رای گشتی دەکەن و دەستپێشخەر دەبن بۆ هاوبەشیی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە و وڵاتان. کە دیارە ئەم رۆڵەیشیان هێزێکی کاریگەریی هەیە و تەنانەت سنووری مزگەوت، کەنیسە و پەرستگاکان تێدەپەڕێت و دەگاتە قووڵایی ژیانی رۆژانە؛ لە ماڵەکاندا دەبیسترێت، لە قوتابخانەکاندا وتووێژی لەسەر دەکرێت و لە ڕێگەی میدیاکانەوە بڵاو دەکرێتەوە. بەمەش بەشدار دەبن لە دووبارە داڕشتنەوەی هەڵوێستە تاکەکەسییەکان و گۆڕینی ڕەفتارە گشتییەکان، بۆ زەمینەسازیی بونیاتنانی ئاشتییەکی بەردەوام.

یەکێک لە بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانی دیپلۆماسیی ئایینیی پەنجە دەخاتە سەر مەترسییەکان و دەستنیشانیان دەکات و هەڵوێستی پێویستیان لە بارەوە وەردەگرێت. کۆمەڵگە جیاوازەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە رووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژیا توندڕەوەکاندایە کە لە ژێر پەردەی ئایینی و بە رواڵەت ئەخلاقیدا خۆیان حەشار داوە، بەڵام واقیعیان لەگەڵ دروشمەکانیان ناتەبا و نایەکانگیرە.

ڤاتیکان و رۆڵی دیپلۆماسی

ڤاتیکان، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی پێکهاتە باو و نەریتییەکانی دەوڵەت نییە، بەڵام توانیویەتی رۆڵێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەدەست بهێنێت. ئەم ناوەندە ئایینییە، بە هۆی پەیڕەویکردنی دیپلۆماسیەت و سیاسەتی مامناوەندی و بوونی بە دوانگەیەکی گفتوگۆ، بووەتە مەشخەڵێکی ئاشتی و لێکنزیکبوونەوەی گەلانی جیهان. هەروەها بە هۆی بەشدارییە کاراکانی لە دامەزراوە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا، لە درێژایی مێژووی خۆیدا وەک ناوبژیوان لە ململانێ و ناکۆکییەکاندا رۆڵی گێڕاوە و پردی گفتوگۆ و پێوەندی لە نێوان گەلان و نەتەوە جیاوازەکاندا دروست کردووە.

ڤاتیکان، لە رێگەی دیپلۆماسییەتەکەیەوە هەوڵی داوە توندیی ململانێی نێوان وڵاتان و گەل و نەتەوە و ئایینەکان کەم بکاتەوە، بە تایبەتی بە هۆی قورسایی ئایینی و کەسایەتیی پیرۆزی پاپا کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا رێزی زۆری هەیە.

لەم سەردەمەدا، کە جیهان گەشەیەکی تەکنەلۆژیی گەورە بەخۆوە بینیوە و جیهانگیریی تا رادەیەکی زۆر رۆڵی لە پتر ئاڵۆزکردنی هەندێک قەیران و کێشە یان رەخساندنی دەرفەتی نوێ بۆ هارکاریی هەیە. لێرەدا پێویست بوو ڤاتیکان فۆرمێکی گونجاو بۆ سوودوەرگرتن لەم پێشکەوتنە تەکنەلۆژییە بدۆزێتەوە، بە جۆرێک پێگەی خۆی وەک مەرجەعێکی ئایینی بۆ گفتوگۆی نێوان ئایینەکان پەرە پێ بدات نەخاسمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو جیاوازییە فیکری و ئایینییانەی کاریگەریی نەرێنییان لەسەر پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە.

ئاڵڤن تۆفلەر (Alvin Toffler)، لە هەردوو کتێبەکەیدا "شۆکی ئاییندە - Future Shock" و "شەپۆلی سێیەم - The Third Wave"، پێشبینی ئەوەی کردبوو مرۆڤایەتیی بەرەو جیهانێک هەنگاو دەنێت تێیدا مەعریفە زیاد دەکات؛ جیهانێک کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زانیاری، گەلانی جیهان پێکەوە دەبەستێتەوە و ژینگەیەکی یەکگرتووتر و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانی "ئەویتر" دێنێتە ئاراوە. ئەم تێڕوانینە زۆر نزیکە لە دیپلۆماسیی جیهانی، بە تایبەت کاتێک لەگەڵ جیهانگیریدا یەک دەگرێتەوە؛ چونکە واقیعی نوێ پێویستی بە شێوازی نوێی دیپلۆماسی هەیە کە بتوانێت ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و بەهاکان لە سەردەمی شارستانییەتە کراوەکاندا لەخۆ بگرێت. بە بڕوای نووسەر، ئەم لێکنزیکبوونەوەیەی بیرۆکەکان کاردانەوەیەکی ئەرێنی لەسەر پێوەندیی نێوان گەلان دەبێت و دەبێتە هۆی جۆرە یەکگرتنێکی جیهانی کە گرژیی نێوان وڵاتەکان کەم دەکاتەوە.

