ڕۆڵی دەوڵەتی قوڵ لە بەردەوامی شەڕ و پێشێلكردنی سەروەری عێراق

بۆردوماكردنی بنکەکانی پەکەکە لە نزیک شارەدێی چەمانکێ له‌لایه‌ن توركیاوه‌
بۆردوماكردنی بنکەکانی پەکەکە لە نزیک شارەدێی چەمانکێ له‌لایه‌ن توركیاوه‌

سادەترین تێگەیشتن بۆ دەوڵەتی قوڵ ( الدولة العمیقة ) تۆڕێكی ڕێكخراون لە چەندین كەسایەتی لە بوارە جیاوازەكان پێكهاتوون، ئەم تۆڕە بەرژوەندی فراوانیان لە ئاستی ناوخۆی وڵات و دەرەوە هەیە، پێگەی بەهێزیان لە ناو دامەزراوەكانی دەوڵەت هەیە وبڕیاردەرن، بڕیار و كردەوەكانیان بێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتە فەرمیەكانە بە گشتی كاریگەری نەرێنی لە سەر سیاسەتی دەوڵەت درووست دەكات، بە واتایەكی تر دەسەڵاتێكی نادیار لە ناو دەسەڵاتی دەوڵەت حوكم دەكات.

 چەمكی سەروەری لە یاسای گشتی نێودەوڵەتی گرینگی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، ئەم چەمكە وەك بنەمایەكی نێودەوڵەتی جێگیر بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان لە چوارچێوەی پەیماننامە و ڕیككەوتنامە نێودەوڵەتیەكان ئاماژەی پێ دراوە، بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی چەند تایبەتمەندییەك هەن سەروەری دەبەخشن بە وڵاتان، یەك لەو تایبەتمەندییانە بوونی دەسەلاتێكە توانا و قودرەتی ئەوەی هەبێ لە هەموو ئاستەکان پەیوەندی لە گەڵ وڵاتان گرێ بدات ومامەڵەی هاوشێوە لەگەڵ وڵاتان ئەنجام بدات، بە گوێرەی دەستوری وڵاتان و پەیماننامە نێودەوڵەتیەكان وڵاتانی خاوەن سەروەری دەسەلاتی ڕەهایان بەسەر زەوی و ئاسمانی وڵاتەكەیان هەیە و خۆیان خاوەن بڕیاری خۆیانن و ملكەچی هیچ وڵات و هێزێكی تر نابن.

ئەوەی تایبەتە بە سەروەری خاكی عێراق بۆ هەموومان ڕوون و ئاشكرایە كە سەروەری خاكی ئەو وڵاتە لە ژێر پرسیاردایە و بە هۆكار و بیانووی جیاواز پێشێل دەكرێ، پێشێلكاریەكەش دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانی بەردەوامی ولاتانی دراوسێی عێراق، لە كاتێكدا مادەی یەكەمی دەستوری هەمیشەیی عێراق ئەو وڵاتە وەك كۆمارێكی فیدراڵی یەكگرتوویی سەربەخۆی خاوەن سەروەری جێكەوت كردووە، وە لە ماددەی هەشتەمی دەستوری هەمیشەیی عێراق ئاماژە دراوە بە پابەند بوون بە بنەمای دراوسێیەتی باش و پابەند بوون بە دەستوەرنەدان لە كاروباری وڵاتانی دیكە و چارەسەر كردنی كێشەكان بە ڕیگای ئاشتیانە و مامەڵەكردنی هاوشێوە، وە ڕێز گرتن لە پابەندبوونە نێودەوڵەتیەكان.

دەیان ساڵە پێكدادانە چەكداریەكانی نێوان سوپای توركیا و چەكدارانی پەكەكە  دۆخێكی نائارامی لە شریتی سنوری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا درووست كردووە، بەو هۆیەوە حەوت سەد قوربانی مەدەنی دانیشتووی هەرێمی كوردستان هەن و 344 یان لە ئەنجامی پێكدادانە چەكداریەكان شەهید بوون، ئەوانی تریش بریندارن و 162 گوندی سەر سنور چۆڵ كراون و سەدان دێهاتی تریش مەترسی چۆڵكردنیان لەسەرە.

