کورد و ترس لە سەربەخۆیی.. ترسە یان بێ متمانەیی؟

کورد و ترس لە سەربەخۆیی.. ترسە یان بێ متمانەیی؟
کورد و ترس لە سەربەخۆیی.. ترسە یان بێ متمانەیی؟

ئەوەی لە کۆمەڵگەی کوردستان دەبیندرێت و لە هەمان کاتیش لە تاكەکاندا رەنگی داوەتەوە نەبوونی متمانەوە و باوەڕ بەخۆ نەبوونە. ئەم دیاردەیە تەنها کوردیی یان کوردستانیی نییە، دیاردەکە بێجگە لەوەی روویەکی پۆستکۆڵۆنیالانەی ھەیە و بۆ هۆکاری وەک کۆڵۆنیالیزم و داگیرکاری ئەوروپی دەگەڕێتەوە، هاوکات بۆ هۆکاری هەرێمیی و داگیرکاری هاوسێ و نەتەوە باڵادەستەکانیش دەگرێتەوە، کە بە هۆکاری نەتەوەیی و نزیکیی فەرەهەنگیی و زمان و ئایینیی و کولتوریی بەردەوام کاریان لەسەر نەهێشتنی متمانەی کورد بە خۆ کردووە، ئەمە بە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بێت. ھەرچەندە دیاردەی باوەڕبەخۆنەبوون، یان خۆ بەکەمزانیین لای رۆژھەلاتیییەكان زیاتر بە دیاردەیەکی رۆژهەڵاتیی دەناسرێتەوە، بەڵام دیاردەکە لە تەواوی کەمینە نەتەوەییەکان لە ئەفریقا و ئەمریکا و ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبیندرێت.

نەتەوەی كورد بەردەوام بە ھۆكاری جیا كار لەسەر لێسەندنەوەی متمانەبەخۆبوونی كراوە، ھۆكارەكان مێژوویی، ئایینیی، ئایینزایی، جوگرافیی یان سیاسین.

كاریگەرترینی ھۆكارەكانیش بریتییە لە ھۆكاری مێژوویی. كەمن ئەو كوردانەی كە باوەڕ پتەوبن بەو راستییەی كە نەبوونی پێكھاتەیەكی خۆبەڕێوەبردن لە ھەر شێوەیەك بێت تەنھا دیاردەیەكی سەدەی 20 و 21 یەكە و بەو شێوەیە نییە لە پەرتووكەكانی مێژوو دەخوێندرێت. ئەمەش لەتەك ھۆكارەكانی تر بیانوویەکە بۆ خۆ دزینەوە لە پرۆژەی نیشتمانیی یان نەتەوەیی. كورد ھەمیشە پێكھاتەیەكی ھەبووە تێیدا فەرمانڕەوایی خۆیی و نەتەوە و گرووپەكانی تریشی كردووە، كە لەگەڵی دەژین.. ئەو پێكھاتانە میرنشین یان شانشینی بچووك بوونە، ھاوشێوەی تەواوی جیھان بەر لە سەدەی بیستەم وداڕشتنی نەخشەی جیھانی نوێ. كەچی ئەو مێژووەی تاكی كورد تا ئێستاش دەیخوێنێت و گومان لە راستییەكەی ناكات، لە ژێر بەزەیی دووژمنە سیاسییەكانی وەك فارس و تورك و عەرەب نووسراوەتەوە و ئەوە رەتدەكاتەوە. ئەو نەتەوانەی بە شێوەیەك لە شێوەكان نەك تەنھا پەرە بە زلھێزیی خۆیان دەدەن، بەڵكوو لە ھەوڵی فراوانكردنی سنووریان بۆ ئەو سنوورانە دەدەن، كە چەندین سەدە لەمەوبەر داگیریان كردبوو.