ژان ئۆستێرشێر (Jan Osterreicher)، لە کتێبی "کورسیی پاپایی وەک کاراکتەرێکی هێزی نەرم - The Holy See as a Soft Power Actor "، روونی دەکاتەوە زاراوەی "دیپلۆماسیی ڤاتیکان" سەرەڕای بەکارهێنانی زۆری، رەنگە ببێتە هۆی لێکتێنەگەیشتن؛ چونکە گوزارشت لە دیپلۆماسیی دەوڵەتی ڤاتیکان ناکات، بەڵکوو گوزارشتە لە دیپلۆماسیی "کورسیی پاپایی. پێویستە جیاوازییەکی روون لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا بکرێت، هەرچەندە هەردووکیان بە توندی پێکەوە بەستراونەتەوە و لە یاسای نێودەوڵەتیدا جێگیر کراون و یەک سەرۆکیان هەیە کە پاپایە. نووسەر لە کتێبەکەیدا پێی وایە مەسیحییەت لە چەندان وڵاتی ئەورووپاییدا لە پاشەکشەدایە، بەڵام رۆڵی پاپا هێشتا زۆر کارایە. دیپلۆماسیی ڤاتیکان وەک یەکێک لە گرنگترین جۆرەکانی "هێزی نەرم" لە جیهاندا دادەنرێت، ئەویش لە رێگەی دامەزراوەکانییەوە کە خزمەتگوزاریی مرۆیی پێشکەش بە کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵک دەکەن، بەبێ  رەچاوکردنی ئینتیما و رەچەڵەکی ئایینی، فیکری و سیاسییان.

سروشت و میکانیزمی کارکردنی دیپلۆماسی لە ڤاتیکان

دەوڵەتی پاپایی، یەکەم دەوڵەت بووە کە قوتابخانەیەکی تایبەتی بۆ ئامادەکردنی دیپلۆماتکاران دامەزراندووە، ئەویش قوتابخانەی 'پیاوانی خانەدانانی ئایینی" بووە، کە پاپا کلێمێنتی یازدەیەم (Pope Clement XI) لە ساڵی 1701ـی دایمەزراند و تا ئێستەش وەکوو خۆی ماوە. ئیتاڵیا لە ساڵی 1871ـی زایینی "یاسای دەستەبەری" دەرکرد، کە تێیدا دانی بە پاراستنی کەسایەتیی پاپا و هەندێک کۆشک و باڵەخانەی تایبەت و مافی ئاڵوگۆڕی نوێنەری دیپلۆماسیی لەگەڵ دەوڵەتان نا، بە جۆرێک کە نوێنەرەکان لە هەموو پارێزبەندی و ئیمتیازاتە دیپلۆماسییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی بەهرەمەند بن. بە تایبەت دوای ئەوەی هەر یەک لە بەریتانیا و فەرەنسا بڕیاری ئاڵوگۆڕی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسییان لەگەڵ پاپا دا.

ئەم پێگە نێودەوڵەتییەی پاپا و پێویستیی ئیتاڵیا بە سەرکردایەتیی مۆسۆلینی (Benito Mussolini)، بۆ رێکخستنی پێوەندییەکانی نێوانیان، وای لە مۆسۆلینی کرد رێککەوتننامەی لاتەران (Lateran) لە 11ـی شوباتی 1929ـدا واژۆ بکات، کە تێیدا ئیتاڵیا بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی ڤاتیکاندا نا.

