ئازاد جندیانی
نووسەر
خەباتی سەربەخۆیی لە جەردی (2025)دا
وا ڕاهاتوین، كە گەیشتینە سەرەساڵ، هەر یەكێكمان بە ڕووداوەكانی ژیانماندا بچینەوە، جا بە نوسین بێت، یان بە گێڕانەوە و بیرهێنانەوەی خودیانە. بێگومان زۆر کەس بە بەرنامە بێت، یان بێ بەرنامە، ڕووداوەکان لە ڕوانگەی کەسیی خۆی، یان فراوانتر لە تێڕوانینی كەسی ڕیزبەندی دەکات، ڕەنگە نەشكرێت هەموو ڕووداوەکان لە یەک پاکێجدا کۆبكرێنەوە، بەتایبەت كەڵكەڵە کەسیەکان، کە ویست و خەونی تاکەکەسین، تایبەتتریش گەنجەکان، کە پڕی خولیا و خەمی گەنجانەن، كەمیش لەگەڵ ئەوانی دیكە دەیدرکێنن. بێگومان ئەوانیش ڕوبەرێكی فراوان، یان بەرتەسک بۆ خەم و خەونە گشتیەکان تەرخان دەکەن. نەوەی ناوەند و ئێمەمانانی بەتەمەنداچوو، سەرباری خولیا و خەیاڵ و ئامانجی تایبەتی، كۆڵێك خەمی گشتیشمان لە باوەش گرتووە. هەڵبەت لەبەر جۆراوجۆریی خەم و خولیا تاکەکەسی و گشتیەكان و جیاوازیی تەمەن و ژینگەی کۆمەڵایەتی و کەلتوریەوە، دەكرێت هەڵاوێرکاری بکرێت، بەو كەسانەشەوە كە بێهوایی تەنگی پێ هەڵچنیون و خوونادەنە ئەوەی جەردی ساڵانەی بیر و كاری خۆیان بكەن، ئاخۆ چیان کردووە؟
من لەوانەم ساڵانە جەردی کردار و ڕەفتارەكانم دەکەم، بگرە هەڵژماری بیرکردنەوەکانیشم دەکەم، زۆربەی ئەو بیر و بیرکردنەوانە لای خۆم دەمێننەوە، یان جارجارە بە نوسین و لێدوان و کۆڕ و سیمینار دەریاندەبڕم. بەڵام لە تەوەرە (میحور)ی بیركردنەوەی خۆمدا، پرسێك هەیە تێیدا چاوەڕوانی خولی ساڵ و مانگ و ڕۆژی ناكەم، ئەویش ڕوانگەی کوردایەتیە، كە هەمیشە لەوێوە لە خۆم دەڕوانم، تا تێبگەم چەند كوردانە كار و بیرم یەكخستوە. لەمبارەوە لەگەڵ خۆم و ئێوەدا ڕاستگۆ دەبم، کردار و ڕەفتار و بیرکردنەوەی کوردانە بەوە لێک دەدەمەوە، ئاخۆ لەو ساڵەدا بۆ سەربەخۆیی کوردستان چیم کردووە؟ هاوکات لەم مەسەلەیەدا، بە چاوی ڕەخنە لە خۆم دەڕوانم، تا بزانم: لە کوێ و لە چیدا بەرامبەر بیر و بزاڤی سەربەخۆیی هەڵەم کردووە، یان هەڵە بیرم کردووەتەوە؟ چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت، دانی پێدا بنێین یان نا، خەڵکی کوردستان لە ئاست و پێگە و ژینگەی جیاجیاوە، ڕۆژانە دەستوپەنجە لەگەڵ بیری سەربەخۆییدا نەرم دەکات. ئەوە هەر ئێمە نین خۆمان ئاوێتەی فەزای سەربەخۆیی دەکەین، بەڵکو لایەنەکەی دیكەش (داگیرکەر و نەیاری کوردستان) لەمەدا دنەدەرن. ئەوان لە ڕەفتار و سیاسەتی دوژمنکارانەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیاندا، بە هێزی ڕەق و هێزی نەرمیان، بەردەوام پەلكێشی سیاسەت و ڕەفتاری داگیرکەرانەمان دەکەن. ئەمە سەری بۆئەوە كێشاوە، کە سەربەخۆیی لە وشکە چەمک و خەون و دروشمەوە بکەن بە مەسەلەی بوون و نەبوون، ئەو بوون و نەبوونەی لە ئەزمونی هەموو چارەسەریەکانی خوار سەربەخۆییدا، شکستی هێناوە و بەردەوام (نەبوون)ی بەرهەمهێناوە و تۆخ و تۆختری کردووەتەوە.
ئەو جەردکردنەی ئاماژەمان پێدا، پڕۆسەیەک نیە تەنیا کورد وەک نەتەوە بەرپرسیاریەتیەكەی بکەوێتە ئەستۆ، بەڵكو واقیعی دیمۆگرافیای کوردستان لە هەموو پارچەکاندا نەتەوە و ئاینی جیاواز لەخۆ دەگرێت، ئەمەش ژیانی هاوبەش و داهاتووی هاوبەش دەسەپێنێت. بۆیە ئەوانی دیكەش لە کوردستان و بگرە لە دیاسپۆراش، ئەرکیانە لە پڕۆسەی بەردەوامی جەردکردنەکەدا، بەرپرسیاریەتی هاوبەش لەئەستۆ بگرن.
دەبێت ئەوەش بڵێم: ئەو پێشنیارە، یاخود ڕاستتر بڵێم ئەم بانگەوازەم، بۆ خۆدەرخستن نیە، بەڵکو دەمەوێت لە بەرامبەر ئەرک و ئامانجی سەربەخۆییدا، پڕۆسەیەکی ئەخڵاقی و ڕەفتارکارانە لە ئاستی تاک و كۆمەڵدا بەرهەم بهێنین، تا لەگەڵ کۆمەڵێک فاکتەری دیكەدا ببێت بەو هێزە مەعنەوی و مادیەی، سەرەنجامەكەی سەروەری و سەربەخۆیی کوردستان بێت.