ئازاد جندیانی
نووسەر
ناو وه‌ك ئامرازێک له جه‌نگ و ئاشتیدا
ناولێنانی حزب و فراكسیۆنه‌كان له پشتیه‌وه كلتورێك و مه‌رامێكی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماده‌گی هه‌یه
له دووهه‌فته‌ی رابردوودا، دوو رووداو سه‌رنجیان راكێشام، هه‌رچه‌نده له میدیا‌و سۆسیال میدیادا زۆر ره‌نگی نه‌دایه‌وە:
یه‌كه‌م: به‌رپرسێكی ئیمارات تانه‌و ته‌شه‌ری له فه‌رمانده‌یه‌كی سوپای عوسمانی دابوو، كه به‌ر له سه‌دساڵ له‌ناوچه‌ی جه‌زیره‌ی عه‌ره‌بی بوو، ئه‌و فه‌رمانده‌یه ناوی ( فخرالدین پاشا ) بوو كه له تویتێكی عەبدوڵڵا بن زایددا وا هاتبوو كه عوسمانی و توركه‌كان سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵكی ( مه‌دینه )یان دزیوه. له‌به‌رامبه‌ردا توركیا له باڵاترین ئاسته‌وه ( ئه‌ردۆگان ) لێی هاتنه ده‌نگ و ئه‌و فه‌رمانده عوسمانییه‌یان به پارێزه‌ری مه‌دینه‌ی منه‌وه‌ر ناساند. توركیا هه‌ر به‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ش نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو ناوی ئه‌و شه‌قام و ناوچه‌شیان گۆڕی كه له ئه‌نقه‌ره‌دا باڵوێزخانه‌ی ئیماراتی تیایه و ناوی جاده‌كه‌ی كرده ( مدافعی مه‌دینه ).
دووه‌م: ئه‌مریكاش له واشنتۆن دی سی ناوی ئه‌و شه‌قامه‌یان گۆڕی كه باڵیۆزخانه‌ی روسیای تیایه و به‌ناوی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی ئۆپۆزسیۆنی روسیا و ركابه‌ری پۆتنیان كرد كه ناوی بۆریس نمتیسۆف بوو، كه به‌ر له چه‌ند ساڵێك له نزیكی كۆشكی كۆماری روسیا ( كرملن ) تیرۆركرا .
شایانی باسه پێشووتریش له چوارچێوه‌ی ململانێی نێوان وڵاتاندا كاری له‌و جۆره كراوه. بۆ نموونه ئێران یه‌كێك له شه‌قامه‌كانی تارانی پایته‌ختی به‌ناوی ( خالد ئیسلامبولی ) یه‌وه كرد كه ئه‌نوه‌ر ساداتی سه‌رۆكی میسری كوشت. میسر خۆشی له ساڵی دوو هه‌زاردا ناوی ئه‌و شه‌قامه‌ی قاهیره‌ی گۆڕی كه باڵیۆزخانه‌ی ئیسرائیلی لێ بوو و به ناوی ( محمد الدره ) ی كرد كه ئه‌و مناڵه فه‌له‌ستینیه بوو به‌ده‌ستی سوپای ئیسرائیل كوژرابوو. له كوردستانی خۆشمان‌دا به‌مه‌به‌ستی رێزلێنان له‌و كه‌سایه‌تیه بیانیانه‌ی دۆستی كورد بوون و خزمه‌تیان به دۆزی كردووه، شه‌قام و شوێنی گشتیان به ناوه‌وه كراوه، بۆ نموونه له سلێمانی چوار ریانێك به ناوی ( معەمه‌ر قه‌زافی ) یه‌وه كرابوو كه له‌گه‌ڵ كوژرانیدا ناوه‌كه‌ی له‌سه‌ر چوار ریانه‌كه‌دا لادرا. هه‌روا ناوی جاده‌یه‌كی تر له سلێمانی و له هه‌ولێریش به ناوی دانیال مێترانه‌وه كراوه‌و قوتابخانه‌یه‌كیش له پایته‌ختی كوردستاندا به ناوی دانیاله‌وه كراوه‌كه دۆستێكی به‌رده‌وامی كورد بوو. ئه‌م هه‌واڵه تازه‌و كۆنانه‌م بۆ ئه‌وه ه‌ێنانه‌وه تا ئاماژه به‌وه بده‌ین كه ( ناو) یان ( ناولێنان ) ئه‌شێ وه‌سیله‌یه‌ك بێ بۆ ململانێ و جه‌نگێكی ده‌روونی و دپلۆماسی و بگره كلتوری، یاخۆ وه‌سیله‌یه‌ك بێ بۆ ته‌عبیر له په‌یوه‌ندی گه‌رم و گوڕی دپلۆماسی. ده‌ره‌نجام ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه ناولێنانی حزب و فراكسیۆنه‌كان و بگره تا ناونانی ئاسایی، له پشتیه‌وه كلتورێك و مه‌رامێكی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی یان .... ئاماده‌گی هه‌یه .