سیاسی
عەبدولسەتتار ئەحمەد باغەمرەیی
عەبدولسەتتار ئەحمەد باغەمرەیی

نووسەر

ئاسۆی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و قه‌ته‌ر

ئاڵاکانی قەتەر و کوردستان
ئاڵاکانی قەتەر و کوردستان

وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی هه‌ر یه‌كێكیان به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان و له‌ ئاسته‌ جیاجیاكاندا له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بایه‌خی هه‌رێمی، ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه‌ و له‌وه‌ته‌ی دروستبوونیان و بوونیان به‌ قه‌واره‌ی سیاسی دانپێنراو له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ هاوكێشه‌كان و كاریگه‌رییان به‌سه‌ر بڕیاره‌ سیاسییه‌كان و به‌شداریكردنیان له‌ ئابووریی و وزه‌ی ناوچه‌كه‌ و جیهان به‌ گشتی هه‌یه‌ و هه‌ندێك جاریش ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ پرسه‌كاندا ده‌بین، به‌ تایبه‌ت له‌و پرسانه‌ی پێوه‌ندییان به‌ ئاسایشی سیاسی و ئابووری و وزه‌ی ناوچه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی به‌شێكیان له‌ نێویشیاندا قه‌ته‌ر ته‌مه‌نیان زۆر نییه‌ و هه‌ندێكیان وه‌ك قه‌واره‌ی سیاسی ته‌مه‌ن و مێژووی ده‌وڵه‌تداریان نیو سه‌ده‌ ده‌بێ، به‌ڵام توانیویانه‌ ببنه‌ هێزی كاریگه‌ر به‌ تایبه‌ت كه‌ زۆربه‌یان به‌ نه‌وت و غاز و سامانی دیكه‌ی سروشتییه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن و وڵاتانی جیهان و جه‌مسه‌ره‌كان خوازیاری ئه‌وه‌ن پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ببه‌ستن و سوود و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش ئاڵوگۆڕ بكه‌ن.

هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی دیفاكتۆ و پاشانیش ده‌ستووری به‌و پێیه‌ی له‌ ده‌ستووری ساڵی 2005ـی عێراق ددانی پێدا نراوه‌، هه‌ر چه‌نده‌ ئاسته‌نگه‌كانی ناوخۆیی، هه‌رێمی، ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی له‌ به‌رده‌میدا زۆرن و زۆر جار ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ به‌سه‌ر قه‌واره‌ و ئه‌زموونی حوكمڕانی، به‌ڵام توانراوه‌ بكه‌وێته‌ ناو چه‌ندان هاوكێشه‌ی گرنگ به‌ تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی سیاسی، ئابووریی و وزه‌.

لە ماوەی ساڵی 2016ـوه‌ ململانێ و ناكۆكی لە نێوان قەتەڕ لە لایەك و وڵاتانی دیكەی هاوپەیمان لە كەنداوی عەرەبی سعوودییە، ئیماڕات، بەحره‌ین، عوممان و كوەیت لە لایەكی دیكە سەری هەڵدا بوو و وڵاتانی هاوپەیمانی كەنداو پێیان وابوو، قەتەڕ بە هۆی پشتوانیلێكردنی لە لایەن توركیاوە پشتگیری لە تیرۆر و گرووپە ڕادیكاڵەكان دەكات. بە گەڕانەوە بۆ مێژوو ڕوون دەبێتەوە ململانێی قەتەڕ نەخاسمە لەگەڵ سعوودیە و بەحره‌ین مێژووییەكی كۆنی هەیە، هەروەها لەگەڵ ئیماڕاتیش بە هەمان شێوە جۆرێك لە ناكۆكی مێژووییان هەیە، تەنانەت قەتەڕ ئامادە نەبوو بچێتە ناو پێكهێنانی یەكێتی میرنشینەكانی ئیماڕات وەك سەرەتایەك بۆ دروستبوونی دەوڵەتی ئیماڕات. لە ساڵی 1850 ململانێی توند كەوتە نێوان قەتەڕ لە لایەك و بەحره‌ین و سعوودیە لە لایەكی دیكە، بە شێوەیەك هەر یەك لە بەحره‌ین و سعوودیە تا ساڵی 1866 گەمارۆی قەتەڕیان دا و چەندان هێرشی زەمینی و دەریاییان كردە سەر هۆزە جیاوازەكانی قەتەڕ. ئەگەر لە ناوچەی جوگرافی قەتەڕ بڕوانین ڕوون دەبێتەوە، هاوشێوەی هەرێمی كوردستان لە لایەن ژمارەیەك لە وڵاتان دەور دراوە، كە جگە لە سعوودیە هیچ دەروازەیەكی دیكەی وشكانی بۆ گەیشتن بە دەرەوە نییە.

ڕاستییه‌كه‌ی قه‌ته‌ر یه‌كێكه‌ له‌ وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی جیهان نه‌خاسمه‌ له‌ بواری قه‌باره‌ی یه‌ده‌گ و به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتی له‌ پله‌ی سێیه‌می ڕیزبه‌ندیی دایه‌ و له‌ دوای ئه‌مریكا و ڕووسیا دێ، به‌ شێوه‌یه‌ك ئاستی به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتی له‌ ساڵی 2013ـدا گه‌یشته‌ 121 ملیار مه‌تر سێجا. قه‌ته‌ر له‌وه‌ته‌ی دۆزینه‌وه‌ی غازی سروشتی له‌ ساڵی 1971ـوه‌ هه‌وڵێكی زۆری داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كانی پێوه‌ست به‌ ڕه‌هه‌ندی بازاڕی جیهانی كه‌م بكاته‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ تا ئێسته‌ توانیویه‌تی ئاستی هه‌نارده‌كردنی غاز بۆ ده‌ره‌وه‌ بگه‌ینێته‌ سه‌رووی ڕێژه‌ی 70%ـی هه‌نارده‌ی قه‌ته‌ری. ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ له‌ بواری وزه‌دا وایكردووه‌ قه‌ته‌ر له‌ بواری ئابووریدا پێشكه‌وتنێكی گه‌وره‌ به‌ ده‌ست بهێنێ، هاوكات توانا و گه‌شه‌ی مرۆیی له‌ قه‌ته‌ڕ به‌ تایبه‌ت له‌ بواره‌كانی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ ئاستێكی به‌رز گه‌شه‌ی كردووه‌، كه‌ هۆكاره‌كه‌ی گه‌شه‌ و كاریگه‌ری غازی سروشتییه‌ كه‌ به‌سه‌ر هه‌موو كه‌رته‌كانی ئابووری ئه‌و وڵاته‌ درێژ بووه‌ته‌وه.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ 8ـی شوباتی 2009 یه‌كه‌م سه‌ردانی فه‌رمی بۆ قه‌ته‌ر ئه‌نجام دا

سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و قه‌ته‌ر، هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌ت له‌ دوای ساڵی 2005ـوه‌ زیاتر په‌ره‌ی به‌ پێوه‌ندییه‌ فه‌رمییه‌كانی دا، كه‌ وڵاتی قه‌ته‌ڕیش یه‌كێك بوو له‌و وڵاتانه‌ی هه‌رێمی كوردستان مه‌به‌ستی بوو پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دروست بكات كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ قه‌ته‌ریش بۆ هه‌نگاوێكی له‌م شێوه‌یه‌ ئاره‌زوومه‌ند بوو، كه‌ دواتر ئه‌مه‌ به‌ ڕوونی ڕه‌نگی به‌سه‌ر ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ دایه‌وه‌.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ 8ـی شوباتی 2009 یه‌كه‌م سه‌ردانی فه‌رمی بۆ قه‌ته‌ر ئه‌نجام دا و له‌گه‌ڵ شێخ حه‌مه‌د بن خه‌لیفه‌ ثانی، میری قه‌ته‌ر كۆ بووه‌وه‌ و باسیان له‌ بارودۆخی عێراق و چه‌ند پرسێكی هاوبه‌شی نێوان قه‌ته‌ر و هه‌رێمی كوردستان كرد. هه‌روه‌ها له‌ چوارچێوه‌ی پێوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كاندا ڕێكه‌وتی 6ـی كانوونی یه‌كه‌می 2012 ‌شاندێکی بازرگانی قه‌ته‌ر كه‌ پێك هاتبوو له‌ فه‌یسه‌ڵ بن سعوود ئال ثانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ کۆمپانیای قه‌ته‌ری قابیزه و ته‌ڵال بن ڕاشید ئال خه‌لیفه،‌ سه‌رۆکی پسپۆرێتی شیکاری له ‌کۆمپانیای نێوده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر بۆ په‌تڕۆڵ و نه‌واف عه‌لی عبێدلی، به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆسه‌کان له‌ "قه‌ته‌ر هۆسپیتاڵ"، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان كۆ بوونه‌وه‌ و تاوتوێی پێوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو لا كرا و جه‌خت له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه‌كان كرایه‌وه‌. پاشان له‌ ڕێكه‌وتی 20ـی ته‌ممووزی 2015ـدا له‌نێو جه‌رگه‌ی جه‌نگی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ ڕێكخراوی داعش كه‌ هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵی سه‌ره‌كی و مه‌یدانی له‌و جه‌نگه‌دا هه‌بوو، خالید عه‌تییه،‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسانی دیكه‌ كۆ بووه‌وه‌، كه‌ ئامانج لێی به‌هێزكردنی پێوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان و مۆركردنی یاداشتێكی لێكگه‌یشتن بوو له‌ نێوان هه‌ردوو لا بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاریی به‌ ئاواره‌ عێراقییه‌كانی شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق كه‌ ژماره‌یان ملیۆن و نیوێك ده‌بوو و په‌نایان بۆ هه‌رێمی كوردستان هێنابوو و نیشته‌جێ بووبوون. ئه‌و كات حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باری زۆر قورس بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ جه‌نگی دژ به‌ داعشدا بوو، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراق له‌ شوباتی 2014ـوه‌ به‌شه‌ بودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بڕی بوو، بۆیه‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رباری ئه‌و بارگرانییه‌ی له‌ ئه‌ستۆیدا بوو، هاوكات هه‌موو جۆره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كیشی پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌كان ده‌كرد، كه‌ ئه‌مه‌یش تێچوویه‌كی زۆری خستبووه‌ سه‌ر شانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. ڕاستییه‌كه‌ی وڵاتانی به‌خشه‌ر هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كیان نه‌دایه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ دابینكردنی پێویستییه‌كانی ئاواره‌كان، به‌ڵكوو ته‌نیا قه‌ته‌ڕ بڕی دوو ملیۆن یۆرۆی له‌ ساڵی 2015 به‌خشی، ئه‌وه‌ی ماوه‌ كه‌ ڕێژه‌ی 70ـی خه‌رجییه‌كان بوو، كه‌وته‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

