سیاسی
عەبدولسەتتار ئەحمەد باغەمرەیی
عەبدولسەتتار ئەحمەد باغەمرەیی

نووسەر

ڕۆڵی عه‌ریف عوسمان و گوندی باغه‌مره‌ له‌ شۆڕشی ئه‌یلوولدا به‌ شایەتیی "سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی"

لە ڕاستەوە؛ عەریف عوسمان، فارس باوە و سەید کاکە
لە ڕاستەوە؛ عەریف عوسمان، فارس باوە و سەید کاکە

به‌ر له ‌هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول به‌ فەرمیی لە 11/9/1961، ڕۆژی  6ـی ئه‌یلوول شه‌ڕ له‌ نزیك شارۆچكه‌ی پردێ له‌ نێوان كادرانی ڕێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ لایه‌ك و سوپای عێراق و هێزێكی پۆلیسی جووڵانه‌وه (حه‌ره‌كات)‌ له‌ لایه‌كی دیكه‌ ڕووی دا و تا ئێواری هه‌مان ڕۆژ به‌رده‌وام بوو.

ڕاستییه‌كه‌ی ڕووداوێك كه‌ باغه‌مره‌ییه‌كان شانازی پێ ده‌كه‌ن و وه‌ك مێژوویه‌كی قاره‌مانانه‌ لێی ده‌ڕوانن بریتییه‌ له‌ ڕۆڵی كه‌سایه‌تیی عه‌ریف عوسمان باغه‌مره‌یی له‌ناو شۆڕشی ئه‌یلوولدا كه‌ كادری ڕێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو له‌ سه‌رای پۆلیسی هه‌ولێر و له‌ ژێر ڕاسپارده‌ی حزب، له‌ناو پۆلیسدا له‌ ئه‌ركدا بوو و به‌ پێی سیاسه‌ت و نه‌خشه‌ی بۆدانراوی ده‌جووڵایه‌وه‌ و هه‌نگاوی ده‌نا.

به‌ پێی گێڕانه‌وه‌كانی مه‌جید ته‌یب، كه‌ له‌ دوای كۆدەتای ساڵی 1958 پێوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، عه‌ریف عوسمان، له‌ پۆلیسی هه‌ولێر به‌رپرسی جبه‌خانه‌ بووه‌ و له‌گه‌ڵ موته‌ڵیب ئیسماعیل، كه‌ (ڕه‌ئیس عوره‌فا) و به‌رپرسی ڕێكخراوی پۆلیسی مه‌ركه‌زی بوو‌، له‌ ڕێكخستنه‌كانی پارتیدا كاری سیاسییان كردووه‌. 

موحسین عه‌لی ده‌ڵێ: دوای ده‌رچوونی عه‌ریف عوسمان، موته‌ڵه‌یب ده‌ستگیر كرا و دواتر بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ زیندانی كرا.  هاوكات محه‌ممه‌د یووسف (وه‌ستا محه‌ممه‌د) كه‌ برای عه‌ریف عوسمان بوو و به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ سه‌رای هه‌ولێر پۆلیس بوو، به‌هۆی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌وه‌ ده‌ستگیر كرا و بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌ زیندان مایه‌وه‌.

ئاری نانه‌كه‌لی، باس له‌ بارودۆخی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات له‌ سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول و دواتریش به‌ تایبه‌تی له‌ ڕووی ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌ و چه‌كه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1961ـدا كه‌ ته‌نیا سێ مانگ بوو شۆڕشی ئه‌یلوول به‌رپا بووبوو ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ پێوه‌ندییان به‌ شۆڕشه‌وه‌ كردبوو نزیكه‌ی 750 پێشمه‌رگه‌ بوون، كه‌ له‌ناو ئه‌و ژماره‌یه‌دا 150 پێشمه‌رگه‌ چه‌كیان نه‌بووه‌ و ته‌نیا خه‌نجه‌ریان پێ بووه‌، هاوكات دوو شوان چوونه‌ته‌ ناو ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ته‌نیا گۆپاڵیان پێ بووه‌. بۆیه‌ ڕاستییه‌كه‌ی ده‌ستكه‌وتنی چه‌ك و تفه‌نگ له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1961 – 1964 ئاسان نه‌بووه‌ و پرۆسه‌یه‌كی قورس بووه‌، كه‌ ئه‌و كات ده‌كرێ بگوترێ له‌ سێ شێواز ده‌توانرا چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بۆ پێشمه‌رگه‌ دابین بكرێت:

یه‌ك: به‌شێك له‌ خه‌ڵك له‌سه‌ر ئەرک و توانای دارایی خۆیان تفه‌نگیان بۆ خۆیان ده‌كڕی و پێوه‌ندییان به‌ ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌‌ ده‌كرد.

دوو: له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوان هێزه‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی سوپای عێراق به‌شێك له‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی ده‌كه‌وته‌ ده‌ست هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌.

سێ: ڕۆڵی پۆلیسه‌ كورده‌كان كه‌ له‌ شار، شارۆچكه‌ و شاره‌دێكان پۆلیس بوون و ئه‌ركه‌كانیان به‌ جێ ده‌هێشت و پێوه‌ندییان به‌ ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ ده‌كرد.

وه‌ك پێشتر سه‌رنجمان خسته‌ سه‌ر، به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی عه‌بدولكه‌ریم عومه‌ر، عه‌ریف عوسمان نزیكه‌ی مانگێك به‌ر له‌ هه‌ڵگیرسانی شۆڕش، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی حزب چالاكییه‌كی نهێنی و سه‌ربازیی له‌ناو پۆلیسی هه‌ولێر کرد، ئه‌ویش بریتی بوو له‌ به‌جێهێشتنی ئه‌ركی پۆلیسی و بردنی (71) پارچه‌ چه‌كی كه‌نه‌دی و ئینگلیزی و ژماره‌یه‌ك ده‌مانچه‌ كه‌ له‌ناو بوخچه‌یه‌كدا بووه‌ و نه‌زانراوه‌ چه‌نده‌، بۆ ناو شۆڕش.

ئاری فارووق نانه‌كه‌لی، باس له‌وه‌ ده‌كات مانگێك به‌ر له‌ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول، لێژنه‌ی ڕێكخستنی شۆڕشگێری له‌ سنووری هه‌ولێر توانییان بچنە چیای سه‌فین  و بیكه‌نه‌‌ بنكه‌ و ناوه‌ندی خۆیان. به‌ شێوه‌یه‌ك له‌و ناوه‌نده‌دا پێشوازییان له‌و كه‌سانه‌ ده‌كرد كه‌ مه‌به‌ستیان بوو بچنه‌ نێو ڕیزی شۆڕشگێڕان. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌و كادر و كه‌سانه‌یشیان له‌ خۆ ده‌گرت كه‌ له‌ناو شاره‌كاندا له‌ لایه‌ن داموده‌زگه‌كانی حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌لێكردن و ڕاوه‌دوونان ده‌بوونه‌وه‌. هاوكات ئه‌و لێژنه‌یه‌ ئامارێكی وردی له‌ سنووره‌كه‌ی ڕێك خست و ڕاپۆرتێكی وردی ئاماده‌ و پێشكه‌ش كرد و تێیدا ئامانجی ئه‌رێنی به‌ ده‌ست هێنا سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كاری ڕێكخستن و خه‌باتی شۆڕشگێڕی.

به‌ گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌ی ئاری نانه‌كه‌لی، ڕێكه‌وتی 6ـی ئابی 1961 عه‌لی عه‌بدوڵڵا،  كه‌ ئه‌و كات ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، به‌ ڕێگه‌ی عه‌ریف عوسمان، هه‌ر یه‌ك له‌ عه‌ریف سلێمان، ئه‌نوه‌ر جۆخین، ڕه‌شید شێره‌ و عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا قادر كه‌ پۆلیس بوونه‌ ئاگه‌دار ده‌كاته‌وه‌، پارتی بڕیاری داوه‌ هه‌ر چواریان ببنه‌ ده‌سته‌ و پێوه‌ندی به‌ لێژنه‌ی شۆڕشگێڕی و بنكه‌ی گه‌رۆته‌ له‌ شه‌قلاوه‌ بكه‌ن. به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌و چوار پۆلیسه‌ ده‌بنه‌ یه‌كه‌م ده‌سته‌ی ڕێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێكخستن له‌ شار بۆ شاخ ده‌گوازنه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاری نانه‌كه‌لی و عه‌بدولكه‌ریم عومه‌ر كه‌ لێك نزیكن، پێ ده‌چێ عه‌ریف عوسمان و هه‌ر یه‌ك له‌ عه‌ریف سلێمان، ئه‌نوه‌ر جۆخین، هادی شێره‌ و عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا قادر جبه‌خانه‌یان شكاندبێ و به‌ فه‌رمی پێوه‌ندییان به‌ شۆڕشگێرانه‌وه‌ كردبێت. مه‌جید ته‌یب باس له‌وه‌ ده‌كات، 8ـی ئابی 1961 به‌ بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان، نه‌خشه‌یه‌ك بۆ ئۆپه‌راسیۆنێكی ئه‌منی داڕژرا و ئامانج لێی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و گواستنه‌وه‌ی چه‌كه‌كانی جبه‌خانه‌ی سه‌رای پۆلیسی هه‌ولێر بوو بۆ شاخ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش ئه‌ركه‌كه‌ به‌ پله‌ یه‌ك درایه‌ عه‌ریف عوسمان و محه‌ممه‌د ساڵح عه‌بدوڵڵای جێگری و كه‌ریم حه‌سه‌ن به‌گ ناسراو به‌ میرزا كه‌ریم، كه‌ شوفێری ئه‌و پیكاپه‌ بوو كه‌ چه‌كه‌كانیان پێ گواسته‌وه‌، هادی شێره‌، هه‌مزه‌ جوبرائیل و قادر حه‌مه‌دیش پۆلیسی ئێشكگر بوون و چاودێری بارودۆخی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یان ده‌كرد. 