مەبەست لە پەیماننامەی لاتەران، دروستکردنی قەوارەیەکی سیاسی بۆ ڤاتیکان و کێبڕکێی پاپا لەسەر دەسەڵاتی سیاسیی نەبوو بە مانا باوەکەی، بەڵکوو بۆ ئەوە بوو پاپا بتوانێت دەسەڵاتی ئایینیی خۆی وەک سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیک پیادە بکات. لە لایەکی دیکەوە، دەکرێت بگوترێت کەسایەتیی پاپا وەک "نێردراوی مەسیح" و خاوەن سەروەرییەکی رۆحییە بەسەر جیهانی مەسیحیی کاسۆلیکدا. کەواتە پاپا کەسایەتییەکی یاساییە، بەڵام لە جۆرێکی تایبەتدا. هەروەها دەوڵەتی ڤاتیکان مافی بەشدارییکردنی لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە، بە تایبەت لەو بابەتانەی پێوەندییان بە ئاسایشی جیهانییەوە هەیە وەک بابەتەکانی ژینگە، هەژاری و برسێتی و شەڕ و ناکۆکی و ململانێکان.

دەستوەردانی ڤاتیکان لە کێشە و قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر بنەمایەکی مرۆیی، ئایینی و ئەخلاقییە، کە بریتییە لە بانگەواز بۆ مافی مرۆڤ بۆ ژیان لە ئاشتیدا، بەبێ لایەنگیریی یان دەستوەردان لە ململانێ سیاسییەکانی نێوان وڵاتان. بۆ نموونە، پاپا فرانسیسی شازدەیەم (2025 - 1936 Pope Francis) رەخنەی لە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ (Donald Trump)، سەرۆکی ئەمریکا گرت بۆ دروستکردنی دیوار لە نێوان سنووری ئەمریکا و مەکسیک و داوای کرد، لە بری دروستکردنی ئەم دیوارە، پردی گفتوگۆ لە نێوان هەردوو وڵات دروست بکات. پاپا، باسی لە رەهەندە سیاسییەکانی دیوارەکە نەکرد، بەڵکوو دەستوەردانەکەی لەو سۆنگەیەوە بوو کە ئەم رەفتارە دەبێتە هۆی زیادبوونی رەگەزپەرستی و رق و کینە بەرانبەر بە کۆچبەران.

بەکارهێنانی هێزی نەرم لە لایەن ڤاتیکانەوە

دەوڵەتی ڤاتیکان توانیویەتی وەبەرهێنان لە هێزە مەعنەوییەکەی خۆیدا بکات وەک مەرجەعێکی رۆحی بۆ زیاتر لە ملیارێک کاسۆلیک لە جیهاندا. ئەم رۆڵەی لە رێگەی گونجاندنی پێویستییەکانی سەردەم لەگەڵ دیدگەی خۆی بۆ چەسپاندنی بیری کاسۆلیکی و بڵاوکردنەوەی ئاشتیی مرۆیی بەهێزتر کردووە.

لەم چوارچێوەیەدا، باشتر وایە ئاماژە بە رێکخراوی "سانت ئیجیدیۆ" (Sant’ Egidio) بکرێت، کە رێکخراوێکی کاسۆلیکیی نێودەوڵەتییە و مێژووی دامەزراندنی بۆ ساڵی 1968 دەگەڕێتەوە. ئەم رێکخراوە جگە لە چالاکییە مرۆییەکان و یارمەتیدانی هەژاران، رۆڵێکی سەرەکی و بەرچاو لە هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ناوبژیوانی لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا دەگێڕێت. دیپلۆماسیی ئەم رێکخراوە بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی پشت بە تێگەیشتن لە کولتووری لایەنە نەیارەکان و دروستکردنی پێوەندی کەسی دەبەستێت بۆ رەخساندنی کەشێکی لێکگەیشتن، بە بێ ئەوەی هیچ فشارێک بخەنە سەر لایەنەکان، بەڵکو تەنیا لە رێگەی کردنەوەی کەناڵەکانی گفتوگۆوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان دەدەن. 

پاپا، خاوەنی تۆڕێکی بەرفرەوانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانە کە دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێنێت دەستوەردان لە پرسە جۆراوجۆرەکاندا بکات؛ وەک ئەو کۆنفرانسەی کە ڤاتیکان لە رێگەی "ئەنجوومەنی پاپا بۆ گفتوگۆی نێوان ئایینەکان" لە کۆشکی نێردراوەکانی پاپا (Apostolic Palace) لە ژێر ناونیشانی "ئایینەکان و ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام" رێکی خست. لەو دیدارەدا، نوێنەرانی دامەزراوە ئایینییەکان و داڕێژەرانی سیاسەت لە رێکخراوە نێودەوڵەتییە جیاوازەکان ئامادە بوون.

