بڕیارێکی بوێر لە کاتێکی هەستیاردا

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی بە پێی پەیڕەوی ناوخۆیی خۆی بڕیاری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا لە سەرجەم ئۆرگانەکانیدا، بێ لەو ئۆرگانانەی دەکەونە سنووری ماددەی 140 و دەرەوەی وڵات، کە لە داهاتوودا لەو ئۆرگانانەش هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.

هەڵبژاردن ئەو ئامرازەیە کە سەرلەنوێ بە جومگەکانی حزبدا دەچێتەوە و لە بنکەوە تا مەکتەبی رێکخستنی پارێزگاکان دەگرێتەوە و تەوژمێکی بەهێزی نوێبوونەوە دەبەخشێتەوە بە پارتی.

راستە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتێکی هەستیاردابوو، کە بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە بە چەند مانگێک، لە هەمان کاتدا پێویستییەکی کاری رێکخراوەیی و دیموکراسی ناوخۆی پارتی بوو کە بوێرانە ئەنجامیدا.

لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن چاوەکان زیاتر لەسەر ئەو هەڤاڵانەیە کە دەنگی پێویستییان بەدەستنەهێناوەتەوە، کە زیاتر ئەو هەڤاڵانەن کە پلەیان هەبووە و جۆرێک لە دڵگرانی و ناڕەحەتییان پێوە دیارە، ئەو هەڤاڵانە دڵسۆز و بەئەزموون و خاوەن پێگەن و پارتی بۆ ئەوانە و ئەوانیش بۆ پارتین.

بەڵام ئەوەی تا ئێستا نەبۆتە جێگای تێڕامان و هەڵوەستە لەسەرکردن، ئەو کۆمەڵە هەڤاڵ و کادرانەن کە لەسەر ئاستی هەموو سنوور و ئۆرگانەکانی پارتی، لە بنکەوە بۆ رێکخراو و پاشان ناوچەکان و دواتر لقەکان و مەکتەبی رێکخستنی پارێزگاکاندا سەرکەوتن و هاتونەتە پێشەوە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە زۆرینەی رەهای ئەو هەڤاڵانە گەنج و لاون و رێژەیەکی زۆری ئافرەتیشییان تێدایە.

ئەم سەرمایە مرۆییە نوێیە بۆ پارتی بە دیوێکدا دەرفەتدانە بە توانای نوێ و ژیاندنەوەی هیوایە بۆ سەرجەم کادرانی پارتی، بە دیوەکەی تریشدا رێکخستنەوە و ئاراستەکردنی پارتییە بەرمەبنای پەیڕەوی ناوخۆی خۆی، کە پێویستییەکی هەمیشەییە بۆ هەر پارت و رێکخراوێکی سیاسی.

هەڵبژاردن سەرەڕای هەر تێبینییەک کە لەسەری هەبێت یان هەبووبێت، بەڵام لە وێنەگەورەکەدا پێویستییەکی گرنگ بوو لە رووی رێکخستنەوەی ئۆرگانەکان و ژیاندنەوەی بنکە و رێکخراوەکانی پارتی کە بنچینەی لەسەروەستانی پەیکەری پارتین لە رووی جەماوەرییەوە.

داهاتوو پێمان دەڵێت کە ئەم خۆڕێکخستنەوەیەی پارتی چەند سوودمەند و کاریگەر دەبێت لە رووی جەماوەرییەوە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش باشترین تاقیکردنەوەیە بۆ دەرخستنی بەهێزیی پارتی.