دیاره‌ كاتێكیش هه‌مووان ده‌گه‌نه‌ چیای سه‌فین و چه‌كه‌كان ده‌گه‌یه‌ننه‌ شوێنی مه‌به‌ست و ئامانجه‌كه‌یان ده‌پێكن، له‌ لایه‌ن شۆڕشگێڕانه‌وه‌ پێشوازییان لێ ده‌كرێ و ئه‌نوه‌ر جۆخین به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری شۆڕشگێڕان ده‌كات و ده‌ڵێ "وه‌رنه‌ جۆخینی چه‌ك و تفه‌نگان"، هه‌ر ئه‌و كاتیش به‌هۆی ئه‌و هاواركردنه‌یه‌‌وه‌ ناسناوی جۆخینی پێ ده‌درێ.

عه‌ریف عوسمان و هه‌ڤاڵانی دیكه‌ی له‌و پرۆسه‌ سه‌ركه‌وتووه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری قشڵه‌ی هه‌ولێرییان چه‌ك كردووه‌ و ده‌مانچه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردووه‌. به‌ پێی گێڕانه‌وه‌كانی عه‌لی سه‌عدوون محه‌ممه‌د، ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ی كه‌ عه‌ریف عوسمان و هه‌ڤاڵه‌كانی دیكه‌ی له‌ ڕێكخستنه‌كانی پۆلیسی هه‌ولێر بردیان، هی پۆلیس بووه‌ و عه‌ریف سلێمان مه‌لا خالیدیش شوفێری زانیوه‌ و به‌ یه‌كه‌وه‌ خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ چیای سه‌فین، له‌ چه‌ند شوێنێكیشدا له‌وانه‌ له‌ كه‌سنه‌زان، دابەزیون  و هێڵه‌كانی ته‌له‌فۆنیان پچڕاندووه‌.

له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و باسه‌دا، شوان محه‌ممه‌د خۆشناو زانیارییه‌كانی پێشووی به‌ وردتر پشت ڕاست كردووه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، یه‌كه‌مین پۆلی پۆلیس له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان و له‌ژێر ڕاسپارده‌ی عه‌لی عه‌بدوڵڵا كه‌ ئه‌و كات به‌رپرسی یه‌كه‌می ڕێكخستنه‌كانی پارتی بووه‌ له‌ هه‌ولێر، له‌ سه‌رای پۆلیسی هه‌ولێر ده‌رچوونه‌ و خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ بناری چیای سه‌فین و پێوه‌ندیان به‌ شه‌مسه‌ددین موفتی و عه‌بدوڵڵا ئیسماعیله‌وه‌ كردووه‌. 

سەرۆک مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێت: لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ ڕۆڵی خوا لێ خۆش بوو عه‌ریف عوسمان یووسف ده‌كه‌ین، كه‌ به‌ یارمه‌تی شه‌ش پۆلیسی دیكه‌، توانی كۆگه‌ی چه‌كی قشڵه‌ی هه‌ولێر بشكێنێ و 68 پارچه‌ تفه‌نگ و 27 ده‌مانچه‌ و وێڕای بڕێكی زێده‌ له‌ ته‌قه‌مه‌نی ده‌ربهێنێ و پێوه‌ندی به‌ بنكه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ چیای سه‌فینه‌وه‌ بكات".

ده‌رچوونی یه‌كه‌م پۆلی پۆلیسی سه‌رای پۆلیسی هه‌ولێر له‌ شه‌وی 18/19ـی ئابی 1961، گه‌وره‌ترین چالاكی سیاسی و سه‌ربازی بوو كه‌ له‌ژێر ڕاسپارده‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان جێبەجێ کرا. وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌ركی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ به‌ پله‌ یه‌ك به‌ عه‌ریف عوسمان دراوه‌ و محه‌ممه‌د ساڵح عه‌بدوڵڵایش وه‌ك جێگری عه‌ریف عوسمان ئه‌ركدار كراوه‌ و كه‌ریم حه‌سه‌ن به‌گ ناسراو به‌ میرزا كه‌ریم وه‌ك شوفێر له‌ناو پرۆسه‌كه‌دا بووه‌، هه‌روه‌ها هه‌ر یه‌ك له‌ هادی شێره‌، هه‌مزه‌ جوبرائیل و قادر حه‌مه‌د كه‌ پۆلیسی ئێشكگر بوون به‌شداریان له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا كرد.

شوان محه‌ممه‌د خۆشناو به‌ هه‌مان شێوه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ركه‌وتووه‌دا 68 پارچه‌ تفه‌نگی جۆراوجۆر و 27 ده‌مانچه‌ و بڕێكی زۆر له‌ ته‌قه‌مه‌نی دیكه‌ له‌ سه‌رای پۆلیسی هه‌ولێر بۆ چیای سه‌فین بردراوه‌ و به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ دابه‌ش كراوه‌ كه‌ له‌ چیای سه‌فیندا بوون و زۆربه‌یان خۆشناوه‌كان بوون و سه‌ر به‌ ڕێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون و بوونه‌ بناغه‌ی پێكهێنانی یه‌كه‌م له‌شكری شۆڕشگێری كوردستان. 

مه‌جید ته‌یب ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، جه‌نه‌ڕاڵ مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ عه‌ریف عوسمان پێی گوتووه‌: له‌ سه‌روبه‌ندی شۆڕشدا خزمه‌تێكی زۆر گه‌وره‌ت به‌ كورد و شۆڕشی كورد كرد، چه‌ك و ته‌قه‌مەنی هه‌موو بنكه‌ی سه‌رای حكوومه‌تت بۆ ناو شۆڕش گواسته‌وه‌ و شۆڕشی كوردت چه‌كدار كرد.

عه‌لی سه‌عدوون سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌، كه‌ عه‌ریف عوسمان له‌ دوای ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ـی ئاداری 1970ـدا، له‌ كۆشكه‌كه‌ی خۆیدا له‌ گوندی باغه‌مره‌ له‌ خزمه‌ت میوانه‌كانیدا چه‌ندان جار ئه‌وه‌ی به‌ بیر هێناونه‌ته‌وه‌، كه‌ جه‌نه‌راڵ بارزانی له‌ دیدارێكدا پێی گوتووه‌: شۆڕشت كرده‌ شۆڕش.

مومتاز حه‌یدری، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و كاته‌ی عه‌ریف عوسمان و هه‌ڤاڵه‌كانی دیكه‌ی جبه‌خانه‌ی سه‌رای هه‌ولێریان بۆ شۆڕش برد، له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ موهیب و جمشید حه‌یدری برای له‌ سه‌رای پۆلیسی هه‌ولێر به‌هۆی چالاكییه‌كی حزبی شیوعییه‌وه‌ زیندانی بوون.