پاپا فرانسیس، لەو کۆنفرانسەدا جەختی لەسەر گرنگیی رۆڵی بەها مرۆیی و ئایینییەکان کردەوە لە خزمەتکردنی هەموو بوارەکانی گەشەپێداندا، نەک تەنیا ئەو گەشەپێدانەی کە ئامانجی ئابوورییە؛ چونکە ئەوە تەنیا لە رەهەندە ماددییەکە و قۆستنەوەی تواناکانی مرۆڤدا کورت دەبێتەوە. لە کاتێکدا کە دەبێت سەرنج بخرێتە سەر بابەتێکی قووڵتر و دوورتر، ئەویش چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و رێزگرتن لە "ئەویتر"ـە، بەبێ رەچاوکردنی رەگەز، نەتەوە، ئایین و مەیلی فیکری و سیاسی. 

ڤاتیکان دەوڵەتێکی ناوازە و دەگمەنە کە لەوەتەی ساڵی 1929ـو لە دوای رێککەوتننامەی لاتەرانەوە بەم شێوەیەی ئێستەی لە رووی سنوور و پێگەکەیەوە ماوەتەوە. هەروەها دیپلۆماسییەتەکەشی نموونەییە، چونکە وەک دەوڵەتانی دیکە پشت بە قەبارەی جوگرافی، پێکهاتە ئابووری و مرۆییەکان، یان هێزی سەربازی نابەستێت. بەڵکوو هێز و کاریگەرییەکەی لە سەرچاوەی دیکەوە وەردەگرێت کە دەرفەتی مانۆری لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بۆ دەڕەخسێنێت؛ گرنگترینیان شوێنکەوتووانی کەنیسەی کاسۆلیکین لە جیهاندا کە ژمارەیان لە ملیارێک کەس تێپەڕ دەکات، هەروەها ئەو داینامیکییەتە دیمۆگرافییەی کە رەگەز، زمان، نەتەوە و ئاراستە فیکرییە جۆراوجۆرەکانیان دروستی دەکەن.

هۆکاری دووەم، کە هێزی کاریگەری بە ڤاتیکان دەبەخشێت، یەکگرتوویی و جێگیریی زمانی گوتاری ڤاتیکان، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هێز و کاریگەریی ئەم ناوەندە؛ بە تایبەتی کە هەڵگری گوتارێکی مرۆییە و بانگەشە بۆ بەرگریکردن لە ئازادیی ئایینی، رێزگرتن لە گیانی مرۆڤ و پاراستنی و مافی گەلان بۆ ژیان لە ئاشتی و ئارامیدا دەکات.

وەکوو لە سەرەتای ئەم نووسینەیشدا ئاماژەمان بۆ کرد، ڤاتیکان ئاڵوگۆڕی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە و خاوەنی یەکێک لە گەورەترین تۆڕە دیپلۆماسییەکانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. ئەم دەزگایە، خاوەن ئەزموون و پیشەگەرییەکی بەرزە و رۆڵێکی کاریگەری لە پرسە جیاوازەکاندا گێڕاوە، ئەویش لە رێگەی هەماهەنگیی نێوان نوێنەرەکانی لە جیهاندا و پێوەندی بەردەوام و جوڵانەوە بەپێی رێنماییەکانی کورسیی پیرۆز (Holy See) بە نوێنەرایەتیی پاپا.

لەبەر ئەوە، ناکرێت دیپلۆماسییەتی ئایینی و سیاسیی ڤاتیکان لە یەکتر جیا بکرێنەوە، چونکە دوو ڕووی یەک دراون؛ ئەمەش لە قبوڵکردنی فرەیی لە ژێر چەتری مرۆڤایەتیدا دەردەکەوێت، بە ئامانجی بونیاتنانی ئاسایش و ئاشتیی جیهانی و پاراستنی بەها مرۆییەکان لە نێوان پەیڕەوانی کولتوور و ئایینە جیاوازەکاندا. ئەمە بە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش دەبینرێت کە پێویستی بە پابەندبوون و یەکخستنی هەوڵەکان هەیە، بۆ بەدیهێنانی ئەو سەقامگیری و ئاشتی و گەشەسەندنەی کە وڵاتان و گەل و نەتەوەکان خوازیارین.

کورتەیەک لە بارەی پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڤاتیکان

رەهەندی ئایینی بووەتە یەکێک لەو سەرچاوە گرنگانەی کە کاراکردنی "هێزی نەرم" لە کایەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا پشتی پێ دەبەستێت. بە هۆی ئەو ئاڵۆزییانەی روویان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی کردووە، داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوە ناچار بوونە ئایین تێکەڵی کارە دیپلۆماسییەکان بکەن؛ ئەمەش بە هۆی زیادبوونی هێزی داینامیکییە ئایینییەکان لە کاریگەرییەکانیان بەسەر گوتار و هەڵوێستە سیاسییەکانی وڵاتان.

دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان فرەیی کۆمەڵگەی کوردستانی لە رووی ئیتنی، ئایینی و نەتەوەیی وەک شێوازێک بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەکار هێناوە. بۆ ئەم مەبەستەیش پێوەندیی لەگەڵ ناوەندە گەورە و باڵاکانی ئایینە جیاوازەکان دروست کردووە و بونیات ناوە، کە ڤاتیکان بەو پێەی خاوەنی پێگەیەکی نێودەوڵەتییە، یەکێکە لە وانە.

هەرێمی کوردستان هەر لەم رووەوە سەرپەرشتیی چەندان سەکۆ، کۆنفرانس، کۆڕبەند و دەسپێشخەریی جۆراوجۆری کردووە بە مەبەستی چەسپاندنی لێبوردەیی، پێکەوەژیان و دیالۆگی نێوان ئایینەکان، هەروەها بۆ بەهێزکردنی فرەیی و برایەتیی مرۆیی. بڕوایشی وایە، ئایین دەتوانێت هەمیشە بەشێک بێت لە چارەسەر، نەک بەشێک لە کێشەکان. بۆ ئەم مەبەستەیش هەوڵی بەدیهێنان و بەرهەمهێنانی باشترین هزر و گونجاوترین تەفسیری دەقەکان دەدات و لایەنە پێوەندیدارەکانیشی لەم پێناوەدا بە شێوەی جیا جیا تەوزیف کردووە.

ڤاتیكان، له‌سه‌ر هه‌ر دوو ئاستی سیاسی و ئایینی، واته‌ وه‌ك ده‌وڵه‌ت و وه‌ك نێوه‌ندێكی گرنگی كاسۆلیكی‌ ئایینی مه‌سیحی‌ به‌هۆی ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كان له‌ ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی دواییدا رێز و پایه‌یه‌كی به‌رزی بۆ هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌ته‌كه‌ی داناوه‌ و به‌ په‌رۆشه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا پێشوازی له‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، نه‌خاسمه‌ پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوولا له‌سه‌ر ئاستی فه‌رمی و باڵادا بۆ یه‌كه‌م جار بۆ سه‌ردانی سه‌رۆك مەسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ له‌ رێكه‌وتی 24ـی شوباتی 2011 سه‌ردانی كردبوو و له‌گه‌ڵ پاپا بەنەدێكتی شازده‌یه‌م (Pope Benedict XVI)  پاپای كاسۆلیكه‌كانی جیهان كۆ بووبووه‌وه‌. سه‌ردانی سه‌رۆك مەسعود بارزانی، بۆ ڤاتیكان بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌بوو، به‌ تایبه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ شه‌ڕی تیرۆر به‌رۆكی عێراقی گرتبوو، ته‌نیا ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ عێراقدا، هه‌رێمی كوردستان بوو و زۆرێك له‌ كریستیانه‌كانی به‌غدا و باشووری عێراق روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردبوو. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، پاپا بێندكتی شازده‌یه‌م،‌ سه‌رۆك مەسعود بارزانی به‌ نوێنه‌ری ئاشتی و لێبوورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان ناو بردبوو و به‌ سه‌رۆك بارزانی راگه‌یاندبوو "ئه‌و رۆڵه‌ی ئێوه‌ له‌و بواره‌دا ده‌یگێڕن جێی فه‌خر و شانازی ئێمه‌یه"‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ 30ـی ئایاری 2014ـدا له‌ گه‌رمه‌ی جه‌نگی دژ به‌ داعش سه‌ردانی ڤاتیكانی كردبووه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ پاپا فرا‌نسیس (Pope Francis)  كۆبوونه‌وه‌ی کردبوو .

