كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دواخرا
K24 - سلێمانی
بڕیاربوو ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ گۆڕینی پارێزگا بەڕێوەبچێت، بەڵام كۆبوونەوەكە دواخرا.
پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "بەھۆی تەواونەبوونی رێژەیی یاسایی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا كۆبونەوەكە ئەنجام نادرێت".
پەیامنێرمان راشیگەیاند: "كاتژمێر 1 شەوی رابردوو لە رێگەی تەلەفۆنەوە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا ئاگاداركراونەتەوە كە كۆبوونەوەكە دواخراوە".
بەرپرپرسێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بە پەیامنێری كوردستان24 گوت: "ھۆكاری سەرەكی دواخستنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ رای جیاواز لە نێوان باڵەكانی یەكێتیی دەگەڕێتەوە لە دیاركردنی كەسێك بۆ پۆستی جێگری پارێزگا".
لە 9/12/2014، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر بەڕێوەبردنی ئیدارەی سلێمانی و ھەڵەبجە رێككەوتن بە گوێرەی رێككەوتننامەكە لە دوای دووساڵ ئاڵوگۆڕی لە پۆستەكان دەكرێت، بڕیاربوو ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبچێت و ھەڤاڵ ئەبوبەكر كاندیدی گۆڕان لە شوێنی ئاسۆ فەرەیدون ببێت بە پارێزگاری سلێمانی.