عەبدولسەتتار ئەحمەد باغەمرەیی
نووسەر
'ڕۆڵ و کاریگەریی وەرزش وەکوو هێزی نەرم لە ناساندن و بە نێودەوڵەتیبوونی کوردستان؛ یانەی زاخۆ بە نموونە'
هێزی نەرم (Soft Power)، وەکوو جۆزێف نای (Joseph S. Nye)، تیۆریزەکاری ئەمەریکی لە کۆتاییەکانی ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەم بۆ یەکەم جار ئەم زاراوەیەی داهێنا و پاشترێ لە ساڵی 1990 لە کتێبی پابەند بە سەرکردایەتی: گۆڕانی سروشتی دەسەڵاتی ئەمەریکا "Bound to Lead: The Changing Nature of American Power" پەرەی پێ دا، بریتییە لە: توانای دەوڵەت و حکوومەت و قەوارە سیاسییەکان بۆ دروستکردنی کاریگەریی بەسەر ئەوانی دیکە و ڕاکێشانیان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان.
جۆزێف نای لە تیۆرییەکەیدا سەرنجی لەسەر هەر دوو هێزی سەربازی و ئابووریی وەکوو دوو هێزی (ڕەق) لا بردووە و جەختی لەسەر لایەنی دیپلۆماسی و ڕاکێشانی بەهای ڕۆشنبیریی سیاسی، سینەما، پەروەردە و هاریکارییە مرۆییەکان و پرسە نوێ و باوەکانی دیکەی کۆمەڵگەکان کردووەتەوە، کە هەر یەکێکیان دەچنە ناو تیۆرەکەی و بە هێزی نەرم دادەنرێت.
وەرزش نەخاسمە تۆپی پێ لە دونیای ئەمڕۆدا، بەشێکی سەرەکی و دانەبڕوای کۆمەڵگەکانە و ڕایەڵەیەکی بەهێزی پەیوەندیی نێوان گەلانە لە دەرەوەی حکوومەتەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ.
کۆڕبەندی ئابووریی جیهان - (World Economic Forum)، لە ساڵی 2022، بە ناونیشانی "مێژوو لە خاڵی وەرچەرخاندا: سیاسەتی حکوومەتەکان و ستراتیژیەتی کارکردن" بوو. قەتەرییەکان پێیان وا بوو وڵاتەکەیان توانیبووی مێژوو تۆمار بکات و لە نێو وەرچەرخانە گەورەکەدا بێ، بە هۆی ئەوەی توانیبووی شەرەفی میوانداریکردنی جامی جیهانی بۆ تۆپی پێ (مۆندیال) بەدەست بهێنێت کە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022 لە وڵاتەکە بەڕێوە چووبوو. بە پێی تیۆرەکەی جۆزێف نای، ئەمەی نیشانەی بەدەستهێنانی متمانەی جیهان بوو بەو وڵاتە، کە بۆ یەکەم جارە ئەو پاڵەوانێتییە لە ناوچەکە و وڵاتێکی عەرەبی بەڕێوە دەچێت.
بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتی مۆندیال لە قەتەر بە تەنیا لایەنێکی وەرزشی نییە، بەڵکوو ناساندنی توانا و پێشکەوتنەکانی ئەو وڵاتەیە بە دونیای دەرەوە و لەم ڕێگەیەوە متمانەی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دەست دەهێنێت، چونکە بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە کە چوار ساڵ جارێکە، ڕووداوێکی مێژووییە و ڕەهەندی سیاسی، ئابووری، تەناهی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و بازرگانی دەگرێتەوە و دەیان و چەندان سەرۆک و سەرکردەی جیهان لە ئاهەنگەکانی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە و بەڕێوەچوونی یارییەکان لە نێوان هەڵبژاردە بەشداربووەکان ئامادە دەبن و ئاشنایەتی لەگەڵ ژینگەی وڵاتی خانەخوێ یان میواندار پەیدا دەکەن و پەیوەندییەکانیان بەهێزتر و فراوانتر دەبن.
هەرێمی کوردستان پێویستی زیاتری بە بەهێزکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکان لە بوار و ئاستە جۆراوجۆرەکان هەیە، بواری وەرزشی یەکێکە لە بوارەکانی کە دەکرێت وەک هێزی نەرم سوودی لێ وەربگیرێت و بەکار بهێنرێت و وەبەرهێنانی تێدا بکرێت.
بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە لە دیدگەیەکی سەرەکییەوە لە بواری وەرزش بڕوانێت و بایەخی زیاتری پێ بدات، نەخاسمە کە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی وەک سەرکردەیەکی گەنج خاوەنی ئەو توانا و لێوەشاوەیی و وزەیە کە گەنجانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی لێ دەکەن و خوازیارن لە پێشخستنیان بەشدار بێت و لە نێویاندا بێ، وەک ئێوارەی ڕێکەوتی 30ی نیسانی 2022 ئامادەی یاری نێوان هەولێر و زاخۆ بوو، کە ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ گرنگیپێدانی بە گەنجان و حەز و ئارەزووەکانیان. هەروەها لە سۆنگەی بایەخ پێدانی بە وەرزش ڕێکەوتی 2ی حوزەیرانی 2021 لەگەڵ عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق کۆ بووەوە و جەختی لەسەر گرنگی برەودان بە هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کردەوە لە بواری ئەنجامدانی چالاکییە وەرزشییەکان و گرنگیی لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنی لە چالاکیی و ناوەندە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکان.
بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە لە بواری وەرزشیدا پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتان فراوانتر بکات. وەک ئاماژەمان بۆ کرد وەرزش بەشێکە لە پیادەکردنی هێزی نەرم بۆ ڕاکێشانی ئەوانی دیکە. دەکرێت هەرێمی کوردستان هانی وڵاتان و یانە بەناوبانگەکان بدات ناوەندیی ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە و ئاڵوگۆڕی وەرزشیان لەگەڵ دروست بکات و سوود لە تواناکانیان ببینرێت. ڕاستییەکەی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی داهاتوو بە هەوڵەکانی حکوومەت و سەرۆکوەزیرانەکەی، دەتوانێت خول و پاڵەوانیەتی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە و لەسەر ئاستی یانەکان و هەڵبژاردەی وڵاتان پێشبڕکێ ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لانی کەم بە هۆی ئەو پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و بازرگانییەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کەنداو بە تایبەتتریش قەتەر و ئیمارات و ئەوانی دیکە هەیەتی، دەتوانێت لە هەوڵ و نەخشەیەکی لەم شێوەیە سەرکەوتوو بێت. دوای بردنەوەی هاندەرانی زاخۆش وەکوو باشترین هاندەری ئەم ساڵ، دەکرێت هەوڵەکان لە پێناو بەهێزکردنی دیپلۆماسیی وەرزشی بەهێزتر بکرێن.