خوێن و زیهنییەتی سوپا
دەبێت شۆک بین لە ئاست ئەو کارەساتە جەرگبڕەی هەورامان و شەهیدکردنی کوڕە کوردێکی کۆڵبەرو فەرەنجی لەبەر، لەئاست ئەم جۆرە ڕوداوانە دەبێت نیشانەی پرسیار دابنێین لەسەر زیهنییەتی میلیتاریزم و بە سوپاکردنەوەی کۆی جومگە و جەمسەرەکانی کۆمەڵگەی عێراقی.
ئایا هیچ سەرکردە و لیست و قەوارەیەکی کوردیی و پارێزەرێکی ئایدۆلۆژیست، مەندوبێکی بەغدا و کاندیدێکی خۆبەکوێخازانی ئێستای کوردستان، جورئەت و زاتی ئەوەی کرد داوای هەڵوەشانەوەی پاسەوانی درۆینەی سنووری دەستکردی عێراقی بکات و بیخاتە بەرنامەی کار و سکاڵا لە دادگای فیدڕاڵیی تۆماربکات دوای شەهیدکردنی کوڕە هەورامییەکەی مەرزی دەرەی مەڕ؟
پرسەکە پرسی ئیهانە و سوکایەتییە بە فەزیلەتی تاک و کەیسەکەش عێراقییە و دەبێت کاراکتەرە دەمگەرمەکان بێنەدەنگ، ئەگەرنا کەواتە پەندە کوردییەکە پڕبەپێستیەتی بە کەرناوێرن بە کورتان فێرن.
لە سەردەمی تاریق هاشمییەوە بەردی بناغەیەک دانرا لە هەڵەبجە بۆ هۆڵێکی ڕۆشنبیریی گەورە، تا ئێستا نەک جێبەجێ نەکراوە خەریکە ئەرزەکەش داگیردەکەن چونکە لە هەڵەبجەیە و لەسەر سنوورە و تاوانێکی گەورەی بەرانبەرکراوە لەلایەن سەرۆککۆمارێکی فاشیستی عێراقیی عەرەبییەوە، بەپێی یاسا حکوومەتی عێراقیی مولزەمە لە بودجەی ساڵانە قەرەبووی زیانەکانی بکاتەوە وەک چۆن بۆ کوەیت و دوجەیل و شیعەکانی کرد.
دەسەڵاتی مەرکەزی لەبری پڕۆژە دێت سنوورەکانی هەمەجییەتی عەسکەر و فاشیزمی نانیزامی مەرکەزیی و عورفیی برەو پێئەدات وەک سەردەمی حەرەس قەومییەکان و زەعیم سدیق، تادەگات بە هەژموونگەریی بەعسییەکان و ناوەناوەش کردەی قەسابی و تیرۆر و کوشتنمان پیشان ئەدات بۆ ترس و ژاوەژاو.
ساڵانێکە فەرماندەیی پاسەوانی سنوور لە باڵامبۆ و سازان و تەوێڵە فراوان دەکات بۆ مەبەستی سیاسی و کردەی تەعریب و لە هەندێک جێگە پەرژین و سنووربەند و تەلی دڕکاوی دادەنێ هەر بۆ سووکایەتی، دەی ئەوە دەرئەنجامەکەیەتی کە دەبینرێت و کۆڵبەری کورد شەهید دەکەن، کەس نییە بڵێ ئەو تێزه فاشیستییە، ئەو کەڵکەڵە مەزهەبیی و سوڵتەگەراییە بۆ عێراق دەبێ كۆتایی بێت، عێراق دراوهته دهست کۆمەڵێک هێز و ئەقتابی پهرتبووی خاوەن سەرمایە و نەوت و گرووپی ئۆلیگارییشی گەندەڵ و ناتوانن عێراق بەڕێوەبەرن.
باشە عێراق بۆ پارچە پارچە نەبێت وەک ئیماراتی عەرەبی، بەسرە بۆ سەربەخۆ نەبێت وەک کوەیت، مووسڵ بۆ جیانەبێتەوە و خۆی بەڕێوەبەرێت، کەرکووک بۆ ئەبوزەبی نەبێ، هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆ نەبێت، ئەم وەھمی یەکپارچەییەی عێراق و ئەم چیرۆکە درۆینە تاکەی، ستەمکاریی و فاشییەت بەناوی یەکپارچەیی تاکەی، یەک شاخ و دوند و چیا و سنوور نەماوە بەدەستی کوردەوە بێت لە ڕووی فاکتەوە، ئەوەی هەیە داگیرکاریی و لەشکرکێشیی و سیاسەتێکی فەوزەوییە و لەپێشدا کورد خۆی لێی بەرپرسیارەو دواتر دەسەڵاتی مەزهەبی عێراق.
* ئەم وتارە گوزارشت لە بۆچوونی نووسەر دەکات.