دژوار فایهق
نووسەر
"ئۆپۆزیسیۆنی نیشتیمانی"
لە سنووری هەر وڵاتێک و دەسەڵاتێک بوونی ئۆپۆزسیۆنی کارا و وشیار زۆر گرنگ و پێویستە، دەتوانم بڵێم پێویستی ژیانی ڕۆژانەیە، بوونی ئۆپۆزیسیۆن سیمایەکە لە سیماکانی سیستەمی دیموکراتی، لە هەر وڵاتێک ئۆپۆزیسیۆن بوونی نەبێت دیموکراتییەکەی پڕ دەبێت لە کەموکوڕی، بەڵکو ئەکەوێتە ژێر پرسیار و گومانەوە.
ئۆپۆزیسیۆنێک لە بەرژەوەندیی خەڵک و وڵات بێت دەبێت نیشتیمانی بێت، بابەتییانە بیر بکاتەوە واقیعیانە هەڵوێست وەربگرێ، هەڵوێستێک دوور لە دەمارگیری لە کینە و بوغزی سیاسی دوور لە تۆڵەسەندنەوە و پیلان و ئاژاوەگێڕی دوور لە ئەجێندا و دەستوەردانی دەرەکی .
دوو جۆرە ئۆپۆزیسیۆنی نیشتیمانی هەیە
1- ئۆپۆزیسیۆنی لەناو پەرلەمان: لە سیستەمی دیموکراتی و فرە حزبیدا، هەڵبژاردنی ئازاد دەکرێ ژمارەیەک حزب و لایەنی سیاسی و کەسایەتی بێلایەن سەرکەوتن بەدەست دێنن و دەچنە ناو پەرلەمان، براوەی یەکەم ڕادەسپێردرێ بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری ئەوان لەگەڵ حزب و کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان دەکەونە گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی داهاتووی حکوومەت و پێکهێنانی کابینە نوێیەکە، هەندێک لەو حزب و کەسایەتییانە بەژداری حکوومەت دەکەن ڕەزامەندیی لەسەر بەرنامە حکوومییەکە دەدەن و دەبنە بەشێک لە حکوومەت بەرگەی هەموو کارە ئەرێنی و نەرێنیەکانی ئەو حکوومەتە دەکەن و بەرگریی لە بەرنامەکەی دەکەن تا ئەو کاتەی لە حکوەمەت بەژدارن.
بەڵام هەندێک لە لایەنی سیاسی و کەسایەتییەکان بە بەرنامە حکوومییەکە ڕازی نابن یان بەو پۆستانە ڕازی نابن کە پێیان دەدرێت، دەبنە ئۆپۆزیسیۆن وەکو کاری سروشتی خۆیان لەناو پەرلەمان کاردەکەن بۆ دەرچوواندنی کۆمەڵێک بڕیار لە خزمەتی جەماوەر بێت بگونجێ لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی و قەوارەی دەوڵەت، هەروەها ڕێگریی دەکەن لەهەر بڕیارێک کە بە بۆچوونی ئەوان دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و وڵاتە هەروەها وەک کاری ڕۆژانەی خۆیان چاودێریی ئەدای حکوومەت دەکەن و، ڕەخنە دەگرن لەهەر شوێنێک پێویست بێت خەڵک و شەقام لە کارە نەرێنیەکانی حکوومەت ئاگادار دەکەنەوە ئەگەر هەبوو لەسەر بنەمایی یاسایی و مەوزووعی، لە هەمان کاتدا پرۆژەی چاکسازیی و پرۆژەی جێگرەوە دەدەنە بەردەست خەڵک و حکوومەت، لە ململانێ دەبن لەگەڵ حکوومەت و دەسەڵات بەڵام دژی نابن کۆسپی بۆ دروست ناکەن و جەماوەرش چەواشە ناکەن،کار لەسەر خزمەتگوزاری و مافی هاووڵاتییان دەکەن بۆ ئەوەی هەمیشە دووربن لە چەواشەکاری لە بەرژەوەندی کەسی و حزبی و ئەجێندای دەرەکی.
2- ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی پەرلەمان: حزب و لایەنە سیاسی و کەسایەتییە سەربەخۆکان دەگرێتەوە، بە تایبەت ئەوانەی کە دەنگ ناهێنن بۆ پەرلەمان و لە دەرەوەی پەرلەمان دەبنە ئۆپۆزیسیۆن لە ململانێی ڕۆژانە دەبن لەگەڵ دەسەڵات، پەڕلەمان، حکوومەت چاودێریی دەکەن ڕەخنە دەگرن شەقام لەهەڵە و کەمتەرخەمییەکانیان ئاگادار دەکەنەوە ئەگەر هەبوو. بەهەمان شێوەش ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندکاران و سۆشیاڵ میدیا و ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی NGO ئەمانەش ئەچنە پاڵ ئەم بەشەی دووەمی ئۆپۆزیسیۆن کە لە دەرەوەی پەرلەمانە هەموویان بەیەکەوە دەبنە ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتیمانی ئەگەر بەم شێوەیە بێت پێویستە دەسەڵات گووێیان لێبگرێ تێبینی و ڕەخنەکانیان بەهەند وەربگرێ و بیکاتە بەشێک لەبەرنامە و چاکسازییەکانی خۆی لە داهاتوودا.
ئەم دوو جۆرە ئۆپۆزیسیۆنبوونە دەبنە پرۆژەیەکی نیشتیمانی بۆ خزمەتکردنی جەماوەر، پاراستنی دەسکەوتەکان خزمەتکردنی ئاسایشی نەتەوەیی چاودێری کردن و ڕەخنەگرتن لە حکوومەت و پەرلەمان. دەسەڵاتی باش و مەوزوعیش ئەوەیە کە گوێیان لێ بگرێ کۆسپ و تەگەرەیان بۆ دروست نەکات و فشار نەکاتە سەریان لەسەر هەڵوێستەکانیان و ڕێز لە هەڵوێست و بۆچوونەکانیان بگرێت و لەکوێش گونجاو و پێویست بوو سود لە ڕەخنە و تێبینیەکانیان وەربگرێت .
لە ڕاستیدا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی باش بەهەڵوێستی چاک و واقعی ئەتوانن سەرنجی شەقام ڕابکێشن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو سەربکەون و بچنە نێو حکوومەت و پەرلەمان. ڕاستگۆیی ئەوانیش ئەوکاتە دەرەکەوێت کە چوونە دەسەڵاتەوە کار بەو پڕۆژە و بەرنامە و هەڵوێستەکانی خۆیان بکەن کە جەماوەر ڕێزی لێگرتن پاڵپشتی کردن چوونە دەسەڵاتەوە،نەک کە سەرکەوتن کار بۆ گیرفان و بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی بکەن.
لە کۆتایدا دەڵێم لە هیچ شوێنێکی دوونیادا نەبووە و نییە لایەنی سیاسی یان کەسایەتی سیاسی تا دەوامی فەرمی حکوومەت لەگەڵ دەسەڵات بێت و دەسەڵاتدار بێت بە فعلی پاش تەواو بوونی دەوامی فەرمی خۆی وەکو ئۆپۆزسیۆن نیشان بدات دژایەتی ئەو حکوومەت و پەرلەمانە بکات کە خۆی بەشێکە تێیدا، لەکاتێکدا دەتوانێ سەرنج و ڕەخنەی خۆی لە کۆبوونەوە فەرمییەکان لەناو حکوومەت و پەرلەمان نیشان بدا،کە ئەمە ناکات جێی پرسیارە، نەک خۆڵکاتە چاوی جەماوەر و بیەوێت بیانگەوجێنێ، چونکە ئەو جۆرە لایەنی سیاسی و کەسایەتییانە لەناو حکوومەت و دەسەڵاتیش بن کە بینیان حکوومەت لە بەرنامەکەی خۆی کە دەنگی پێدراوە و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە لێی لادەدا یان جێبەجێی ناکا ئەو کاتە پێویستە دوای ئاگادارکردنەوەی حکوومەت جارێک و دووان و سێیان ئەتوانن هەڵوێست وەربگرن لە کۆبوونەوە فەرمییەکان پاشانیش بۆ شەقام ڕای بگەیەینن، بڵێن: ئێمە ئەکشێینەوە لەم حکوومەتە چونکە بەرنامە و بەڵێنەکانی جێبەجێ ناکات نەک لە حکوومەت بمێنەوە پلە و پایە و ئیمتیازاتی زۆر وەرگرن بێدەنگ بن، بەڵام لە دوای دەوام خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆن نیشان بدەن، ئەو جۆرە لایەنە سیاسی و کەسایەتییانە بە ئینتیهازی و بەرژەوەندییخواز و بێ بەرنامە لەقەڵەم دەدرێن. جەماوەریش چیتر بڕوای پێیان نابێت.