ئایا ئێران و ئیسرائیل  دەچنە جەنگی ڕاستەوخۆوە؟!

ساتی دەست بەسەرداگرتنی کەشتی ئێم ئێس سی ئاریێز
ساتی دەست بەسەرداگرتنی کەشتی ئێم ئێس سی ئاریێز

لە دوای شۆڕشی 1979 ئێران هەموو پەیوەندییە سیاسی، دبلۆماسیی و ئابوورییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بچڕاندوە، ئەگەر بە زارەکیش بووبێت شەرعییەتی نەداوە بە دەوڵەتی ئیسرائیل و دانی پێدا نەناوە، بەدرێژایی ئەو ساڵانە ململانێکانی ئێران و ئیسرائیل بەردەوام بووە و بە شێوەکی ناڕاستەوخۆ، یەکێك لە ئامانجەکانی ئیسرائیل ڕێگری بووە لەوەی کە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی لە ناوچەکەدا.

هەروەها لاواز کردنی گرووپ و هاوپەیمان و شوێنکەوتوانی کە بە وەکالەت شەڕ بۆ ئێران دەکەن لە ناوچەکەدا بە نموونە (حزب اللە) سەرەڕای ململانێ و گرژییە قوڵەکانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە بەکارهێنانی خاکی دەوڵەتانی ترە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکانی نێوانیان و هەڕەشەی پەلاماردانی یەکتری و هەڵپەساردنی پەیوەندیەکانیان تا ئێستا دۆخەكەیان نەگەیاندۆتە  شەڕی ڕاستەوخۆ و یەکلای کەرەوە لە نێوانیاندا، چونكە ئەگەر جەنگەكە لە جەنگی ناڕاستەوخۆوە ببێتە جەنگی ڕاستەوخۆ ئەوا بە تەنیا ئەو دوو دەوڵەتە نابن، بەڵکو هاوپەیمان و دۆستانی  ئەو دوو دەوڵەتەش بەشداری جەنگەکە دەبن جا بە ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ و لە رێگەی هاوکاریی و پیشتیوانی سەربازی و پێدانی چەك و هاوكاری لۆجستی بێت، ئەوەش وادەكات كە جەنگەكە پەل بكێشێت بۆ جەنگێكی جیهانی مالوێرانكەر لە ناوچەكەدا، ئەم جەنگەش نە ئێران و نە ئیسرائیل و نە وڵاتانی زلهێزیش نایخوازن و هەمیشە هەوڵیان داوە كە ڕوو نەدات .

بەڵام ئەم جارە و لەم چەند رۆژەی رابردوودا ئاستی گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل چووەتە قۆناغێکی نوێ و ئاماژەکان بە ئاراستەیەکە گرژییەکان بەرەو جەنگی ڕاستەخۆ بچێت، ئەمەش تەنیا ئەگەرێکە و بەشێك لە چاودێران پێشبینی دەكەن، بەڵام لەبەرانبەریشدا بەشێكی دیكە لە چاودێران پێیان وایە كە هەرگیز ئەو جەنگە ڕاستەوخۆیە ڕوونادات چونکە هەردوو دەوڵەت ئاکامەکانی جەنگەکە دەزانن،  دەزانن جەنگێکی وا لە بەرژەوەندی هیچ لایەکیان نابێت ، بە دیوێکی تر دا هیچ لایەك براوە جەنگەکە نابێت، بەڵكوو هەردوو دەولەت بە دۆڕاویی و وێرانكراوی لێی دەر ئەچن .

  بۆیە پێدەچێت جەنگەکە تەنیا جەنگێکی میدیایی بێت و گرژی و جەنگ و ململانێکانی نێوانیان هەر بەشێوەی جاران لە ڕێی مقاشەكانەوە لەسەر خاکی دەوڵەتانی تر درێژە پێ بدەن بە بێ ئەوەی پریشکی ئاگرەکە ڕاستەخۆ بەر خۆیان بکەوێت.