شۆڕشی ئەیلوول ترۆپکی ئیرادە و خۆنەچەماندن

جەنەڕاڵ بارزانی نەمر
جەنەڕاڵ بارزانی نەمر

11ـی ئەیلوولی 1961 چرکەساتی هەڵگیرسانی شۆڕشێکی لەناکاو و  بێناوەرۆک نەبوو، بەڵکو دەستپێکی شۆڕشێکی مەزنی سەرتاسەری کوردستانە کە نەک هەر باشوری کوردستان، بەڵکو هەموو پارچە داگیرکراوەکانی دیکەی کوردستان ئیلهامیان لەم ژیلەمۆی شۆڕشە وەردەگرت. شۆڕشی ئەیلوول ساتی وەگەڕخستنەوەی بزووتنەوەیەکی گەورەیی نەتەوایەتی کوردە کە چاوگەکەی ڕێبازی پیرۆزی بارزانە، کە فەترەیەک بەهۆی ڕۆشتنی بارزانی نەمر و هاوەڵەکانی بۆ یەکێتیی سۆڤیەتی جاران جۆرێک لە بێدەنگبوونی بەخۆیەوە بینیبوو.

دوای وەرگرتنی دەسەڵاتدارێتی عێراق لە لایەن (عبدالکریم قاسم) بە کودەتایەکی سەربازی لەساڵی 1958 یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی ئەوکاتە، گەڕاندنەوەی بارزانی نەمرو هەڤاڵەکانی بوو بۆ عیراق و کوردستان بە ئومێدی چارەکردنی پرسی کورد لەعێراقدا، قاسم خۆشی بۆ ئەم بابەتە هەوڵیدا بەڵام هەر زوو زاڵبوونی بیری شۆڤێنی و کاریگەری چواردەورەکەی هەموو باروودۆخەکانی پێچەوانە کردەوە و هەرچی ئەو مافانە بوو ئەوێ ڕۆژێ دەیانوت دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خەڵکی کوردستان، لێی پەشیمان بوونەوەو ڕۆژ بۆ ڕۆژ لەگەڵ کورد و پرسە ڕەواکەی خراپتر دەبوون تا وای لێهات سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و خەڵکەکەی ئەو زوڵم ستەمەیان قبوڵ نەکرد و شۆڕشی ئەیلوولی مەزنیان لەپێناویدا دەست پێ کرد.

ڕۆژگاری پێش هەڵگیرسانی شۆڕش ڕۆژانێکی ڕەش و تاڵی پڕکوێرەوەری بوو بەجۆرێک هەموو دامودەزگاکانی ئەو زەمانەی ڕژێمی عێراق شەڕی ڕوخاندنی ئیرادەی گەلی کوردیان دەکرد بۆ ئەوەی بەیەکجاری کۆتایی بە دۆزە ڕەواکەی بێنن، بەڵام هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول دڕی بەشەوە زەنگی تاریکیداو ئیرادە و ئومێدی بۆ گەلی کوردستان گەڕاندەوە.

ڕێکەوتنی 11ـی ئازاری 1970ـی نێوان شۆڕش و دەوڵەتی عێراق یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشە مەزنەیە کە وەک بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە و بۆیەکەمجار لەمێژووی دروست بوونی دەوڵەتی عێراقەوە بەفەرمی دانی نا بە بەشێک لەمافەکانی گەلەکەماندا، ئەم دەستکەوتە بەرهەمی نۆ ساڵ خەباتی بێ پسانەوەی بەردەوام بوو کە سەرەنجام دەوڵەتی عێراقی ناچار بە گفتووگۆ و ڕێککەوتن کرد.

شۆڕشی ئەیلوول تەنها شۆڕشێکی سەربازی نەبوو بەڵکوو شۆڕشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی مەزن بوو کە لەسایەیدا گەشەندنی گەورە بەدەست هاتن. لەسەر ئاستی سیاسی جارێکی دیکە خەڵک ئومێدی بۆ گەڕایەوە و لە نائومێدی ڕزگاری بوو، لە ڕووی کۆمەڵایتیشەوە دژی زۆر بابەتی ناشرینی کۆمەڵایەتی بوو لەوانە زوڵمی سیستمی ئاغا و دەرەبەگ بەرامبەر خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت. دیاردەی ژن بەژن و بە زۆر بەشوودان و گەورە بە بچوک، زۆرێک لە کێشە کۆمەڵایەتیە گەورەکانی نێوان عەشیرەتەکانی چارە كرد و کۆتایی پێ هێنا. مافی بۆ چینی هەژار و کەم دەرامەت گەڕاندەوە و زەوی و زاری ئەم وڵاتەی لە پرۆسەی چاکسازیی کشتوکاڵیدا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش کرد و کۆتایی بە  قیتاعاتی زەوی و پاوانخوازی ئاغا و دەرەبەگەکان هێنا.

لە هەموو ڕوویەکەوە کاتێک ئاوڕ لە مێژووی شۆڕشی ئەیلوول دەدەیتەوە دەبینیت پڕە لە دەستکەوت و گەورەترین دەستکەوتیشی ژیاندنەوەی ئیرادەی گەل و گیانی بەرخۆدان و خۆنەچەماندن بوو.