له‌م روانگه‌ مێژووییه‌ و ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی له‌ نێوان ڤاتیكان و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بوو، رێكه‌وتی 2ـی ئاداری 2015، نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ڤاتیكانی كردبوو و له‌گه‌ڵ پاپا فرانسیس كۆبوونه‌وه‌ی كردبوو. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، نێچیرڤان بارزانی پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاكان و ره‌وشی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به ‌گشتی خستبووه‌ روو، كه‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشی داعشدا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانیان له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا و شنگال و ده‌وروبه‌ریان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عیراق، له‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كانی مه‌سیحی، ئێزدی و موسڵمانان، ناچار بوون زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێ بهێڵن و روو بكه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان. له‌ به‌رانبه‌ردا، پاپای ڤاتیكان سوپاس و ده‌ستخۆشی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردبوو كه‌ بێجیاوازی به‌ پیر ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌وه‌ چووه‌‌ و لانه‌ و په‌ناگه‌ی داونه‌تێ و كۆمه‌ك و هاوكاری پێشكه‌ش كردوون. هه‌روه‌ها ستایشی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیان و ته‌باییه‌ی كردبوو كه‌ له دێرزه‌مانه‌وه‌ له‌نێو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی كوردستاندا هه‌بووه‌ و هه‌یه‌.

به‌ هه‌مان شێوه‌ رێكه‌وتی 18ـی شوباتی 2020، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ڤاتیكانی كردبوو و لەگەڵ كاردینال پێترۆ پارۆلین (Pietro Parolin)  سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان كۆ بووەوە. سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پوختەیەكی لە بارەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە رووی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و هەوڵەكانی بۆ قووڵكردنەوەی كولتووری یەكتر قبووڵ كردن و ئاشتەوایی و تەبایی گەلان، پێشكەش كردبوو. هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشابوو، كوردستان وەك هەرێمێكی ئارام لە ناوچەیەكی ئاڵۆز، بووه‌تە پەناگەی پاراستن و پەنادانی سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارەی نێوخۆیی و دەوروبەر، لەنێویشیاندا كریستیانەكان، كە لە بەر رەوشی ئاڵۆز و هەڕەشەی تیرۆر، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و هەموو مافە ئایینی و نەتەوەییه‌كانیان و خزمەتگوزاریی ژیارییان لە هەرێمی كوردستان بۆ دەستەبەر كراوە.

سه‌رۆكوه‌زیران، مه‌سرور بارزانی، له‌و دیداره‌دا ئاماژه‌ی بە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردبوو، كە بە فره‌وانی كار بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان و گەشەپێدان بە بواره‌ جیاوازەكان و سەقامگیری زیاتری ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكەدا دەكات. له‌ لای خۆیه‌وه‌ سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان پشتگیری وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردبووه‌وە و پەرۆشی خۆی بۆ توندوتۆڵكردنی پێوه‌ندی ڤاتیكان و هەرێمی كوردستان خستبووه‌ روو.

سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا رۆڵی گەلی كوردستانی لە جه‌نگی دژی تیرۆر و پاراستنی تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان بەرز نرخاندبوو و ستایشی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كردبوو لە بەرانبەر ئەو رۆڵە مرۆییەی لە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و بایەخدان بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە و هاوبەشییپێكردنی هەمووان،  سەرەڕای جیاوازی بیروباوەڕ و ئایینییەوە، پەیڕەوەی دەكات و نموونەیەكی جوانی بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی نیشان دەدات. 

پاشان رێكه‌وتی 19ـی شوباتی 2020، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڤاتیكان له‌ لایه‌ن پاپا فرانسیسه‌وه‌ پێشوازیی لێ كرا و دواتر دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیان به‌ڕێوه‌ چوو، كه‌ تێیدا بارودۆخی عێراق و ناوچەكە، ڕەوشی بەیەکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، بارودۆخی كریستیانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرابوو. سەرۆكوه‌زیرانی هەرێمی كوردستان، سوپاسی پاپای ڤاتیكانی كردبوو، لە بەرانبەر پەیام و ئامۆژگارییەكانی بۆ قووڵكردنەوەی گیانی ئاشتیخوازی و لێبووردن و بەیەكەوەژیان لە نێوان گەلان و پێكهاتە جیاوازەكانی جیهان و عێراق و ناوچەكە. هه‌روه‌ها پوختەیەكی دەربارەی دۆخی هەرێمی كوردستان خستبووە ڕوو، بە تایبەت لە رووی بەیەكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییه‌وه‌، كە هەمووان بە ئارامی و تەبایی دەژین و پیاده‌ی مافە مرۆیی، ئایینی و كولتوورییەكانیان دەكەن، كه‌ بە لای حكوومەتی هەرێمی كوردستانه‌وه‌ به‌رده‌وام جێگەی بایەخ بووە، هەروەك پەناگەیەكی ئارامیش بووە بۆ سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر، كە بەهۆی توندوتیژی و بارودۆخی ناوچە جیاوازەكانی عێراق و سووریاوه‌، روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو. 