پاشان پێوه‌ندییه‌كان له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و قه‌ته‌ڕ به‌رده‌وام بوو. ڕێكه‌وتی 2ـی ئه‌یلوولی 2019 خالید محه‌ممه‌د سه‌ڵیتی، باڵیۆزی قه‌ته‌ڕ له‌ عێراق سه‌ردانی هه‌ولێری كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كۆ بووه‌وه‌. سه‌ڵیتی له‌ دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیدا خۆشحاڵی و پێزانینی به‌رانبه‌ر به‌ گه‌شه‌ی ئابووری هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی بوو و جه‌ختیشی له‌سه‌ر به‌هێزكردنی پێوه‌ندیی نێوان وڵاته‌كه‌ی و هه‌رێمی كوردستان كردبووه‌وه‌. هه‌روه‌ها ڕێكه‌وتی 15ـی كانوونی دووه‌می 2020 محه‌ممه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال ثاني، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ڕ سه‌ردانی عێراق و پاشانیش هه‌رێمی كوردستانی كردبوو و له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیران و نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی كردبوو. دوای ماوه‌یه‌كی دیكه‌ و له‌ 25ـی ئاداری 2021ـدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ڕ جارێكی دیكه‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرده‌وه‌ كه‌ ئامانج لێی تاوتوێكردنی پرسی كردنه‌وه‌ی كونسوڵگه‌ی قه‌ته‌ڕ بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پێویستییه‌كی پێوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا، كه‌ دواجار ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ 26ـی ئایاری 2024ـدا جێبه‌جێ كرا و به‌ ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، كونسوڵگه‌ی گشتیی قەتەڕ لە هەولێر كرایه‌وه‌.

له‌ سۆنگه‌ی ئه‌و پێوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندیییه‌ هاوبه‌شانه‌وه‌، ڕێكه‌وتی 16ـی شوباتی 2022 مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئال ثانی، میری قه‌ته‌ڕ سه‌ردانی قه‌ته‌ڕی كرد. سەرۆکوه‌زیران مه‌سرور بارزانی لە سەردانەکەیدا، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ میری قەتەڕ، لە گەڵ بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە به‌ تایبه‌ت سه‌عد شه‌ریده‌ ئه‌لكه‌عبی، وه‌زیری كاروباری وزه‌ و شێخ محەمەد بن حەمەد ئال ثانی، وه‌زیری بازرگانی کۆبوونه‌وه‌ی كرد، كه‌ ئامانج لەو سەردانەی بریتی بوو له‌ گفتوگۆکردن دەربارەی پەرەپێدانی پێوه‌ندی دوولایەنە بە تایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی، وەبەرهێنان، وزە و کشتوکاڵ. وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌مان بۆ كرد قه‌ته‌ڕ خاوه‌نی یه‌ده‌گێكی زۆری غازی جیهانه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ڕێژه‌ی 14%ـی یه‌ده‌گی غازی جیهانی پێك ده‌هێنێ، بۆیه‌ وڵاتان هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ڕ ده‌ده‌ن و مه‌به‌ستیانه‌ لێی نزیك ببنه‌وه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بۆ هه‌رێمی كوردستانیش گرنگ بوو سوود له‌ ئه‌زموون و كه‌رتی غازه‌كه‌ی ببینێ، نه‌خاسمه‌ قه‌ته‌ڕ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا پشتیوانی هه‌یه‌، له‌ هه‌مان كاتدا‌ ده‌توانێت پاڵپشتی هه‌رێمی كوردستانیش بكات. مایه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له‌ قه‌ته‌ڕ سه‌ردانی دامه‌زراوه‌ی قه‌ته‌ڕ (مؤسسة قطر)ـی كردبوو، كه‌ كار له‌سه‌ر بواره‌كانی توێژینه‌وه‌ و په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات.

ڕێكه‌وتی 23ـی ئایاری 2022 سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی له‌ چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس، له‌ دوو دیداری جیادا لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ثانی میری دەوڵەتی قەتەڕ شێخ سەلمان بن خەلیفە ئال خەلیفە وەزیری دارایی و ئابووری نیشتمانی کۆ بووەوە، كه‌ له‌ هه‌ر دوو كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆیان له ‌باره‌ی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پێوه‌ندییەکانی هەرێمی کوردستان و قەتەڕ بە تایبەتی لە بواری ئابووریی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی كرد.