مومتاز حه‌یده‌ری، سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ ڕاده‌كێشێ چه‌ند ڕۆژێك به‌ر له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ی عه‌ریف عوسمان و هه‌ڤاڵه‌كانی هه‌ستیان به‌ جمۆڵێكی هه‌ستار ده‌كرد، نه‌خاسمه‌ كه‌ چه‌ند كادرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستگیر كرابوون، یه‌كێك له‌وانه‌ مه‌ولوود ڕۆژباش بوو كه‌ كادری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو. كاتێك مه‌ولوود ڕۆژباش له ‌لایه‌ن پۆلیسه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێ و ده‌ربرێته‌ گرتووخانه‌ی سه‌رای پۆلیسی هه‌ولێر و به‌ قۆڵبه‌ستراوی ده‌یبه‌نه‌ گرتووخانه‌كه‌ به‌ ئاماژه‌ مومتاز حه‌یده‌ری ئاگه‌دار ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فریای بكه‌وێ و ئه‌و كاغه‌زه‌ نهێنییانه‌ی له‌ گیرفانیدا بووه‌ ده‌ریانبهێنێ و له‌ لای خۆی بیان شارێته‌وه‌، به‌ڵام مومتاز حه‌یده‌ری ده‌ڵێت: من خۆم زیندانی بووم، بۆیه‌ نه‌متوانی هیچ هاوكارییه‌كی بكه‌م.
به‌ گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌كانی مومتاز حه‌یده‌ری، ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ی عه‌ریف عوسمان و هه‌ڤاڵانی شه‌وی 8/9ـی ئابی 1961 بووه‌.

مومتاز حه‌یده‌ری هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ی عه‌ریف عوسمان و هه‌ڤاڵانی به‌ سه‌ركه‌وتنی ڕێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان داده‌نرێ و ڕاستییه‌كه‌ و نكوڵی لێ ناكرێ و وه‌رچه‌رخانێكی سیاسی و سه‌ربازی بوو و به‌هۆیه‌وه‌ شۆڕش بووه‌ خاوه‌نی چه‌كی خۆی. هه‌روه‌ها تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ دیدارێكی له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانیدا باسیان له‌ سه‌ره‌تاكانی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول كردووه‌، كه‌ ئه‌و كات شۆڕش چه‌كی نه‌بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ و هاوشێوه‌كانی دیكه‌ی تا ڕاده‌یه‌ك چه‌كی به‌ ده‌ست هێناوه‌ و توانیویه‌تی توانای خۆی به‌رانبه‌ر به‌ هێز و سوپای حكوومه‌ت بسه‌لمێنێ.

مومتاز حه‌یده‌ری، له‌ درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌كانیدا تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ عه‌ریف عوسمان، عه‌ریف سلێمان، عه‌ریف عه‌لی یه‌ك و دوو و سێ و چه‌ندان عه‌ریفی دیكه‌ بناغه‌ی چه‌كداری شۆڕشی ئه‌یلوولیان دانا. مومتاز سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ‌ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی سه‌رای هه‌ولێر حكوومه‌تی عێراقی هه‌ژاند! به‌ شێوه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و حاڵه‌ته‌ له‌ هه‌ولێر دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، ڕێككه‌وتی 13ـی ئه‌یلوول كه‌ دوو ڕۆژ بوو شۆڕشی ئه‌یلوول به‌ فه‌رمی هه‌ڵگیرسابوو، حكوومه‌تی عێراق ئه‌وان و شه‌ش كادری دیكه‌ی حزبی شیوعی كه‌ له‌ 1ـی ئایاری 1961ـوه‌ له‌ سه‌رای هه‌ولێر زیندانی بوون، بۆ خوارووی عێراق گواستوونه‌ته‌وه‌.

مومتاز حه‌یده‌ری ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی باغه‌مره‌ییه‌كان كردووه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌ تاكڕه‌وییه‌كانی عه‌بدولكه‌ریم قاسم، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش پێی وابوو كه‌ عه‌ریف عوسمان سه‌رمه‌شقی باغه‌مره‌ییه‌كان و خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ده‌شتیی هه‌ولێر بووه‌ و گڕوتینێكی گه‌وره‌ی به‌ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول دا. 

دوای ئه‌وه‌ی عه‌ریف عوسمان و هه‌ڤاڵه‌كانی دیكه‌ی خۆیان گه‌یانده‌ سه‌فین، شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ 20/21ـی ئابی 1961 بۆ سه‌لماندنی هێز و تواناكانیان به‌ سه‌رپه‌رشتی شه‌مسه‌ددین موفتی و عه‌بدوڵڵا ئیسماعیل و به‌ ئه‌ندامیه‌تی هه‌ر یه‌ك له‌ عه‌ریف عوسمان، محه‌ممه‌د ساڵح عه‌بدوڵڵا، مامه‌ ته‌هاڕه‌ش شه‌قڵاوه‌یی و عه‌ریف سلێمان، هێرشیان برده‌ سه‌ر چه‌كداره‌ جاشه‌كانی گوندی ئه‌سپینداره‌ و به‌یانییه‌كه‌ی ڕۆژی 21ـی ئاب توانیان ده‌ست به‌سه‌ر گونده‌كه‌دا بگرن و ئاغاكانیان به‌ دیل گرت، هاوكات بڕێكی زۆر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیشیان ده‌ست كه‌وت. 

