31ـی ئاب لەنێوان گوتاری پۆپۆلیستیانەی یەکێتی و شرۆڤەی زانستییانەدا

31ـی ئاب لەنێوان گوتاری پۆپۆلیستیانەی یەکێتی و شرۆڤەی زانستییانەدا
31ـی ئاب لەنێوان گوتاری پۆپۆلیستیانەی یەکێتی و شرۆڤەی زانستییانەدا

جارێ پێش هەمووشت ئێمە نابێت هیچ پەڕەیەکی شەڕی نەگریسی خۆکوژی و براکوژی بۆ ئەوە باس بکەین خوێ بکەینە سەربرین و زامی کۆن نوێ بکەینەوە، بەپێچەوانە دەبوو زۆر پێش ئێستە ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندایەو وەک مێژوویەکی جێهێڵراو تەماشامان بکردایە، بەڵام پێویستە بە دیدێکی زانستییانە هەموو هۆکار و دەرەنجام و ڕەهەندەکانی ئەو ڕووداوە بخەینە بەر شرۆڤەی شیکاریی زانستییەوە نەک هەموو ساڵێک بیکەین بە ڕیکلامی عاتیفیانەو شەڕە دەنوکی بێ ماناو هۆکارێک بۆ ئاڵۆزترکردنی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی.

31ـی ئاب ئەگەر بەدیدێکی زانستیانە شرۆڤەی بکەین دەگەین ئەو ئەنجامەی کە ئەویش ڕۆژێکی دانەبڕاوە لە ڕۆژەکانی جەنگی نەگریسی ناوخۆ و پەرچەکرداری مانەوەی هێزێکی سیاسی گەورەی کوردستانە کە بەشێکی گرنگی پنتەکانی دەسەڵات و جوگرافیایەکی فراوان کوردستان  و مێژوویەکی دوور و درێژی لەنێو بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد و کومەڵگەی کوردەواریدا هەیە و بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی لەبەر دەستن، کە بەرپرسانی یەکێتی بۆخۆشیان دانیان پێداناوە و دەتوانرێت بۆ توێژینەوەی زانستییانە سیاسی ئەو ڕووداوە سوودی لێوەربگیرێت ئەوەیە کە، یەکێتی نیشتیمانی بە هاوکاری هێزێکی زۆری سوپای پاسدارانی ئێران و بە چەک و جبەخانەیەکی زۆر بەهێزی ئەو وڵاتەوە داخڵی خاکی کوردستان بوون و لە سەنگەرەکانی یەکێتییەوە دەستیان بە بۆردومانکردنی سەنگەرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و تەنیا لە شەوی (16ـی ئابی  ساڵی 1996) سەدان پێشمەرگەریان شەهید کرد، نەک هەر ئەوە بەڵکو پیلانی یەکێتی و ئێران کۆتایهێنان بوو بە پارتی و کۆنترۆڵکردنی تەواوی هەرێمی کوردستان بوو، بە جۆرێک کە دواتر هەمووی تەسلیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بکرێت.

 لە بەرامبەردا پارتی زۆری لەگەڵ ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان و نوێنەری UN دا بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو تەداخولاتانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دابنرێت و هاوسەنگییەک بگەڕێنرێتەوە و  سوودی نەبوو یەکێتی و هێزەکانی ئێران و بەردەوام بوون لەسەر پێشڕەوی و کارگەیشتە ئەوەی هیچ پەناگەیەکی ئارام و پارێزراو بۆ پارتی نەمایەوە، سەرەنجام و دوای ئەو هەموو هەوڵە و ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە هێنانی سوپای پاسداران لەلایەن یەکێتییەوە بۆنێو خاکی هەرێمی کوردستان بەزاندنی هەرچی سنووری یاسایی نێودەوڵەتی هەیە لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان  بەشێکە  لە دەوڵەتی عێراق بۆیە پارتی بە ناچاری داوای لە حکوومەتی عێراقی کرد بۆ ئەوەی داگیرکردنی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە ڕابگیرێت ئەوانیش ڕازی بوون و سەرەنجام هێزەکانی سوپای پاسداران و یەکێتی توشی شکست هاتن و لەسەیرانبەنی ئێران خۆیان گرتەوە.

ئەوەی لەم ڕووداوەدا پرسیاری جدییە و هەقی هەڵوەستە لەسەرکردنی هەیە، ئایا هێزەکانی سوپای عێراق لە ناو هەولێردا مانەوە و هەولێریان تسلیمی پارتی کوردستان نەکردەوە؟

پرسیارێکی دیکەی جەوهەری ئەوەیە سەرەڕای بڕیاری قەدەغەی فڕین دژی عێراق خێرە بە بەرچاوی ئەمەریک او هاوپەیمانیانەوە هێزی عێراقی دێنە سنووری هەرێمی کوردستان و هیچ وەڵامێکیان ناردووە یاخود ڕێگەیان لێ ناگیرێت؟

پرسیارێکی دیکە ئەوەیە ئایا هەولێری پێش 31ـی ئاب و هەولێری دوای ئەو ڕۆژە یەک هەولێرن؟

بێگومان هەر دوای ئەوەی سوپای پاسداران و کوردستانی جێهێشت و مەترسی داگیرکردنی کوردستان لەلایەن ئەو وڵاتەوە نەما هێزەکانی سوپای عێراق هەولێر و کوردستانیان جێهێشت و گەڕانەوە ئەو دیوو (هێڵی 36) و یەک سەربازی عێراقیش لە کوردستان نەما و، هەولێر بە سەر بڵندییەوە وەک پایتەختی باشووری کوردستان مایەوە.

 بێگومان ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیشی لەوە تێگەشتن کە خەتەرەکە جدییە و نییەتی ئێران داگیرکردنی کوردستانە وەک ناوچەیەکی جێۆستراتیجی گرنگ  بۆیە هیچ وەڵامێکی بەزاندی سنووری (هێڵی 36) یان لەلایەن سوپای عێراقەوە نەدایەوە ڕێگەیاندا بۆئەوەی پیلانی ئێران بۆ کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان سەرنەگرێت و بەمەش کوردستان بە پارێزراوی بمێنێتەوە

بە بڕوای من ئەرکی ناوەندە زانستییەکانە بە دەیان توێژینەوەی زانستیان لەسەر (31ـی ئاب) بکردایە بۆ ئەوەی زۆر زانستییانە وەڵامی هەموو ئەو چەواشەکاریانەی یەکێتیان بدایەتەوە کە نزیک بە سێ دەیەیە دەیڵێنەوە وەک قەوانی سواو ئەم ڕووداوەیان کردووە بە تاڵە مووەکەی مەعاویە و زۆرجاریش ویستراوە بەم هەڵا میدیاییە جارێکی دیکە بمانگەڕێننەوە بۆ ڕۆژگارە تاریکەکانی شەڕی ناوخۆی کوردستان و ببەن بۆ تونێلێک کە ئەوسەری دیار نییە.

ئەوەی لێرەدا یەخەی ئەو هاتوو هاوارەی یەکێتی دەگرێت ئەوەیە ئەو خێرە بۆ ئێوە ڕەوابێت لە جەنگێکی ناوخۆیدا وڵاتێکی دراوسێ بە چەک و جبەخانەوە بهێننە سەر کوردستان و شەڕی براکانتانی پێبکەن لەکاتێکدا باشوری کوردستان بەشێک نییە لە ئێران، بەڵام بۆ هێزی بەرامبەر نادروست و ناڕەوایە سوپای ئەو دەوڵەتەی کە هێشتاش بەشێکین لێی سوپاکەی بێنن بۆ دەرکردنی سوپای وڵاتێکی جیران و دراوسێ؟