حزبی بەیاننامە یاخود کارنامە

دیمەنێکی شاری سلێمانی
دیمەنێکی شاری سلێمانی

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی نێوان (پارتی، یەکێتی و گۆڕان)ـە کە کارنامەیەکی گشتگیر، گرێبەستی ئەم ڕێککەوتنەیە، بە جۆرێک هەر هێزێکی سیاسی بەشێک لە ئەجێنداکانی خۆی لەو کارنامەیەدا جێکردووەتەوە و بڕیاربوو هەمووان پێکەوە کار بۆ جێبەجێکردنی کۆی کارنامەی ڕاگەیاندراوی کابینەکە بکەن کە لەبەردەم پەرلەمانی کوردستاندا خوێندرایەوە.

 لە سەرەتای دەستپێکی کابینەکەوە هەمووان بەشان و باڵی کابینەکە و خودی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا هەڵیاندەدا و ڤیدیۆی لێدوانەکانیان شاهێدێکی حاشاهەڵنەگری ئەو ڕاستیەن، بەڵام هەر دوای ئەوەی سەرۆکوەزیران دەستی برد بۆ چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی فەساد و گەندەڵی و ڕێگریکردن لە بردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بۆ چەند گرووپ و گیرفانێک هاوکێشەکە، پێچەوانەبوویەوە و هەموو ئەوانەی بەرژەوەندییەکانیان کەوتە خەتەرەوە کەوتنە سەنگەر گرتن لە خودی سەرۆکوەزیران و کابینەکەی.

 هەرێمی کوردستان لەماوەی نزیک بە پێنج ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی زۆر قەیران و ئاستەنگ و ئاریشەی جددی بوویەوە و بەشی هەرەزۆری کێشەکان لە دەرەوەی ئیرادە و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە بوو، بەڵام بەداخەوە برادەرانی یەکێتی لە هیچ ئاریشەیەکدا نەک شانیان نەدایە بەر باری ئەو ئەرکە قوڕسانەی هاتنە پێشەوە، بەڵکو بۆخۆشیان بوون بە بار بەسەر کابینەکەوە و هەر زوو سەنگەریان لە کاک مەسرور و کابینەکەی گرت.

یەکێتی بەشێوەیەکی ڕێکخراو لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە و بەشێک لە ڕەوەندی کوردی هاندەدا بۆ دژایەتیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا لەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناشرینی بکەن و لەسەر ئاستی سۆشیاڵ میدیا و ڕاگەیاندن دونیایەک مرۆڤی بوودەڵەیان بەناوی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و چالاکوانی سیاسییەوە بەردایە گیانی کابینەی نۆیەم و لەسەر ئاستی ناوخۆش ئامادەنەبوون یەک دینار داهاتی سنووری ژێردەسەڵاتی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا خزمەتی هاونیشتمانیانی پێبکرێت.

 لەسەر ئاستی عێراقیش، ئەوان هەر لەمێژە پێشنیازی بڕینی بودجە و مووچەی کوردستانیان بۆ بەغدا کرد و ئێستاش هەموو ڕۆژێک لەگەڵ کلدانی و موشتەقاتەکانی کلدانیدا داوا لە حکوومەتی سودانی دەکەن مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان نەنێرن کێشەی بۆ دروستبکەن بە ئومێدی ئەوەی کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر دەنگەکانی پارتی لە هەڵبژاردنی بیستی ئۆکتۆبەر هەبێت، ئەوجا وەرە سەیری نزمی ئاستی ئەم بیرکردنەوە و مۆراڵە، سکی هاونیشتمانییەکانت برسی بکەیت لەپێناو کێبڕکێی سیاسیدا!

پارتی نزیک بە پێنج ساڵی ڕابردوو سەبری لەسەر هەموو خروقات و پێشێلکاری و پیلانگێڕییەکانی یەکێتی هەبووە بەڵام ئێستا کە نزیک بووینەتەوە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، یەکێتی دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی پڕ لەچەواشەکارانە و هەر ڕۆژە و بەناوی چاوگێکی نادیاری میدیایی حزبەکەیانەوە خەریکی ڕژاندنی ژەهری ناڕاستی و چەواشەکارانەن و دەیانەوێت دۆخی خراپی نێوخۆیی خۆیان بەم جۆرە لە بەیاننامە و دژبەربوونە ناڕاستە چاک بکەنەوە، بێشک بەشی هەرە زۆری ئەو بەیاننامانەی یەکێتی بە مەبەستی زیاتر هاندانی ئەندام و دەنگدەر و لایەنگری خۆیانە چونکە ئەوان لەوەتەی هەن وەها خەڵکی خۆیان گۆش کردوە کە بەردەوام دژە پارتی، لەم پێناوەشدا سڵ لە هیچ شتێک ناکەنەوە.

ئێستا کە نزیک دەبینەوە لە کۆتایی کابینەی نۆیەم و دەستپێکردنی هەڵبژاردنی ئاییندەی پەرلەمانی کوردستان ئەگەر خوێندنەوەیەکی زانستییانە بۆ کۆی تەمەنی کابینەی نۆیەم بکەیت، بۆت دەردەکەوێت یەکێتی نەک دەستباری دۆخە سەخت و دژوارەکان نەبوون بەڵکو بۆخۆشیان بارێکی گران بوون بەسەر حکوومەت و سەرۆکوەزیران کابینەی نۆیەمەوە یەکێتی لەم ماویەدا ئەوەندەی خەریکی بەیاننامەبووە ئەوەندە خەریکی جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت بووایە ئێستا دۆخی کوردستان جۆرێکی دیکە دەبوو، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمانە حزبی بەیاننامەن نەک کارنامە.