دژوار فایهق
نووسەر
ماددەی 140 دەستووریە
ماددەی 140 نەخشەڕێگایەکی دەستووری و یاساییە بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەی ڕاگواستنی زۆرەملێیانەی کوردان دەستبەسەراگرتنی ماڵ و موڵک و زەوی و زەوی جوتیاران و گۆڕینی دیموگرافیای شارە کوردنشینەکان بە تایبەتی کەرکوک ئەم ماددەیە لە 3 قۆناغ پێکدێت :
یەکەم ئاسایی کردنەوە
دووەم سەرژمێری لەسەر بنەمای تۆماری 1957
سێیەم ڕاپرسی
لە ماددەی 140 دا هاتووە هەتا قۆناغی یەکەم جێبەجێ نەبێ هەنگاو نانرێ بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەم و سێیەم.
قۆناغی یەکەم بریتیە لە گەڕانەوەی خەڵکە ڕاگوێزراوەکان ، قەرەبوکردنەوە ، گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵیان ، گەڕاندنەوەی زەویە کشتوکاڵیە داگیرکراوەکان ، ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان بە تایبەتی لە سنوری کەرکوک و بۆ نمونە گەڕاندنەوەی چەمچەماڵ و دووز و کفری و کەلار بۆ سەر کەرکوک ئەمەش دەسەڵاتی تایبەتی سەرۆک کۆمارە .
لێرەدا دوو کۆسپی زۆر گەورە هەیە یەکەم بابەتی قەرەبوو هەتا قەرەبوو تەواو نەکرێ هەنگاو بۆ قۆناغی دووەم نانرێت بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە لە کۆبونەوەکانی لیژنەی ماددەی 140 لە بەغدا پێشنیارم کرد زەوی بدرێت بە هەموو ئەوانەی قەرەبوویان وەرنەگرتووە بە مەرجێک نرخی زەویەکە لە پارەی قەرەبووەکە کەمتر نەبێت ، ڕەزامەندی هەیە لەسەری ئێستا بابەتەکە لە ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە هەروەها ڕەزامەندیمان وەرگرتووە لەسەر بەخشینی زەوی بە هەموو ئەو ڕاگوێزراوانەی کە قەرەبوویان وەرگرتووە ، ڕەزامەندی ئەوەش هەیە ئێستا نوسراوەکە لای پارێزگاکانە بۆ تەرخان کردنی زەوی .
کێشەی دووەم بابەتی رەتکردنەوەی بڕیارەکانی گۆرینی دیموگرافیایە ئەمەش دەسەڵاتی تایبەتی سەرۆک کۆمارە ، من دووجار کۆبومەوە لەگەڵ بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق یەکەمیان کۆبونەوەیەکی فراوان بوو بە ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیر و ڕاوێژکاران کۆبونەوەی دووەم دوو قۆڵی بوو داوام لە بەڕێزیان کرد کە دەسەڵاتی دەستوری خۆی بەکار بێنێت لە پەلە کردن لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و بابەتی گۆڕینی دیموگرافیا لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و چارەسەر کردنی هەموو کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا .
پێویستە شاندی دانوستاندکاری کوردستان لە دوای هەڵبژاردن بە وردی ئەم بابەتانە لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان باسبکات بە تایبەتی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق وەکو مەرجێک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی چونکە ناکرێت چیتر بابەتی ١٤٠ دوابخرێت . واباشترە سەرۆکی داهاتووی لیژنەی ماددەی 140 کوردبێت ئەگەر ئەوە نەکرا جێگرەکەی کوردبێت بە دەسەڵاتی دارایی و ئیداریەوە یان مافی فیتۆی هەبێت لە کۆبونەوەکان بۆ ڕێگری لە هەر بڕیارێک پێچەوانەی ماددەی 140 بێت .
واتا دەنگدان بە سەرۆک کۆمار و کابینەی نوێی عێراق و سەرۆک وەزیرانی نوێ لەسەر بنەمای ڕەزامەندیان بێت لەسەر جێبەجێ کردنی ماددەی 140 وەکو خۆی چیتر دوای نەخەن .