قه‌ته‌ڕییه‌كان بۆیان ڕوون بوو‌ هه‌رێمی كوردستان له‌نێو عێراقدا نموونه‌ی ناوچه‌یه‌كی سیاسیی سه‌قامگیره،‌ بۆیه‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پێوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن

ڕوونه‌ له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا پێوه‌ندییه‌كی به‌رفره‌وان له‌ نێوان سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و سه‌ركرده‌ قه‌ته‌ڕییه‌كان دروست بووبوو و له‌ چه‌ندان بۆنه‌ی جیاجیای سیاسی و ئابووریدا چاویان به‌ یه‌كدی ده‌كه‌وت و پێداگریان له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولادا ده‌كرده‌وه‌. قه‌ته‌ڕییه‌كان بۆیان ڕوون بوو‌ هه‌رێمی كوردستان له‌نێو عێراقدا نموونه‌ی ناوچه‌یه‌كی سیاسیی سه‌قامگیره،‌ بۆیه‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پێوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن و به‌ گه‌شبینییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن و پێشوازیی له‌ سه‌ركرده‌كانی نه‌خاسمه‌ مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌ن و له‌ كۆڕ و كۆڕبه‌ند و بۆنه‌ هه‌رێمی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا وه‌ك دۆست و هاوبه‌ش هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن.

ناكۆكی و ته‌نگژه‌ی نێوان قه‌ته‌ڕ له‌ لایه‌ك و هه‌ر یه‌ك له‌ سعوودیه‌، ئیماڕات، به‌حره‌ین و میسڕ له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ وه‌ك یه‌ك به‌ره‌ی یه‌كگرتوو له‌ حوزه‌یرانی 2017ـدا به‌ لوتكه‌ گه‌یشت، كه‌ هه‌مووان وڵاتی قه‌ته‌ڕیان به‌ هاوكاریكردن و پشتوانیكردنی تیرۆر و ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان و ئیسلامییه‌ ڕادیكاڵه‌كان تۆمه‌تبار كردبوو، له‌ ئه‌نجامیشدا پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ پچڕاند و چه‌ندان جۆر گه‌مارۆیان خسته‌ سه‌ر، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ردا توركیا و ئێران سنووریان بۆ كردەوە، تەنانەت توركیا بە چەك و ڕەوانەكردنی سەرباز پشتوانی لێ كرد. كه‌واته‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ توركیا و قه‌ته‌ڕ پێوه‌ندییه‌كانیان له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاجیاكاندا به‌هێزه‌ و هه‌ردوولا ده‌توانن هاوكاری یه‌كدی بكه‌ن و ڕێگه‌ی به‌رده‌م یه‌كدی خۆش بكه‌ن. به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌گه‌ر وێنه‌ی ئه‌و پێوه‌ندی و كارلێكه‌ی نێوان توركیا و قه‌ته‌ڕ نزیكتر و گه‌وره‌تر بكه‌ینه‌وه‌، ڕوون ده‌بێته‌وه‌ قه‌ته‌ڕیش وه‌ك ئیماڕات ڕۆڵ و پێگه‌ی له‌ بواری وزه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌توانێ خۆی له‌نێو هاوكێشه‌كانی بسه‌لمێنێ. قه‌ته‌ڕ ده‌یه‌وێ به‌ هاوكاری و پشتوانی توركیا له‌ ڕێگه‌ی بۆرییه‌وه‌ غازی سروشتی بۆ ئه‌ورووپا ڕابكێشێ، كه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ سه‌رخستنی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ له‌ پاڵ توركیادا سوود له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ربگرێ، كه‌ بۆچوونه‌كان به‌و ئاراسته‌یه بوون سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێكه‌وتی 16ـی شوباتی 2022 بۆ قه‌ته‌ڕ هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بێ، نه‌خاسمه‌ كه‌ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ تویتێكدا ڕایگه‌یاندبوو: "ڕێککەوتن کرا لەسەر پێکهێنانی تیم لە هەر دوو حکوومەت بۆ گەڕان بەدوای هاوکاری لە بوارە جیاوازەکانی وزەدا، لەوانە وزەی نوێبووەوە و وەبەرهێنانی وزە."