لەم نێوەندەدا دەوڵەتی قوڵ ( الدولة العمیقة) ڕۆلێكی بنەڕەتی و خراپ  دەگێڕێ بە ئاراستەی شكستهێنانی هەوڵەكان بۆ كۆتایی هێنان بە پێكدادانە چەكداریەكانی نێوان هەردوو لایەن و دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، ئەم ڕۆڵگێڕانە لە عەمەلی دابەشكراوە لە نێوان بەشێك لە كاراكتەرەكانی گۆڕەپانی سیاسی توركیا لە لایەك و قەندیل لە لاكەی تر، چەند ساڵێكە دەوڵەتی قوڵ لە عێراقیش لە وچوارچێوەیە ڕۆڵی نەرێنیان بە ئاڕاستەی بەردەوامی شەڕ و پێكدادانەكان گێڕاوە بە دەلیلی ئەوەی لە شەنگال چەند فەوجێكیان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی بۆ چەكدارانی پەكەكە كردۆتەوە و توركیاش ناوچەكە بۆردومان دەكات.

هەندێكجار ڕەخنەكان ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێ بەوەی هیچ هەنگاوێك بۆ وەستاندنی لەشكركێشیەكانی توركیا لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان ناهاوێژێ..! ئەم ڕەخنانە لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەكانی دەوڵەتی قوڵە و لەوێشەوە ئاراستە دەكرێن و هەوڵێكە بۆ  چەواشەكردنی عەوام، چونكە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بە پێی دەستوری هەمیشەیی عێراق سنوردارە، بە گوێرەی دەستور و بە پێی پێوەری یاسای نێودەوڵەتیش بێ دەسەڵاتی فیدراڵی بەرپرسیارە لە پاراستنی سەروەری خاكی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، وە سیاسیەتی دەرەوە لە لایەن دەسەڵاتی فیدراڵیەوە دەربرێ بەڕێوە، ئەمانە لە دەستوری هەمیشەیی عێراق  ڕوون و ڕاشكاوانە ئاماژەی پێدراوە.

لەگەڵ ئەمەشدا دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم پەرۆش بوونە بۆ كۆتایی هێنان بەم گرژیانەی سنور و دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، دەتوانین بڵێین هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستان لەم ڕوانگەوە لە ئاستی دەوڵەت نراوە، لەوانە شایەدی ڕۆڵی نێوەندگیری سەرۆك بارزانین لە ساڵی 2012ەوە لە بەرەو پێشبردنی پرۆسەی ئاشتی كە خۆی لە چارەسەری پرسی كورد لە توركیا و وەستانی شەڕ بینیەوە، وە چەندین هەوڵی نێوەندگیری تریش لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە بەو ئاراستەیە نراوە، بەگشتی ئەو كات هەنگاوەكان بە ئاراستەی بەرقەرار بوونی ئاشتی سەرتاسەری بەرەو پێش دەچوون.

بەڵام باڵادەستی دەوڵەتی قوڵ لە توركیا و قەندیل بە كوشتنی دوو پۆلیسی توركیا لە لایەن پەكەكەوە پرۆسەی ئاشتی هەڵپەسارد و كۆتایی بە هەموو هەوڵە دیپلۆماسیەكان هێنا، ئەمەش ئەوەی دەرخست بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی و ڕەواندنەوەی گرژیەكان لە بەرژوەندی ئەوان نیە، ئەوەی تایبەتە بە هەڵوێستی دەسەلاتدارانی عێراق لە بارەی پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق تا ئێستا لە چوار چێوەی لێدوانی ڕۆژنامەوانی دەخولێتەوە، نیەتێكی جددی لەو بارەیەوە نابینرێ، چونكە لە بەرامبەر هەر پێشێلكاریەكی وڵاتان عێراق مافی ئەوەی هەیە لە ڕێگای كەناڵە دیپلۆماسیەكانیەوە سكاڵا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار بكات.