پێوه‌ندیكردنی عه‌ریف عوسمان، به‌ شۆڕش و بردنی چه‌كی جۆراوجۆر بۆ شۆڕشگێڕان ڕووداو و پێشهاتێكی گرنگ بوو و زه‌نگێك بوو بۆ حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن‌ كادرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ڕیكخستنه‌كاندا له‌ چ ئاستێكی چالاكیدانه‌ و توانایان هه‌یه‌ له‌ هه‌ر كات و ده‌رفه‌تێكدا ڕووداو دروست بكه‌ن و بۆ له‌مه‌ودوا گورز له‌ حكوومه‌ت بده‌ن. مایه‌ی سه‌رنجه‌ كاتێك عه‌ریف عوسمان پێوه‌ندی به‌ شۆڕشگێڕانه‌وه‌ كردووه‌ و جبه‌خانه‌ی پۆلیسی هه‌ولێری له‌گه‌ڵ خۆیدا بردووه‌، محه‌ممه‌د یووسف-ـی برای كه‌ هاوكات له‌ قشڵه‌ی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ خۆیدا پۆلیس بووه‌، له‌ شوێنی خۆی دایناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زوو هه‌ست به‌ چالاكییه‌كه‌ی نه‌كرێ تاوه‌كوو ڕێوشوێنه‌كانی ده‌ربازبوون و ده‌رچوونی له‌ هه‌ولێر بۆ ناو شۆڕشگێڕان ته‌واو ده‌بێت. 

عه‌لی سه‌عدوون ده‌ڵێ، كاتێك عه‌ریف عوسمان له‌ پرۆسه‌كه‌دا ده‌ربازی ده‌بێ و ده‌گاته‌ ناو شۆڕشگێڕان، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م مه‌لا مسته‌فا بارزانی چاوی به‌ عه‌ریف و عوسمان و ژماره‌یه‌ك هه‌ڤاڵ و شۆڕشگێڕی دیكه‌ ده‌كه‌وێت. عه‌لی سه‌عدوون له‌ گێڕانه‌وه‌كانیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول هه‌ڵگیرسا و كه‌وته‌ سه‌ر پێی خۆی و به‌رانبه‌ر به‌ حكوومه‌تی عێراق خۆی سه‌لماند، عه‌ریف عوسمان گه‌ڕایه‌وه‌ گوندی باغه‌مره‌ و باسی پرۆسه‌ی پێوه‌ندیكردنی به‌ شۆڕش و بردنی چه‌كی بۆ شۆڕشگێڕان بۆ خه‌ڵكی گوند گێڕایه‌وه‌. به‌ شێوه‌یه‌ك مه‌لا مسته‌فا بارزانی دڵخۆشی خۆی به‌رانبه‌ر به‌و چالاكییه‌ ده‌گمه‌نه‌ی ئه‌و كات ده‌ربڕیوه‌ و ده‌ستخۆشیی لێ كردووه‌، كه‌ هه‌ر ئه‌م هاندانه‌ی بارزانی بوو دواتر هێز و كه‌سایه‌تییه‌كی زیاتری له‌ناو شۆڕشدا به‌ عه‌ریف عوسمان دا و چه‌ندان ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی پێ سپێردرا.

عه‌ریف عوسمان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كان كه‌ له‌ناو شۆڕشدا پێی ده‌سپێردرا، سه‌ركه‌وتوو بوو و به‌ لێوه‌شاوه‌ییه‌وه‌ جێبه‌جێی ده‌كردن، نه‌خاسمه‌ كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی كارگێڕی، سیاسی و سه‌ربازی هه‌بوو به‌تایبه‌تریش كه‌ پۆلیس بوو و له‌ پۆلیسیش پله‌ی عه‌ریفی هه‌بوو، واته‌ خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی كارگێڕی و به‌ ئه‌زموون بوو.

كاتێك حكوومه‌تی عێراق له‌ پرۆسه‌ی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ گه‌وره‌ی عه‌ریف عوسمان و هه‌ڤاڵانی دیكه‌ی ئاگه‌دار بووه‌وه‌، ده‌ستی به‌ چه‌ندان ڕێوشوێنی ئه‌منی و سه‌ربازی كرد. له‌ سه‌ره‌تادا محه‌ممه‌د یووسفی برای ده‌ستگیر كرد و پاشان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ زیندانی كرا. دیاره‌ وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌مان بۆ كرد، محه‌ممه‌د یووسف یه‌كێك بوو له‌و گه‌نجانه‌ی ڕۆژی كودەتای 14ـی ته‌ممووزی 1958، له‌گه‌ڵ دوو برای دیكه‌ی و محه‌ممه‌د سه‌عدوون و ده‌سته‌یه‌ك له‌ پیاوان و گه‌نجانی دیكه‌ی گوندی باغه‌مره‌ بۆ به‌شداریكردنی له‌ ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ری به‌ بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی كودەتاكه‌ چووبوونه‌ هه‌ولێر و به‌شدارییان له‌ چالاكییه‌كانی ئه‌و ڕۆژه‌دا كردبوو.

عومه‌ر یووسف، براگه‌وره‌ی عه‌ریف عوسمان ئه‌و ڕۆژه‌ی عه‌ریف عوسمان و هه‌ڤاڵانی جبه‌خانه‌ی پۆلیسی هه‌ولێر بۆ ناو شۆڕش ده‌به‌ن، له‌ بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر ده‌بێ بۆ چاككردنه‌وه‌ی (شه‌نه‌)  و له‌ خه‌ڵكی ناو بازاڕی قه‌یسه‌ری گوێی له‌ ده‌رچوونی عه‌ریف عوسمانی برای ده‌بێت و په‌له‌ ده‌كات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ گوندی باغه‌مره‌! پیاوانی گوند هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن عومه‌ر وه‌ك پێویست نییه و شڵه‌ژاوه‌‌! بۆیه‌ به‌ ده‌وریدا كۆ ده‌بنه‌وه‌ و پرسیاری لێ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش هه‌واڵی ده‌رچوونی عه‌ریف عوسمان و چۆنیه‌تی ڕووداوه‌كه‌یان بۆ باس ده‌كات.

خه‌ڵكی گوند‌ كاتێك هه‌واڵی ده‌رچوونی عه‌ریف عوسمانیان بۆ ناو شۆڕش بیست، وێڕای ئه‌وه‌ی دڵخۆش بوون، هاوكات هه‌ستیان به‌وه‌ كرد، حكوومه‌ت له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا بێده‌نگ نابێ و ڕێوشوێنی توند و پێویست ده‌گرێته‌به‌ر، بۆیه‌ به‌شێك له‌ پیاوانی گوند له‌ناویشیاندا شێخمحه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د سلێمان (شێمحه‌مه‌دی مام شینه‌)ـی هۆشداری ده‌دا له‌ هاتنی پۆلیس و هێزی ئه‌منی بۆ پشكنینی ماڵه‌كان بۆ سۆراغ و دۆزینه‌وه‌ی چه‌كه‌ بردراوه‌كان له‌ لایه‌ن عه‌ریف عو‌سمان و هه‌ڤاڵانی دیكه‌ی، شێخمحه‌ممه‌د ده‌ستبه‌جێ موحسین عه‌لی و عه‌بدولكه‌ریم عومه‌ر برازاكانی عه‌ریف عوسمان ئاگه‌دار ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چه‌كه‌كانیان كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ بووه‌، بیانبه‌نه‌‌ ده‌ره‌وه‌ی گوند و بیانشارنه‌وه‌.

ئه‌و كات عه‌بدولكه‌ریم و موحسین ته‌مه‌نیان له‌ نێوان پێنج بۆ ده‌ ساڵ بوو و عه‌قڵیان به‌سه‌ر زۆر بابه‌تدا به‌ تایبه‌تی بابه‌تێكی له‌ شێوه‌ی پرۆسه‌كه‌ی عه‌ریف عوسمانی مامیاندا نه‌شكاوه‌، بۆیه‌ ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ی گوند و چه‌كه‌كان ده‌به‌ن و هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ ناو تۆپه‌ڵه‌ قه‌سه‌رێك و تۆپه‌ڵه‌ تانۆكێك  ده‌یانشارنه‌وه‌. چه‌كه‌كه‌ی ماڵی عومه‌ر یووسف پێی ده‌وترا (حسكه‌). به‌م شێوه‌یه‌ هێزێكی ئه‌منی عێراق چوونه‌ته‌ گوند و ماڵی براكانی عه‌ریف عوسمانیان پشكنیوه‌، به‌ڵام هیچ پارچه‌ چه‌كێكیان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌.

عه‌بدولكه‌ریم و موحسین له‌ گێڕانه‌وه‌كانیاندا به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ده‌ڵێن: "ته‌مه‌ن و عه‌قڵمان بایی ئه‌وه‌ نه‌بوو به‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ بارودۆخه‌دا زاڵ بێ، كاتێك چه‌كه‌كانمان برده‌ ده‌ره‌وه‌ی گوند و له‌ ناو تۆپه‌ڵه‌ قه‌سه‌ڵ و تانۆكاندا شاردمانه‌وه‌، بیرمان له‌وه‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كه‌ی عێراق به‌و ناوه‌دا بگه‌ڕێن و ئه‌و تۆپه‌ڵه‌ قه‌سه‌ر و تانۆكانه‌ بپشكنن و ئاگریان تێبه‌ر بده‌ن و ئاشكرا ببێ و بیاندۆزنه‌وه‌ و پاشان ڕووداو و بارودۆخه‌كه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ و ماڵباته‌كه‌مان و گونده‌ ئاڵۆز تر و دژوار تر ببێ!"

پاشان خه‌ڵكی گوند ده‌چنه‌ ماڵی براكانی عه‌ریف عوسمان بۆ ئه‌وه‌ی له‌و بارودۆخه‌ی هاتووه‌ته‌‌ پێش هاوكاریی و دڵنه‌واییان بكه‌ن، به‌ڵام وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌وان هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییان به‌رز بووه‌ و به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان پێشوه‌خته‌ ئاگه‌داری جووڵه‌ و چالاكییه‌ سیاسییه‌كانی عه‌ریف عوسمان بوونە؛ نه‌خاسمه‌ كه‌ پێوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ عه‌ونی یووسف  و چه‌ند كادرێكی دیكه‌ی لێهاتووی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ڕێكخستنه‌كانی هه‌ولێر هه‌بووه‌ و عه‌ونی یووسف چه‌ند جارێكیش هاتووه‌ته‌ گوندی باغه‌مره‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ دیدار و دانیشتنیان هه‌بووه‌ وه‌ك چه‌ند جارێكیش ئه‌و جۆره‌ سه‌ردانییانه‌ له‌گه‌ڵ حاجی حوسێن مه‌یاس بڵباس له‌ ئارادا بووه،‌  بۆیه خانه‌واده‌كه‌ی‌ ده‌رچوونی عه‌ریف عوسمانیان بۆ ناو شۆڕش به‌ لاوه‌ ئاسایی و سروشتی بووه‌ و هه‌موو كات چاوه‌ڕوانی و پێشبینی ڕووداوێكی له‌م شێوه‌یان لێ كردووه‌، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و كات و قۆناغه‌كانی دواتریش هه‌موو براكانی و خانه‌واده‌كه‌یان پشتوانی بوون و له‌گه‌ڵیدا بوون، محه‌ممه‌د كه‌ دواتر ئازاد كرا له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د یووسفی برای و عه‌بدولكه‌ریم، جه‌وهه‌ر و موحسین عه‌لی و یاسین حوسێن (مولازم یاسین) ـی برازای به‌ ته‌واوه‌تی خۆیان بۆ شۆڕش و پشتوانیی و ئاگالێبوونی عه‌ریف عوسمان یه‌كلایی كرده‌وه‌ و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵیدا بوون.

عه‌بدولكه‌ریم عومه‌ری برازای له‌ دوای ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ـی ئاداری 1970 كه‌ ئه‌و كات گه‌نجێكی خوێنده‌وار وتازه‌پێگه‌یشتوو بوو، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵیدا بووه‌ و به‌شێكی زۆری كاروباره‌كانی ڕاپه‌ڕاندووه‌ و وه‌ك نووسه‌ر و خامه‌ی نهێنی كاری بۆ كردووه‌. هاوكات براكانی دیكه‌ی عومه‌ر، عه‌لی و حوسێن و فاتیمه‌ مه‌حمووده‌ڵڵای دایكیشی به‌ هه‌موو مه‌عنه‌وییاته‌كییانه‌وه‌ هانیان ده‌دا بۆ خه‌باتی سیاسی و شۆڕشگێڕی.