ئەم كێشەیەی سەرەوە نەك تەنھا لەسەر بەرژەوەندیی كورد بووە، بەڵكوو تاكی كوردیشی بۆ تاكێكی بێ ھیوا و لاواز و بێمتمانە گۆڕیوە، كە لە جیاتی رێككەوتن و یەكێتی ناوەخۆیی، دەست بۆ بێگانەپەرستیی بەرێت. ھۆكارێكی تری ئەم فۆبیا و ترسە لە سەربەخۆیی یان خۆبەڕێوەبەریی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە نەتەوەكانی سەرەوە لە فارس و تورك و عەرەب نەك تەنھا دژی كورد، بەڵكوو دژی یەكتریش لە ھەوڵدان. دەرەنجام كوردیش لەو جوگرافییایەی تێیدا قەتیسكراوە، نەتەوەی دژی نەتەوەی باڵادەستیش بە دژ دەزانێت، یانیش لە ھەندێ باردا وەستان لەگەڵ دژی دووژمنەكان ھەڵدەبژێرن، كە گوایە "دووژمنی دووژمنم دۆستمە"، بەڵام ئەمە تەنھا سادەیی لە بیركردنەوەی سیاسیی نیشاندەدات.

ھۆكارێكی تری گرنگیی فۆبیا/ترس لە سەربەخۆیی، ئابوورییە. ھۆكاری ئابووریی یان دارایی یان مامەڵەكردن بە داھات ترسێكی تری گەلی كوردە. ھەمان ھۆكار پاڵنەرێكی باشیش بوو بۆ دابەزینی ھاوكێشەی دەنگی سەربەخۆیی خوازانی سكۆتلاندا لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی. ئەوان بەردەوام لە لایەن بانكەكانی بەریتانیاوە بە كشانەوە لە بازاڕەكانی سكۆتلاند دەترسێندران. لە كوردستانیش ھەندێك كەس و پارت بە پاساوی پێشبینییەكی وەھا و دروستبوونی گەندەڵیی بە داھات، سەربەخۆیی كوردستان بە باش نابینن، كە زیاتر لە كارتێكی سیاسیی و ئایدۆلۆجیی دەچێت.

ھۆكاری ئایینیش بە شێوەیەك لە شێوەكان كاریگەریی لەسەر كورد ھەبووە بۆ نەوەستان لە دژی "دووژمنە سیاسییەكان"ی گوایە دژی بەھا ئایینییەكانە. ئەم ھۆكارە لە ئێستا كاڵتربووەتەوە، چونكە زۆربەی كورد بە پارتە ئیسلامییەكانیشەوە باس لە پرۆژەی سەربەخۆیی دەكەن. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ھۆكاری ئایینیی ھۆكارێكی بەھێزە كە لە دژی سەربەخۆیی كوردستان کاری پێدەكرێت، چونكە ئەگەر كورد خۆیشی دەمارگیریی ئایینیی و ئایینزایی نەبێت، دووژمنەكانی بە ھۆكاری ئەوەی زۆربەی كورد موسڵمانی سوننەن دوو پاساو دێننەوە، یەكەم شیعەكانی عێراق ئێرانیش ئەوە بە دژی ھاوكێشەی مانگی شیعیی دەزانن و بە پرۆژەی ئیسرائیل و رۆژئاوا ناوی دەبەن. دووەم پاساو بەكارھێنانی ئایینە لە لایەن دەوڵەتە سوننەكانی وەك سعوودییە و توركیا، ئەگەر بە ئاشكرا دژی سەربەخۆییش نەوەستنەوە، دەیانەوێت كورد لەتەك سوننەكانی عێراق بمێنێتەوە و دیسان وەك فشار لە دژی ئێران بەكاری بھێننەوە.

لە كۆتاییدا بە لەبەرچاوگرتنی بەسەرهاتی ئەم 20 ساڵەی دواییە، كورد لە پارچە جیاجیاكانی كوردستان زیاتر بە ھۆكاری ئایدۆلۆجیی و دۆگمایی خۆیان لە پرسی سەربەخۆیی دزیوەتەوە. پارت ھەیە ئەمە بە مەترسیی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی دەبینێت، ھەیانە ئەمە بە بەسەرچوو و كۆن لەقەڵەم دەدات و باس لە یەكێتی نێوان گەلان دەكەن، ئەو گەلانەی بە لایەنی كەم 100 ساڵە بەھۆیانەوە كورد و كەمینەكانی تریش ئازار دەكێشن. ئەو پارتانەش ھەن، كە ھەوڵی سەپاندنی ھەژموونی خۆیان دەدەن و كەمتر كار لەسەر لایەنە ھاوبەشەكان دەكەن لە نێوانیان. ئەم ھۆكارانەش لەتەك ترسە دەروونییەكان وایان كردووە كورد ترسێكی نا راستی ھەبێت لەبەرامبەر ئەم بڕیارە چارەنووسسازە.