پاپای ڤاتیكان ستایشی رۆڵی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردبوو، لەو كەشە ئارامەی بۆ تەواوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان رەخساندبووی و شوێنی ئەو هەموو ئاوارە و پەنابەرەیان كردبووه‌وه‌ و خزمەتگوزاریی پێویستی بۆ دەستەبەر كردبوون. هاوكات سوپاسی هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی كردبوو، كە به‌رده‌وام بە تەنگ پێكەوەژیان و ئاشتی و تەباییەوە بووە، لە رووبەڕووبوونەوەی گوتاری توندڕەوی و له‌ شەڕی تیرۆریش لە عێراق و ناوچەكەدا كاریگەرییەكی زۆری هەبووە و بۆ مرۆڤایەتی و ئازادیی پێكهاتەكان و پارێزگاریكردن لە ماف و كەرامەتیان، قوربانیی زۆری داوە. هه‌ر له‌م سه‌ردانه‌دا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی پاپا فرانسیسی کرد بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌و راستییانه‌ ببینێ كه‌ هه‌ولێر وه‌ك پێته‌ختی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌ سیمبۆڵی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست. پاشان رێكه‌وتی 7ـی ئاداری 2021، پاپا فرانسیس سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان كرد و له‌ رێوڕه‌سمێكی شایسته‌ و ئاستبه‌رزدا پێشوازیی لێ كرا.

راستییه‌كه‌ی سه‌ردانی پاپا فرانسیس بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وپه‌ڕی بایه‌خپێدانی نێوه‌ندی ئایینی ڤاتیكان و  پاپا بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی، هه‌روه‌ها پشتوانییه‌كی به‌هێز بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ نموونه‌ی ناوچه‌یه‌كی ئارام بوو له‌ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بۆ پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كان و له‌خۆگرتنی هه‌زاران هاووڵاتی كریستیان و ئه‌وانی دیكه‌ی ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراق. 

نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ڕێككه‌وتی 14ـی نیسانی 2023، سه‌ردانی ڤاتیكانی كرد و له كۆشكى ئه‌پۆستۆلیك له‌ ڤاتیكان له‌گه‌ڵ پاپا فرانسیس كۆ بووه‌وه‌. به‌ شێوه‌یه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان خۆشحاڵیى خۆى به‌ دیدار و بینینى پاپا له‌ ته‌ندروستییه‌كى باشدا ده‌ربڕى بوو و هیواى سه‌لامه‌تى و ته‌مه‌ندرێژى بۆ خواستبوو، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دۆخى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ره‌وشى پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆ خستبووه‌ روو، هاوكات ئاماژه‌ى به‌ گرنگى و كاریگه‌ریى سه‌ردانى پاپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كردبوو و دووپاتى كردبووەوە‌،‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ پارێزه‌رى ماف و ئازادیى پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌ و بۆ هه‌مووان به‌ نیشتمانى پێكه‌وه‌ژیان و لێبوورده‌یى ده‌مێنیته‌وه‌.

پاپا له‌ لای خۆیه‌وه‌، خۆشحاڵىی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ و بینینه‌وه‌ى نێچیرڤان بارزانى ده‌ربڕی بوو و ستایشى كولتوورى پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتیيانه‌ و یه‌كترقبووڵكردنى له‌نێو پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كردبوو و به‌ پێویستی زانیبوو، ئه‌و كولتووره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق پارێزراو بێت‌. هه‌روه‌ها سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ یادێكى خۆش ناو بردبوو.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌و سه‌ردانه‌یدا تابلۆى هونه‌رمه‌ندێكى شێوه‌كارى كوردى پێشكه‌ش به‌ پاپا كردبوو، كه‌ ده‌ربڕى پێكه‌وه‌ژیان بوو له‌نێو پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا.