چۆن هەرێمی کوردستان هاوسەنگ بکەینەوە؟

پەرلەمان و حکوومەت
پەرلەمان و حکوومەت

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان وێستگەیەکی هەرە گرنگ و هەرە یەکلاکەرەوەیە بۆ هەرێمی کوردستان، راستە هەموو هەڵبژاردنێک گرنگە بە ئاراستەی چەسپاندنی زیاتری بەها دیموکراسییەکان، بەڵام لە دۆخی ئێستادا کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت، هەڵبژاردن هەرێمی کوردستان لە لاسەنگییەوە دەبات بەرە و هاوسەنگی.

گرنگی سەرکەوتنی پرۆسەکە یەکسانە بە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان لە چەند رەهەندێکی سیاسییەوە کە دەکرێت لە ئێستاوە سەرمایەگوزاری لەسەر بکەین و خۆمانی بۆ ئامادە بکەین.

بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پەسەندکردنی ئەنجامەکان و پێکهێنانەوەی پەرلەمانی کوردستان، هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاسایی یاسادانان دەربازی دەبێت و شەرعییەت دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و بڕیاردان دەگەڕێتەوە بۆ دەستی هەرێمی کوردستان.

لە هەمان کاتدا دەتوانین بە رێککەوتنی هەموو لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان، گەڵاڵەی پرۆژەی رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان بکەین و لە خولی شەشەمدا ئامادە بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت و بخرێتە دەنگدانی گشتییەوە لە هەرێمی کوردستاندا، بەم جوڵەیە پەرژینێکی نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان دیاری دەکەین و سەرجەم بوار و رەهەندەکانی تێدا پێناسەدەکرێن و هێڵی گشتی تێدا دەستنیشان دەکرێت.

وەک ئەرکێکی پەرلەمان، کابینەی نوێ رادەسپێردرێت و لەم رێگەیەشەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەردەوامی بە کار و ئەرکەکانی خۆی دەدات و هەموو تۆمەتێک پوچەڵ دەبێتەوە لەسەر حکوومەت.

کە سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم چوونەوە سووڕی سرووشتی خۆیان، ئەوکات بابەتی فیدڕاڵییەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا بەهێزدەبێتەوە و پابەندییەک بۆ حکوومەتی عێراق دروست دەکات کە ناچاربێت پێوەی پابەندبێت و کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لە رێگەی دەستووری عێراقەوە جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەوکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش مکوڕتر و پشتڕاستتر بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان دەکات.

کۆی ئەم هەنگاوە ستراتیژیانە، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دەبنە هەوێنی پوچەڵکردنەوەی زۆرینەی رەهای ئەو بڕیارانەی کە دادگای فیدڕاڵی دژی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دەریکردوون و بە لێزانی و دانایی خۆمان لە پەرلەمان، دەتوانین یەک بە یەکییان پێچەوانە بکەینەوە بە سوودی حکوومەت و خەڵکی کوردستان.

ئەم هەنگاوانە پشوودرێژی و تێگەیشتنی هاوبەش و گفتوگۆی ئەنجامدار بەرهەمییان دەهێنێت و نییەتی نیشتمانی هەبێت، دەتوانین بیکەین بە واقع و خەڵکی هەرێمی کوردستان سوودمەندی سەرەکی دەبن، نەک بۆ ئێستا بەڵکوو بۆ نەوەکانی داهاتووشمان.

گەر نەبوونی جددییەتیش لە لایەن هەر لایەنێکی سیاسییەوە بەدیکرا، ئەوکات ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی ئەو لایەنەدا دەبێت و هەڵبەت بەرپرسیارییەتی بەردەوامی قەیرانی سەر هەرێمی کوردستان دەبێت بگرێتە ئەستۆ.

مادام سیاسەت بۆ ئەوەیە کە نەکردە بکەیت بە کردە، کەواتە ئەوانەی باسمکردن شایەنی جێبەجێکردن و ئەنجامدانن.