جیهانی نوێ.. پلانگێڕی نێودەوڵەتی؟ یان تیۆری پیلانگێڕی؟

جیهانی نوێ.. پلانگێڕی نێودەوڵەتی؟ یان تیۆری پیلانگێڕی؟
جیهانی نوێ.. پلانگێڕی نێودەوڵەتی؟ یان تیۆری پیلانگێڕی؟

جیهانی نوێ.. پلانگێڕی نێودەوڵەتی؟ یان تیۆری پیلانگێڕی؟

 

یادگار ئیسماعیل

 

روونە پێکهاتە و سیستمە کۆنەکەی جیهان، کە لە سەدەی رابردوو پلانی بۆ داڕێژرا بوو سەرکەوتوو نەبوو. ئێستا بیر لە پێکهاتە و سیستمێکی نوێی جیهان دەکرێتەوە و لە ئارادایە. ئەوەی رووسیا لە سووریا و عێراق بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی ئەنجامی دەدات هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا. هەردوو لایەن دەیانەوێت ناوچە و جوگرافیای ئێستا وەک و خۆی بهێڵنەوە، بە مەرجێک دەسەڵاتە کۆنەکان یان گۆڕاوەکان لە لایەن خۆیانەوە ئاڕاستە بکرێن. تاکە جیاوازیی نێوانیان تەنها لە چۆنێتی بەڕێوەبردن و بەڕێوەچوونی ئەو ناوچانە دایە. رووسیا، بۆ نموونە، هاریکاریی رژێمێک دەکات، کە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تاوانبارە و هێزە رۆژئاواییەکان و ناتۆش دەیانەوێت جۆرە فەرمانڕەواییەکی تر یان پەیڕەوێکی جیاوازی فەرمانڕەوایی لەو وڵاتە و وڵاتانی تریش دروست بکرێتەوە.

گومان هەڵناگرێت، رووسیا لە چەسپاندنی رووسیایی-بوون سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە شێوازە شوعییە ماتێریالیستییەکە، لە مێژە توانیوێتی نەتەوە، کولتوور و فەرهەنگەکان لە سنووری رووسیای فیدڕاڵ بتوێنێتەوە و هەستی ئایدیۆلۆجی پەرەپێداوە و زاڵ کردووە. هەروەها رووسیا کار لەسەر دروستکردنەوەی پێکهاتەیەکی هاوشێوەی یەکێتیی سۆڤێی جاران بە ناوی "یەکێتیی ئۆراسیا" دەکات. یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو کاولکاریی زۆری لێکەوتەوە و چەندەها ملیۆن کەس لەو پێناوە لە رووسیا بوونە قوربانیی. هاوکات، کیشوەر و هەرێمەکانی تری جیهانیش یەکێتیی هاوشێوە-پێکهاتەیان هەیە، وەک: یەکێتیی وڵاتە ئەفریقییەکان، یەکێتیی ئەوروپا، یەکێتیی دەریای هێمن و یەکێتیی ئەمریکا و ناتۆ، هتد... کە هەندێکیان لە پلان داڕشتندان و هەندێکیشان دەمێکە پێکهێندراون.

ئەمە هەموو بۆ ئەوەیە، کە جیهان بەرەو سیستمێکی نوێ ئاراستە بکرێت و دابڕێژرێتەوە، کە راستەوخۆ لەبەر داڕمانی سیستمە کۆنەکەی دابەشکاریی جوگرافیای جیهان لە دروست بوون دایە. هاوکات وڵاتە زلهێزەکان دەیانەوێت ململانێکانیان لە رووی ئابووریی و سیاسییەوە بەهێزتر بکەن هەژموونیان فراوانتر ببێت. ئەو پێکهاتە هێزییە مەزنانە یان یەکێتییانە چیتر جیهان بۆ هێز/پێکهاتە/دەوڵەتی بچووک دابەش ناکەنەوە، بەڵکوو ئەو پێکهاتانە پەلکێشی یەکێتییەکانیان دەکەن. دەرەنجام، وەک لە رووسیا و چین و کۆلۆنیالیزم روویاندا، نەتەوە، کولتوور، شارستانیی، زمان و تایبەتمەندیی ناوچەکان لە ناودەچن و فرەیی لەو تایبەتمەندیانەی سەرەوە نامێنن، هەر وەک لە سەدەی رابردوو روویاندا. ئەمەش تەواو پێچەوانەی بۆچوونی "مەهاتما گاندی" یە، کە داوای وەک-خۆ هێشتنەوەی کۆمەڵگە تایبەتەکانی دەکرد. بەڵام، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، هاوشێوەی سەردەمی کۆڵۆنیالیزمە و دەکرێت بە کۆلۆنیالیزم (داگیرکاریی نوێ)ی نوێ بێتە هەژماردن، چونکە ئێستا تەنها لەبەر بیرکردنەوە و هزری سیاسیی و ئایینیی کۆمەڵگە بچووکەکان هاوتاکان و هاوشێوەکانیان لە کۆمەڵگە هاوسێکان دەدۆزنەوە. لە بەرامبەردا لە تەواوی جیهانی دوای کۆڵۆنیالیزم و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەسەندکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ بەرامبەر "ئەوی تر"ی جیاواز، لاواز دەبێت و بەریەککەوتن روودەدات، وەک لە سووریا، عێراق، یەمەن و لیبیا و ولآتانی دیكەش. ئەمەش وایکردووە، ئەو وڵاتانە بەش بەش ببن، بەڵام لە بەرامبەردا دەبنە بەشێک لە وڵات یان کۆمەڵگەی هاوشێوە لە ئایین و سیاسەت، ئەگەر لە رووی جوگرافیشەوە نەبێت. ئەمەش زۆر مەترسیدارترە لە سەردەمی داگرکاری رۆژئاوایی، چونکە ئەو وڵات و کۆمەلگەیانەی بۆ وڵات و کۆمەڵگەی نوێ دابەش دەبن، هیچ هاوبەشییەک لەگەڵ بەرامبەرە جیاوازەکانیان نابینن و زیاتر بە بەربەست لە قەڵەمیان دەدن و ململانێی هەرێمیی زیاتر پەرە دەستێنێت.

