د. سامان سۆرانی
نووسەر
کاردانەوەی ڕێبازی بارزانی نەمر لەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی كوردستان
ڕێبازی بارزانی نەمر وەکو بنەمایەکی ڕێبازێکی سیاسی و ستراتیژی کۆمەڵە پرنسیپێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیە، کە لەلایەن بارزانی نەمر لە قۆناغەکانی خەباتکردنی بۆ دەستبەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان پەڕەوکراوە.
خەبات لە پێناو سەربەخۆیی و سەروەری بانگهێشتنامەیەك بووە بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی گەلی کوردستان و پاراستنی مافە نەتەوەییەکانی، بەو ئامانجەی لە داهاتوو دەوڵەتێکی كوردستانی سەربەخۆ یان ئۆتۆنۆمییەکی بەهێز لە چوارچێوەی دەوڵەتی داگیرکار بێتە دی. بۆ ئەو مەبەستە بارزانی نەمر بێ ووچان کاری کرد لە پێناو یەکخستنی هێزە کوردستانییەکان لەژێر ئامانجێکی هاوبەش و بەهێزکردنی پردی پەیوەندی نێوان ناوچە کوردستانییەکانی دابەشبوو بەسەر وڵاتانی وەکو عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران.
لەهەمان کاتدا کاری کرد بۆ بونیادنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزە سیاسییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی، کە پاڵپشتییان لە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان دەکرد.
شاراوە نییە، کە ئەو ڕێبازە فۆکسی خستبووە سەر باشترکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوری گەلی کوردستان و بەهێزکردنی مافە بنەڕەتییەکانی.
بێ گومان دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی، کە سەرۆکی حکوومەتی کابینەی نۆیەمە لە هەرێمی كوردستان، زادەی ئەو ڕێبازە پیرۆزەیە و هزری لێوان لێوە لە پرنەسیپی سیاسی و ئایدیۆلۆژیای بێ گەردی بارزانی نەمر، بۆیە هەر لەسەرەتای دەست بەکاربوونی وەکوو سەرۆکی حکوومەت لە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام بووە بۆ چەسپاندنی بنەماکانی حووکمڕانی باش و بونیادنانی لایەنی کەم سیستەمێکی سیاسی دیموکراسی، کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێ و شەفافییەت و لیپرسینەوە بەهێز بکات و لە پێناو باشترکردنی ئاستی بژێوی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان پشتگیری لە پەرەپێدانی ئابووری و ژێرخانی زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی كوردستان بکات.
سەرۆكی حکوومەت درێغی نەکردووە لە زامنکردنی بەشداریپێکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی كوردستانی لە پرۆسەی سیاسی و بڕیاردان.
بۆ پاراستنی هاوسەنگی ڕێبازێکی ئاشتیخوازانەی هەڵبژاردووە بە مەبەستی دانوستانکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ وەکو ئامرازێ بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانەی، کە دەستووری عێراقی نوێ بۆ گەلی کوردستان دیاری کردووە. دیدار و کۆبوونە بەردەوامەکانی ئەندامانی کابینەکەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حکوومەتی فیدڕاڵ گەواهی ئەو ڕاستییە دەدەن. پاراستنی زمان و کەلتووری کوردی لە هەڕەشەی فەرهەنگی و سیاسی هاندەری بوون، کە بەردەوام لە بۆنە گشتییەکان بە زمانێکی پاراوی کوردی دید و بۆچوون بەرنامەکانی حکوومەتەکەی بخاتە ڕوو، ئەمەش مایەی شادوومانی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانە. بۆ ئەو مەبەستەش پاڵپشتی لە خوێندن بە زمانی کوردی و پەرەپێدانی بەرنامەکانی خوێندن کردووە، کە دەبنە مایەی بەهێزکردنی ناسنامەی کولتووری كوردستانییان.
وەکو چۆن ڕێبازی بارزانی نەمر کاریگەری لەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بووە، بەو شێوەیە کار و کردارەکانی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی لە ئێستەدا بووە بە بەشێک لە ناسنامەی سیاسی كوردستان و بەهێزكردنی ناسنامەی كوردی و ئینتیما بۆ گەل و نیشتمان.
ئێمە پێمان وایە ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموون و هەژموونکارانی هەرێمیی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بە شێوەیەکی کارا و لە پێناو زامنکردنی سەربەخۆیی و ئاسایشی نەتەوەیی جێبەجێکردنی چەند ئەرکێکی سەرەکی زەروورە، کە لە ڕێگەیانەوە دەکرێ سەرکەوتنی زیاتری حکوومەتی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بکرێت و ڕێگری لە هەژموونی هەرێمی بکرێ.
- پێویستە تواناکانی بەرگری و ئاسایش زیاتر پەرەیان پێ بدرێ تاوەکوو سەقامگیری ناوخۆیی زامنتر بکرێت و کۆنترۆڵکردنی تەواوی خاکی کوردستان و فەزا ستراتیژەکان جەختییان لەسەر بکرێت.
- بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بونیادنانی هاوپەیمانێتی ستراتیژ لەگەڵ دەوڵەتانی تر و بەشداریکردنی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەهێزکردنی هەڵوێست و پێگەی هەرێم لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و دەستەبەرکردنی پالپشتی نێودەوڵەتی دژ بە دەستێوەردانی هەرێمی و دەرەکی.
- پەرەپێدانی ئابوری نیشتمانی بۆ باشترکردنی ئابوری نیشتمانی و زیادکردنی سەربەخۆیی ئابوری و سنووردارکردنی پشتبەستن بە دەوڵەتانی دراوسێ بۆ تێرکردنی پێداوسیستی ناوخۆیی، ئەویش لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات.
- پاراستنی سەقامگیری سیاسی ناوخۆیی لە ڕێگەی بەهێزکردنی دیموکراسییەت و حوکمڕانی باش و چارەسەکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە شێوەیەکی بەرچاو ئەنجام دراوە، لێرەدا کابینەی نۆی حکومەت توانی قۆناغێكی نوێی بەرەپێشەوە چوون درووست بکات.
- لە کابینەی نۆی حکومەت دەرکەوت چۆن گەشەسەندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان توانی هەرێمی كوردستانی لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێ و ئاڵۆزی سیاسی لە پرشنگی جەنگ و نەهامەتییەکان بپارێزێ و تا ڕادەیەكی زۆر زاڵ بێت بەسەر كێشە و ئاڵنگارییەكان و متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێ بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی ئابووری و گەشەندنی كوردستان لە هەموو ئاستەكاندا.
- ئەمڕۆ خزمەتگوزارییەکان لە کەرتی خوێندن و چاودێری تەندروستی و بەهێزکردنی گواستنە و گەیاندن و درووستکردنی ڕێگە و بان لە نێوان شار و شارۆچکەکان هەنگاوی باشیان ناوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر بە کوالیتی باشتر. هەروەها بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو و کۆنترۆڵکردنی لە ڕێگەی درووستکردنی پۆند و بەنداو بوون بە مایەی خۆشحاڵی جوتیاران و هاوڵاتییان و لە ئایندەیەکی نزیك هەرێمی کوردستان ڕزگاری دەبێت لە کەمی ڕێژەی ئاو و ترس لە ووشکە ساڵی.
- کابینەی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی بە ڕەچاوکردنی ڕێبازی بارزانی نەمر متمانەی جەماوەر و شەقامی کوردستانی بەدەست هێناوە و بە چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەکانی هەرێمدا، بە تایبەت لە بواری داهاتە نەوتییەکانی هەرێم و داهاتە ناوخۆییەکان وەکو هیوابەخش و فریادڕەسێ بە کابینەی لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییە گەورەكان ناسراوە.
- سەرۆکی حکومەت بەڵێنی دا، کە سیستەمی بانکی لە هەرێم ڕێکبخرێتەوە و بەرنامەی هەژماری من جێ بەجێ بکرێ و سیستەمی بانکی بۆ خزمەتگوزارییە کەسی و گشتیەکان بەکار بخرێ و ژمارە بانکیەکان و کارتە ئەلەکترۆنیەکان بۆ ئالوگۆڕی دراوی و خەرجییەکان بەکاربهێنرێ و رێژەی مامەڵە بە پارەی کاش کەم بکرێتەوە. لەم بوارەشدا ئەم کابینەیە سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە. لە لایەکی ترەوە دەرفەتی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ وەربەرهێنەران ڕەخسێنراوە، هەر بۆیەشە ئەو کەرتە بووژانەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
- ئەم کابینەیە بە بەردەوامی پابەند بووە بە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و هاوکاریی تەواوی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر کردووە، تا هیچ هەڕەشەیەك لەسەر گەل و خاکی كوردستان درووست نەبێت.
- سەرۆکی حکومەت بۆ زامنکردنی بەردامی پاڵپشتی و متمانە لە پەیوەندییەکی بەهێزە لەگەڵ جەماوەر و شەقام و وەڵامی پرسیار و خواستەکانیان دەداتەوە و بە دڵنیاییەوە گەلی کوردستان دەنگی پێ دەدات و دووبارە متمانەی پێ دەبەخشێ، تاوەکو ئامانجە ئایندەییەکان بێنە دی و هەرێمی كوردستان لە بواری کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و ژێرخان و تەکنەلۆژیا و سقامگیری و ئاسایش پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.
گەلی كوردستان لە ژێر ڕۆشنایی ڕێبازی بارزانی نەمر زیاتر لە یەك سەدەیە لە پێناو مانەوەی خۆی بەردەوام بووە لە تێکۆشان و قوربانیدان و کۆڵنەدان و خۆڕاگربووە بەرامبەر ئەو هەموو هەوڵەی، کە لەلایەن داگیرکار و نەیارانەوە بۆ قڕکردن و لەناوبردنی دراوە، سەرەڕای ئەوەش تا ئێستا لەسەر پێی خۆی ماوەتەوە، چونکە ڕابەرێکی وەکو سەرۆك مەسعود بارزانی هەیە و باوەڕی بە فەلسەفەی ئایندەسازی هەیە و بە کۆششی دەوڵەتەمەدار مەسرور بارزانی بەردەوامە لەسەر هەوڵەکانی بۆ دەوڵەتسازی.