به‌شێك له‌ چاودێران پێیان وابوو سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ قه‌ته‌ڕ له‌ ڕۆژی 16ـی شوباتی 2022 كه‌ ته‌نیا دوای ڕۆژێك بوو له‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی فیدڕاڵی سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان، بۆ پته‌وكردنی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و قه‌ته‌ڕ بوو به‌ تایبه‌ت له‌ بواری وزه‌، هه‌روه‌ها شاره‌زایانی بواری سیاسی و ئابووری خوێندنه‌وه‌یان بۆ سه‌ردانه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بوو كه‌ قه‌ته‌ڕ هه‌وڵ ده‌دات و جووڵه‌كانی به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه‌ ئاماده‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت و هاوكات له‌گه‌ڵ توركیا پشتوانی له‌ هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن له‌ دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق، هه‌روه‌ها له‌ دیدی شرۆڤه‌كاران به‌شێكی دیكه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ قه‌ته‌ڕ له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ و پلانی درێژخایه‌ن بووه‌ له‌ بواره‌كانی ئابووری، وزه‌، بازرگانی و وه‌به‌رهێنان، به‌ تایبه‌ت كه‌ قه‌ته‌ڕ خوازیاره‌ پێوه‌ندییه‌كانی له‌ میانی ڕێككه‌وتنه‌ هه‌مه‌جۆره‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌رفره‌وانتر بكات نه‌خاسمه‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕووی وه‌به‌رهێنانی قه‌ته‌ڕی له‌ بواری غاز و پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی توركیا به‌ نه‌وت و گاز، كه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌مان ئه‌و تویته‌ی له‌ پێشوودا ئاماژه‌مان بۆ كرد، ڕایگه‌یاندبوو: "لەگەڵ سەعد ئەلکەعبی، وەزیری دەرەوەی قەتەڕ بۆ کاروباری وزە تاوتوێی (توانایه‌كی گەورەی غاز)ـیمان لە ناوچەکەدا کرد."

به‌م شێوه‌یه‌ و له‌ میانی هه‌وڵ و جووڵه‌ دیپلۆماسییه‌كاندا ڕوون ده‌بێته‌وه‌، چه‌ندان پێوه‌ندی و لێكنزیكبوونه‌وه‌ و ڕێككه‌وتنی سیاسی و ئابووری پێ ده‌چێت هێڵه‌ گشتییه‌كانی نه‌خشه‌ی داهاتووی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكێشن، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین، ده‌رده‌كه‌وێ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی و ده‌ستووری، هه‌روه‌ها عێراقیش وه‌ك ده‌وڵه‌ت له‌نێو ئه‌و هاوكێشانه‌دا به‌هۆی ئه‌وه‌ی خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی جیۆپۆله‌تیكین‌، توانای ئه‌وه‌یان ده‌بێت له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی نه‌وت و غازی وڵاتان بگوازنه‌وه‌، له‌ میانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و گازه‌كه‌یان ببنه‌ به‌شێكی كاریگه‌ری ناو هاوكێشه‌كان.

نكوڵی له‌ پێگه‌ی وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌خاسمه‌ له‌ بواری نه‌وتدا ناكرێ، كه‌ توانیویه‌تی ببێته‌ یه‌كێك له‌ هێڵ و ڕایه‌ڵه‌كانی دابینكردنی وزه‌ و پشكی له‌ هاوكێشه‌یه‌كی قه‌باره‌ دیاریكراودا هه‌یه‌، كه‌ ده‌توانێت ئاستی ئه‌و قه‌باره‌یه‌ له‌ داهاتوودا به‌رز بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌توانێ ئه‌و پێوه‌ندییه‌ ستراتیژه‌ی له‌ بواری وزه‌ له‌گه‌ڵ توركیا و كڕیاره‌ ده‌ره‌كییه‌كانی دیكه‌ دروستی كردووه‌، په‌ره‌ی پێ بدات و به‌رفره‌وانتری بكات، كه‌ له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌وڵه‌كانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیران به‌و ئاراسته‌یه‌ هه‌نگاو ده‌نێ، چونكه‌ ته‌واو دركی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت بابه‌تی نه‌وت تێ په‌ڕێنێت و بۆ بابه‌تی غاز وه‌ربچه‌رخێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هه‌نارده‌كردنی غازی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا له‌ لایه‌ك و ئه‌گه‌ری ڕاكێشان و گواستنه‌وه‌ی غازی قه‌ته‌ڕ له‌ ڕێگه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌كی دیكه‌ پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌نێو هاوكێشه‌ی توركیایش قاییمتر ده‌كات. له‌ سه‌رێكی دیكه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێ سوودمه‌ند بێ له‌ په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیماڕاتی عه‌ره‌بی و ئه‌وانه‌ی له‌و به‌ره‌یه‌ن، كه‌ عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ و به‌حره‌ین ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ ڕێڕه‌و و ده‌روازه‌ی بازرگانی نێوان ئیماڕات و توركیا.

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی كه‌ خاوه‌نی دیپلۆماسی و هێزی نه‌رمه‌ و حه‌كیمانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات، ده‌توانێت له‌نێو جه‌مسه‌ر و هاوكێشه‌كاندا پارسه‌نگ ڕابگرێ

به‌ڵام دواجار له‌ پاڵ هه‌موو ئه‌م پێشبینی و ئه‌گه‌ره‌ مه‌رجدارانه‌دا‌، هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌ت سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی كه‌ خاوه‌نی دیپلۆماسی و هێزی نه‌رمه‌ و حه‌كیمانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات، ده‌توانێت له‌نێو جه‌مسه‌ر و هاوكێشه‌كاندا پارسه‌نگ ڕابگرێ، واته‌ له‌ لایه‌ك به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌كانی نێوان توركیا و قه‌ته‌ڕ له‌گه‌ڵ ئیماڕاتی عه‌ره‌بی و وڵاتانی سعوودیه‌ و به‌حره‌ین، هاوكات به‌رژه‌وه‌ندی و ڕێككه‌وتنه‌كانی نێوان ئیسڕائیل و شانشینی ئوردن، له‌ لایه‌كی دیكه‌ پێویست ده‌كات هه‌رێمی كوردستان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران له‌ به‌ر چاو بگرێت، به‌ هه‌مان مه‌ودا ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕووسیای فیدڕاڵیش بخرێته‌ ناو حیساباته‌ بایه‌خپێدراو و له‌بیرنه‌كراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، نه‌خاسمه‌ ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ له‌باره‌ی لووله‌ و بۆری گاز. سه‌ره‌ڕای بڕیاری دادگه‌ی فیدڕاڵی عێراق كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ نایاساییبوون و ناده‌ستووریبوونی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ده‌كرێ هه‌رێمی كوردستان به‌هێز له‌ پێگه‌ی خۆی و زیاتریش بمێنێته‌وه‌ و ده‌توانێت له‌ ئایینده‌دا خاوه‌نی دیدگه‌ و ستراتیژی خۆی بێ، نه‌خاسمه‌ كه‌ عێراق، ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌می لاوازن بۆ چوونه‌ ناو یان پاڵ یه‌كێك له‌و پلان و ڕێككه‌وتنانه‌ی نێوان جه‌مسه‌ره‌ پێكهاتووه‌كانی ناوچه‌كه‌، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان به‌و پێوه‌ندییانه‌ی به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌مدا به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ توركیا و وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ سه‌رووی هه‌موویشیانه‌وه‌ ئیماڕاتی عه‌ره‌بی و قه‌ته‌ڕ دروستی كردوون، ده‌توانێت ببێته‌ یه‌كێك له‌ میحوه‌ره‌كانی هه‌ر دوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ و هاوكات پارسه‌نگی جه‌مسه‌ره‌كه‌ی دیكه‌یش ڕابگرێ.