بۆیە یەكێتییەكان لە: یەکێتیی وڵاتە ئەفریقاییەکان، یەکێتیی ئەوروپا، یەکێتیی دەریای هێمن و یەکێتیی ئەمریکا و ناتۆ، هتد... هەموویان بە ئامانجی سەرەوە و بەرەو هێزی زیاتر و دەوڵەتی مەزنتر ئاراستەی خۆیانیان گرتووەتە بەر. ئەمە بێجگە لەو راستییەی، کە داعش دەرەنجامە نەک هۆکار، سەرەرای ئەوەی داعش نەخۆشییەکی کاتیی رۆژهەڵاتی کۆمەڵگەی ئیسلامییە و سوود وەردەگرێت لە ناکۆکی لە پێناو هێز و بۆشایی هێز، ئاینزاگەرایی و بەریەککەوتنەکانی سیستمی جیهانی کۆن و نوێ.

بە گشتی ئەو ھۆكارانە رێگە خۆوشكەرن بۆ ئەوەی وڵات و پێکهاتەی جوگرافیی بە ناچاریی (بە هۆکاری ئایدۆلۆجی) یەکێک لەو ئاراستە و هێزانە هەڵبژێرن، ئەگینا رووبەڕووبونی تیرۆر، شەڕ و کێشەی ئابووریی دەبنەوە. زۆر جاریش ناوچەی کوردستان (وەک نموونەیەک) ببێتە قوربانیی و بکرێتە ئامانج.

دەکرێت بوگوترێت، کە جیهان پێویستی بە دەوڵەتی بچووک، پێکهاتەی سیاسیی بچووک، دەوڵەت و کۆمەڵگەی بچووکی سەربەخۆ و خاوەن تایبەتمەندی جیا هەیە، نەک دەوڵەت و هێزی مەزن، کە دەوڵەت و پێکهاتە و کۆمەڵگە و لایەنی بچووکتر دەکەن ئامانج و لە كولتوور و زمان و فەرھەنگی  خۆیان دەیان توێننەوە. هەروەها، ئەوە راستییەکی روونە، کە دەوڵەتی وەک: ئێران، تورکیا، بەریتانیا، چین و ئەمریکا لە مەترسیدا بۆ سەر ئەوانی دیکە، بەراورد ناکرێن بە وڵاتی وەک کوێت و لیخشتنشتاین و پاناما و تایوان و لۆکسمبۆرگ.

لێرەدا ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە، کە چۆن کورد بتوانێت خۆی بگونجێنێت و یەکێتیی ناو ریزی هێزەکانی دابڕێژێت، پلانی نیشتمانیی و نەتەوەیی هەبێت و دواجار سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت، تا بەلایەنی کەم، وەک باپیرانی لە سۆمەرییەکان و میدییەکان، زمان و کولتوور و مێژوو جوگرافیای لەدەست نەچێت و بە نەتەەوەیەکی لەناوچوو پێناسە نەکرێت. کوردستانی سەربەخۆ، دواجار لە بەرژەوەندیی فرە-کولتووریی و هەمەرەنگی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دایە و نموونەیەكی بێھاوتاش دەبێت.