بەئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، لووتکەی جیهانیی لاوان بەڕێوەدەچێت و سەرۆکی حکوومەت لە پانێلێکی تایبەتدا بەشدار دەبێت.
لووتکەکە لەژێر دروشمی "نەخشاندنی داهاتوو" بەڕێوەدەچێت و لەلایەن "کوردستان فاوندەیشن"ـەوە رێکخراوە. ئەم کۆڕبەندە زیاتر لە 800 گەنج و نوێنەر لە هەرێمی کوردستان، عێراق و 47 وڵاتەوە، لەگەڵ وەزیران، بەرپرسانی حکوومی، سەرمایەداران، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هاوبەشان، قسەکەران و سەرکردە گەنجەکانی ناوچەکە و جیهان لەسەر یەک سەکۆ کۆدەکاتەوە.
بەگوێرەی کارنامەی فەرمیی لووتکەکە، لە لووتکەی جیهانیی لاوان - کوردستان 2026ـدا گەنجان تەنیا ئامادەبوو نین، بەڵکوو دەخرێنە چەقی گفتوگۆکانەوە، خۆیان پانێڵەکان بەڕێوەدەبەن، شانبەشانی وەزیران دادەنیشن و بەشداری لە داڕشتنی پێشنیازی سیاسەتی راستەقینەدا دەکەن.
سەرجەم دانیشتنەکان لە چوارچێوەی پێنج بواری سەرەکیدا رێکخراون کە لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەپێدانی درێژخایەنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەگونجێن، لەوانە: گۆڕانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد، پەروەردە و لێهاتووییەکان بۆ داهاتوو، کەشوهەوا و گەشەپێدانی درێژخایەن، داهاتووی کار و تەکنەلۆژیا، هەروەها هەلی کاری سەوز، سەرکردایەتی و هاوکاریی نێودەوڵەتی.
لە ماوەی سێ رۆژی کارەکانی لووتکەکەدا، شەش پانێڵی گفتوگۆ بە بەڕێوەبردنی گەنجان، شەش گوتاری سەرەکیی سەرکردە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان، 10 مێزی گفتوگۆ لە نێوان گەنجان و وەزیراندا، 12 وۆرکشۆپ و واژۆکردنی چوار یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچن.