هەڵوێست میرانی
پەیامنێر
نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق
دۆناڵد ترەمپ مارك ساڤایای بە ڕەچەلەك عێراقی وەك نێردەی تایبەتی بۆ عێراق دەستنیشانكرد، تایبەتمەندی نێردەی تایبەتی سەرۆك ئەوەیە دەسەڵاتەكانی لە سەرووی دەسەڵاتی باڵیۆزە، ئەمەریکا باڵیۆزی لە عێراق هەیە بەڵام نێردەی تایبەتی سەرۆكیش دەنێرێتە عێراق.!
بارودۆخی ناوخۆی عێراق بە دڵی ئەمەریکا نیە ئەمەش پاڵنەر بووە بۆ ئەوەی ترەمپ نوێنەرێكی تایبەت بۆ كاروباری عێراق دەستنیشان بكات، چونكە ئەم دۆخەی عێراق كە گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران دەسەڵاتی ڕەهایان هەیە و لە زۆر بابەت حساب بۆ دامەزراوەكانی دەوڵەت ناكەن و لە ئێستادا ئیدارەی دەوڵەتی قوڵ لە عێراق دەدەن پێویست دەكات ئەمەریکا دەستوەردانی ڕاستەوخۆ بكات.
ئەم دەستوەردانە درێژكراوەی پرۆسەی ئاشتی یە لە ناوچەكە كە ئەمەریکا سەركردایەتی دەكات، پرۆسەیەك بە زەبری هێز دەسەپێندرێ، بە واتایەكی تر گەر پرۆسەی ئاشتی سەرنەگرێ هێزی سەربازی ئامادەیە و دەكرێ بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و گورز وەشاندن ناكۆكییەكان لە بەرژوەندی خۆیان یەكلایی بكەنەوە، واتا ئاشتیەك بەرقەرار دەبێ هاوتەریب بێ لەگەڵ بەرژوەندییەكانی ئەمەریکا، بڕیارەكانی لوتكەی شرم الشیخ تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە غەززە لەو چوارچێوەیە دران كە سەرۆك وەزیرانی عێراقیش ئامادەیی ئەو لووتكەیە بوو.
دەبێ گروپە چەكدارەكانی عێراق چەك بكرێن وەك چۆن ئەمەریکا سورە لەسەر چەككردنی حزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە فەڵەستین و حووسییەكان لە یەمەن، هەروەها بنیادنانەوەی سووریایەكی بێ چەك، بەهەمان شێوە گرووپە چەكدارەكانی عێراقیش لەو چوارچێوەیە دەبێ چەكەكانیان ڕادەستی حكوومەتی عێراق بكەنەوە.
ئەم حكوومەتەی دوای هەڵبژاردنیش پێكدەهێنرێ بە ویستی ئەمەریکا دەبێ و تەنانەت ئەمەریکا سوودانی ئاگادار كردووەتەوە لەوەی خۆیان سەرۆك وەزیران و پۆستە باڵاكانی عێراق یەكلایی دەكەنەوە.
كەواتە نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق ئەوەمان پێ دەڵێ ئەو وڵاتە بە بارودۆخێك تێدەپەڕێ بە دڵی ئەمەریکا نییە و كاتی ئەوە هاتووە ئەمەریکا ڕاستەوخۆ دەستوەردان بكات کارنامەی خۆی بسەپێنێ.